ئەو فەرمانڕەوایەتییەی کە بەهەشت بەدیدەهێنێت
کاتێك عیسا لەسەر زەوی بوو بە قوتابییەکانی فەرموو، پێویستە لە پێناوی پادشاهێتی خودا نوێژ بکەن، «با پادشاهێتی تۆ بێت، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێ وەك لە ئاسمان» (مەتتا ٦:٩، ١٠). هەروەها عیسا بەردەوام دەربارەی مزگێنی ئەو پادشاهێتییە دەدوا (مەتتا ٤:٢٣)، لە ڕاستیدا پادشاهێتی خودای لە هەموو شتێك زۆرتر باسدەکرد. بۆچی؟ چونکە پادشاهێتی ئەو ئامێرەیە کە خودا بەکاریدەهێنێ بۆئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەربکات کە ئێستا ژیانیان سەخت کردووە. خودا بەهۆی ئەو پادشاهێتیەوە لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا کۆتایی بە جەنگو برسێتیو نەخۆشیو بەدکاری دەهێنێو ئاشتی دەهێنێتە کایەوە.
ئایا دەتانەوێ لە جیهانێکی ئاوادا بژین؟ ئەگەر وایە پێویستە ئەم بڵاوکراوەیە بخوێننەوە، ئەوکاتە بۆتان دەردەکەوێ کە پادشاهێتی فەرمانڕەوایەتییەکە، بەڵام فەرمانڕەوایەتییەکی باشتر لە هەموو ئەوانەی تا ئێستا فەرمانڕەوایەتی مرۆڤیان کردووە. هەروەها ئەو ڕێبازە سەرنجڕاکێشەرە دەبینن کە خودا بەهۆیەوە بەرەبەرە مەبەستەکانی خۆی دەربارەی پادشاهێتی بۆ خزمەتکارانی ڕوونکردۆتەوە. لەسەرووی ئەمەشەوە بۆتان دەردەکەوێ چۆن پادشاهێتی لەم سەردەمەی ئێستادا دەتوانێ یارمەتیتان بدات.
بەڵێ، ئێوە دەتوانن هەر ئێستا ببن بە کارمەندێکی پادشاهێتی خودا. بەڵام پێش ئەوەی ئەو بڕیارە بدەن پێویستە زۆر شت دەربارەی پادشاهێتی فێربن. بۆیە ئێمە هانتان دەدەین لەم بڵاوکراوەیە بکۆڵنەوە. ئەوەی ئێوە لەم بڵاوکراوەیەدا سەبارەت بە پادشاهێتی بەرچاوتان دەکەوێ هەمووی لە پەرتووکی پیرۆزدایە.
سەرەتا بابزانین بۆچی ئێمە بەو ئاستە بەرزە پێویستیمان بە پادشاهێتی خودا هەیە.
لەسەرەتای مێژووی مرۆڤایەتیدا، خودا مرۆڤی بەتەواوی ئافراندو لەبەهەشت جێگیری کرد. ئەو کات مرۆڤ هیچ پێویستییەکی بە پادشاهێتی خودا نەبوو.
یەکەمین دایكو باوکمان ئادەمو حەوا، گوێیان بۆ فریشتەیەکی یاخیبوو شل کرد کە شەیتانە. دەربارەی خودا درۆی بۆ کردنو توانی ئەوانیش لەخودا یاخی بکات. ئەوکات ئەوان شایەنی مردن بوون، «چونکە کرێی گوناه مردنە» (ڕۆما ٦:٢٣).
پیاوێکی ناتەواوی گوناهکار ناتوانێ منداڵی تەواو بەرهەم بهێنێ. کەواتە هەموو منداڵەکانی ئادەم ناتەواو بوونو بەگوناهکاری لەدایك دەبنو دەمرن (ڕۆما ٥:١٢).
لەو کاتەوە مرۆڤ پێویستی بە پادشاهێتی خودایە، بۆئەوەی لە نەفرەتی گوناه و مردن ڕزگار بکرێت. هەروەها ئەو پادشاهێتییە ناوی خودا لەو درۆیانە کە شەیتان سەبارەت بە خودا کردی پاك دەکاتەوە.
خودا بەڵێنی «تۆوێکی» (یاخود نەوەیەکی) بێهاوتای دا کە لەدایك دەبێ بۆئەوەی مرۆڤایەتی لە گوناه ڕزگار بکات. ئەو «تۆوە» دەبێتە پادشای پادشاهێتی خودا (پێکهێنان [١ موسا] ٣:١٥).
ئەوە دەبێ کێ بێت؟
نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ دوای ئەوەی کە ئادەم گوناهی کرد، پیاوێکی زۆر باوەڕدار هەبوو ناوی ئیبراهیم بوو. یەهوە فەرمانی بە ئیبراهیم دا شارەکەی بەجێبهێڵێو بەرەو خاکی فەلەستین بڕواتو لەوێ لەچادردا بژی.
ئیبراهیم هەموو فەرمانەکانی یەهوەی بەجێهێنا، تەنانەت شتێکی زۆر سەختیش. یەهوە فەرمانی بەئیبراهیم دا ئیسحاقی کوڕی لە پەرستگادا بکات بە قوربانی.
لەڕاستیدا یەهوە پێویستی بە قوربانی مرۆڤ نەبوو. بەڵام دەیویست بزانێ ئاخۆ ئیبراهیم خودای چەند خۆشدەوێ. لە کاتێکدا ئیبراهیم خەریکی ئەوەبوو کوڕەکەی سەرببڕێ یەهوە نەیهێشت ئەو کارە بکات.
بەهۆی ئەو باوەڕە پتەوەی ئیبراهیم، یەهوە بەڵێنیدا فەلەستین بداتە نەوەکانی ئیبراهیمو هەروەها فەرمووی «تۆوە» بەڵێندراوەکە لەڕێگەی ئیبراهیمو ئیسحاقی کوڕی دێت. پێکهێنان (پێکهێنان [١ موسا] ٢٢:١٧، ١٨؛ ٢٦:٤، ٥).
ئیسحاق دوو کوڕی دوانەی هەبوو، عیسۆ و یاقوب. یەهوە فەرمووی «تۆوە» بەڵێندراوەکە لە رێگای یاقوبەوە دێت (پێکهێنان [١ موسا] ٢٨:١٣-١٥).
یاقوب، کە یەهوە ناوی لێنابوو ئیسرائیل، دوانزە کوڕی هەبوو، دواتر ئەوانیش هەموویان منداڵیان پەیدا بوو. کەواتە منداڵەکانی ئیبراهیم ڕێژەیان زۆربوو (پێکهێنان [١ موسا] ٤٦:٨-٢٧).
لەکاتێکدا برسێتییەکی زۆر توندوتیژ لە ناوچەکەدا بەربڵاوبوو، یاقوبو خێزانەکەی لەسەر داخوازی فیرعەون بەرەو میسر ڕۆیشتن. (پێکهێنان [١ موسا] ٤٥:١٦-٢٠).
لەمیسردا دەرکەوت کە «تۆوە» بەڵێندراوەکە لە یەهوزای کوڕی یاقوب دەبێت (پێکهێنان [١ موسا] ٤٩:١٠).
لە کۆتاییدا یاقوب مردو نەوەکانی ژمارەیان زۆربوو، بوون بە نەتەوەیەك. ئەوکات میسرییەکان لێیان ترسانو کردیانن بە کۆیللەی خۆیان (دەرچوون [٢ موسا] ١:٧-١٤)
لە کۆتاییدا یەهوە موسای باوەڕپێکراوی نارد تاکو فیرعەونی ئەوسەردەمە ڕاسپێرێ ئیسرائیلییەکان بەئازادی بەڕێبکات (دەرچوون [٢ موسا] ٦:١٠، ١١).
فیرعەون ئەمەی رەتکردەوە، بۆیە یەهوە ١٠ بەڵای بۆ میسرییەکان نارد. دوا بەڵا فریشتەی مردن بوو، تاکو هەموو کوڕە نۆبەرەکانی میسرییەکان بکوژێ (دەرچوون [٢ موسا] بەشی ٧ تا ١٢).
خودا بەئیسرائیلییەکانی فەرموو، ئەوان دەبێ پێش نانیئێوارە بەرخێك سەرببڕنو هەندێ لە خوێنەکەی لەسەر دەرگای دەرەوەی ماڵەکانیان بدەن تاکو فریشتەی مردن بەلای خانووەکانیاندا تێپەڕێ. کەواتە بەو شێوەیە نەوەکانی ئیسرائیل پارێزران (دەرچوون [٢ موسا] ١٢:١-٣٥).
لەئاکامدا فیرعەون فەرمانی بەئیسرائیلییەکاندا لە میسر دەرچن. بەڵام دواتر پاشگەزبووەوەو بەدوایان کەوت تا بیانگەڕێنێتەوە.
یەهوە ڕێگای ڕزگارکردنی بۆ ئیسرائیلییەکان کردەوە بەناو دەریای سوردا. دواتر کە فیرعەونو سوپاکەی هەوڵیاندا بەدوایان بکەون خنکان (دەرچوون [٢ موسا] ١٥:٥-٢١).
یەهوە ڕێنمایی ڕۆڵەکانی ئیسرائیلی کرد تا گەیشتنە چیای سینا لە بیابانەکەدا. لەوێ یاسای خۆی پێشکەش کردنو فەرمووی، ئەگەر جێبەجێی بکەن، ئەوان پادشاهێتییەك لە کاهینان پێکدەهێننو دەبنە نەتەوەیەکی پیرۆز. بەم شێوەیە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا هەلیان بۆ ڕەخسا ببنە بەشێکی گرنگ لە پادشاهێتی خودا (دەرچوون [٢ موسا] ١٩:٦؛ ٢٤:٣-٨).
دوای ئەوەی ئیسرائیلییەکان ساڵێکیان لەبناری چیای سینا بەسەربرد یەهوە ئەوانی بۆ فەلەستین بەڕێکرد. ئەو خاکەی کە یەهوە بە ئیبراهیمی باوکە گەورەیانی بەڵێندابوو.
لەفەلەستیندا خودا ڕێگایدا ئیسرائیلییەکان لەلایەن پادشاکانەوە فەرمانڕەواییبکرێن. ئەوکات یەهوە پادشاهێتییەکی لەسەر زەوی هەبوو.
پادشای دووهەمی ئیسرائیلییەکان داود بوو کە یەکێ لە نەوەکانی یەهوزا بوو. داود بەسەر هەموو دوژمنانی ئیسرائیلدا سەرکەوتو ئۆرشەلیمی کردە پایتەخت بۆ نەتەوەکە.
لەڕووداوەکانی سەردەمی فەرمانڕەوایەتی داوددا دەرکەوت کە هەر پادشایەك بەرەکەتی یەهوەی لەگەڵ بێت هەمیشە سەرکەوتوو دەبێت. یەهوە فەرمووی «تۆوە» بەڵێنپێدراوەکە لەنەوەکانی داود دەبێت (١ هەواڵی ڕۆژان ١٧:٧، ١١، ١٤).
لەدوای داود سولەیمانی کوڕی فەرمانڕەوایەتی گرتەدەست. ئەو پادشایەکی دانا بوو. لەژێر فەرمانڕەوایەتی ئەودا ئیسرائیلییەکان پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینی.
هەروەها سولەیمان پادشا لە ئۆڕشەلیمدا پەرستگایەکی زۆر جوانی بۆ یەهوە دروستکرد. بارودۆخەکان لە ئیسرائیل لە ژێر فەرمانڕەوایەتی سولەیمان پادشادا هەندێ لەو بەرەکەتانەمان نیشان دەدەن کە مرۆڤ لەژێر فەرمانڕەوایەتی خودادا بەدەستی دەهێنێ (١ هەواڵی ڕۆژان ٤:٢٤، ٢٥).
بەڵام زۆربەی پادشاکانی دوای سولەیمان جێگای متمانە نەبوون.
لەکاتێکدا نەوەکانی داود لە ئۆرشەلیم هێشتا هەر فەرمانڕەوایەتییان دەکرد، یەهوە ئەشعیای پێغەمبەری ڕاسپارد دەربارەی ئەو ڕۆڵەیە بدوێت کە لە داهاتوودا دێت، کە لەسەرانسەری زەویدا بەڕاستیودروستی فەرمانڕەوایەتی دەکات. ئەوە «تۆوە» بەڵێنپێدراوەکەیە (ئەشعیا ٩:٦، ٧).
ئەشعیا پێشبینی کرد کە پادشاهێتییەکەی ئەو تەنانەت لەوەی سولەیمان شکۆمەندتر دەبێت (ئەشعیا بەشی ١١ و ٦٥).
ئەو کاتە خزمەتکارانی یەهوە زۆرتر لەهەر کاتێکیتر لەخۆیان پرسی ئەو «تۆوە» کێیە؟
پێش ئەوەی «تۆوەکە» سەرهەڵدا پادشاکانی ئیسرائیل ئەوەندە بەدکاربوون کە یەهوە لەساڵی ٦٠٧ ی پ. ز ڕێگایدا بابلییەکان بەسەر نەتەوەکەدا زاڵ بنو زۆربەیان بەرەو بابل دووربخرێنەوە، بەڵام خودا بەڵێنەکەی خۆی لەبیر نەچووبووەوە. «تۆوەکە» هێشتا لەنەوەی داود دەبێت سەرهەڵبدات (حزقیال ٢١:٢٥-٢٧).
ئەوەی کە بەسەر ئیسرائیلییەکان هات نیشانیدا کە هەرچەندە پادشایەکی دانای باوەڕپێکراوی مرۆڤانە دەستکەوتی زۆر بەدەستبهێنێ، هێشتا دەستکەوتەکان لە سنورێکی دیاریکراو دەرناچن. پیاوە باوەڕپێکراوەکان دەمرنو شوێنگرانیان لەوانەیە باوەڕپێکراو نەبن. چارەسەر چی بوو؟ «تۆوە» بەڵێنپێدراوەکە.
لەکۆتاییدا، دوای چەندین هەزارساڵ «تۆوەکە» سەریهەڵدا. ئەو کەسە کێ بوو؟
وەڵامەکە لە ڕێگای فریشتەیەکی خوداوە بەکچێکی ئیسرائیلی درا، ناوی مریەم بوو. ئەو پێی ووت: منداڵێکت دەبێتو ناوی عیسا دەبێت. فریشتەکە ووتی:
«ئەو مەزن دەبێت، بەڕۆڵەی خودا ناودەبرێت، خوداوەند خوداش تەختی داودی باوکی پێدەبەخشێ. هەروەها تاهەتایە بەسەر ماڵی یاقوبدا فەرمانڕەوایەتی دەکات» (لۆقا ١:٣٢، ٣٣).
کەواتە عیسا ئەو «تۆوەیە» کە بەڵێنپێدراوەو لەکۆتاییدا دەبێتە پادشای پادشاهێتییەکەی خودا. بەڵام بۆچی عیسا لە هەموو ئەو پیاوە باوەڕپێکراوانەی کە پێشتر ژیاون جیاواز بوو؟
عیسا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەدایك بوو، دایکی عیسا کچ بوو، هیچ باوکێکی مرۆڤانەی نەبوو. عیسا پێشتر لە ئاسمان ژیابوو، ڕۆحی پیرۆز یاخود هێزی کاریگەری یەهوە عیسای خستە ناو سکی مریەمەوە. بۆیە ئەو گوناهەکەی ئادەمی بەمیرات نەگرت، عیسا هەرگیز گوناهی نەکرد (١ پەترۆس ٢:٢٢).
کاتێ عیسا تەمەنی سی ساڵ بوو لەئاو هەڵکێشرا.
ئەو باسی پادشاهێتی خودای بۆ خەڵکی کردو لەکۆتاییدا خۆی وەك پادشای ئەو پادشاهێتییە ناساند. (مەتتا ٤:٢٣؛ ٢١:٤-١١).
هەروەها زۆر کاری سەرسوڕهێنەری کردو نەخۆشی چاك دەکردەوە (مەتتا ٩:٣٥).
بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە خۆراکی برسییەکانی دەدا (مەتتا ١٤:١٤-٢٢).
تەنانەت مردووەکانیشی زیندوو دەکردەوە (یۆحەننا ١١:٣٨-٤٤).
ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانە نیشانی دەدەن کە عیسا وەك پادشایەکی پادشاهێتی خودا چی بۆ مرۆڤایەتی دەکات.
لە بیرتانە کە داود پادشا ئۆرشەلیمی چۆن کردە پایتەختی ئیمپڕاتۆڕیەتییەکەی؟ عیسا ئەوەی شیکردەوە کە پادشاهێتی خودا لەسەر زەوی نابێ بەڵکو لەئاسمان (یۆحەننا ١٨:٣٦). بۆیە پادشاهێتییەکە پێی دەوترێ «قودسی ئاسمانی» (عیبرانیەکان ١٢:٢٢، ٢٨).
عیسا ئەو یاسایانەی دیاریکرد کە دارودەستەی پادشاهێتییەکە دەبێ پەیڕەویان بکەن. ئەو یاسایانە ئێستا لە پەرتووکی پیرۆزدان. گرنگترینیان ئەمانەن، خۆشەویستی بۆ خوداو خۆشەویستی بۆ یەکتری (مەتتا ٢٢:٣٧–٣٩).
هەروەها عیسا دەریخست کە ئەو بەتەنها دەسەڵاتی پادشاهێتییەکە ناگرێتە دەست، بەڵکو خەڵکێکی زۆر بۆ ئاسمان هەڵدەبژێردرێن تاکو لەوێ لەگەڵ عیسادا فەرمانڕەوایەتی بکەن (لۆقا ١٢:٣٢؛ یۆحەننا ١٤:٣). ژمارەیان چەندە؟ بینین ١٤:١ وەڵام دەداتەوە ١٤٤ ٠٠٠.
ئەگەر تەنها ١٤٤ ٠٠٠ بۆ ئاسمان بچن تا لەگەڵ عیسادا فەرمانڕەوایەتی بکەن، ئیتر چ هیوایەك بۆ کەسانی تر هەیە؟
پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «ڕاستودروستان خۆیان زەوی بەمیرات دەگرنو بۆ هەمیشە لەسەری دەمێننەوە (زەبور ٣٧:٢٩).
ئەوانەی بۆهەمیشە لەسەرزەوی دەمێننەوە بە «مەڕەکانی تر» ناودەبرێن (یۆحەننا ١٠:١٦).
کەواتە دوو هیوا بۆ دواڕۆژ هەیە. یەهوە خودا ١٤٤ ٠٠٠ کەس بانگەشەدەکات تا بۆ ئاسمان بچن بۆئەوەی لەگەڵ عیسای مەسیح فەرمانڕەوایەتی بکەن. بەڵام چەندین ملیۆنیتر هیواخوازن وەك دارودەستەیەکی پادشاهێتی خودا بۆ هەمیشە لەسەر زەوی بژین. (بینین ٥:١٠)
شەیتان ڕقی لە عیسا دەبووەوەو بەربەرەکانی دەکرد. دوای ئەوەی عیسا سێ ساڵونیو مزگێنی دا، شەیتان بەگرتیداو بەسەر کۆڵەکەیەکەوە بەکوشتیدا. بۆچی خودا ڕێگای بەمەدا؟
لەبیرتان بێت، ئێمە لەبەرئەوەی نەوەی ئادەمین، هەموومان گوناهکارینو شایەنی مردنین (ڕۆما ٦:٢٣).
هەروەها لەبیرتان بێت، کە عیساش بەهۆی کاری سەرسوڕهێنەری لەدایكبوونیەوە کەسێکی تەواوبوو و شایەنی مردن نەبوو. خودا ڕێگایدا شەیتان پاژنەیپێی بشکێنێ، واتە بیکوژێ. بەڵام خودا ئەوی وەك ڕۆحێکی نەمر زیندوو کردەوە. لەبەرئەوەی ئەو هێشتا مافی ژیانی مرۆڤانەی تەواوی هەر هەبوو، دەیتوانی ئەمە بەکاربهێنێ تاکو ئێمەی مرۆڤی گوناهباری پێبکڕێتەوە (پێکهێنان [١ موسا] ٣:١٥؛ ڕۆما ٥:١٢، ٢١؛ مەتتا ٢٠:٢٨).
بۆ یارمەتیدانمان تاکو بەتەواوی تێبگەین واتای قوربانییەکەی عیسا چییە، پەرتووکی پیرۆز لە ڕێگەی پێشبینیی وێنەییەوە دەدوێ.
بۆنموونە ئایا لەبیرتانە کە یەهوە ئیبراهیمی ڕاسپارد ڕۆڵەکەی قوربانی بکات، بۆئەوەی خۆشەویستییەکەی تاقی بکاتەوە؟
ئەمە پێشبینیەکی وێنەیی بوو لە قوربانییەکەی عیسا کە بەهۆیەوە نیشاندرا یەهوە مرۆڤایەتی ئەوەندە خۆشویست تەنانەت ڕۆڵەکەی خۆی، عیسای پێشکەش کرد، هەتا هەموو ئەوانەی باوەڕی پێدەکەن لەناونەچن (یۆحەننا ٣:١٦).
لەبیرتانە یەهوە ئیسرائیلییەکانی چۆن ڕزگارکردو نۆبەرەکانی پاراستن بەوەی کە فریشتەی مردنی بەلایاندا تێپەڕاند؟ (دەرچوون [٢ موسا] ١٢:١٢، ١٣).
ئەمە پیشبینیەکی وێنەیی بوو. هەروەك چۆن خوێنی بەرخەکە واتای ژیان بوو بۆ نۆبەرەکانی ئیسرائیل، خوێنی ڕژاوی عیساش واتای ژیانە بۆ ئەوانەی کە بڕوای پێدەکەن. هەروەك ڕووداوەکانی ئەو شەوە واتای ئازادی بوو بۆ ئیسرائیلییەکان، مردنی عیساش ئازادی لە گوناهو مردن بە مرۆڤایەتی دەبەخشێ.
بۆیە عیسا بە «بەرخی خودا» ناودەبرێ کە گوناهی جیهان لادەبات (یۆحەننا ١:٢٩).
بەڵام کاتێ عیسا لەسەر زەوی بوو، چەندین قوتابی کۆکردەوەو ڕایهێنان تاکو دوای مردنیشی لەسەر مزگێنیدانی ئەم پادشاهێتییە بەردەوام بن (مەتتا ١٠:٥؛ لۆقا ١٠:١).
ئەمانە یەکەم کەس بوون کە لەلایەن خوداوە هەڵبژێردران تاکو لەگەڵ عیسای مەسیح لەپادشاهێتییەکەدا فەرمانڕەوایەتی بکەن (لۆقا ١٢:٣٢).
لەبیرتانە کە یەهوە بەڵێنی بەئیسرائیلییەکان دا کە ئەگەر ئەوان پەیڕەوی یاساکە بکەن، پادشاهێتییەك لە کاهینان پێکدەهێنن؟ ئەوسا ئەوان هەلیان بۆ ڕەخسابوو ببنە بەشێك لەو پادشاهێتییە ئاسمانییەی خوداو وەك کاهینی ئاسمانی خزمەت بکەن، ئەوە ئەگەر عیسایان قبووڵ بکردایە.
بەڵام زۆربەیان عیسایان ڕەتکردەوە. ئیتر لەو کاتەوە یەهودیەکان نەتەوەی هەڵبژێردراوی خودا نەمان. ئیتر فەلەستین خاکی بەڵێنپێدراو نەما (مەتتا ٢١:٤٣؛ ٢٣:٣٧، ٣٨).
لەسەردەمی عیساوە تاکو ئێستا یەهوە ئەو کەسانەی کۆکردۆتەوە کە دەبێ لەگەڵ عیسادا لەئاسمان فەرمانڕەوایەتی بکەن. ئێستا چەند هەزار کەسێك لەوانە لەسەر زەوی دەژین کە ئێمە پێیان دەڵێین پاشماوەی دەستنیشانکراو (بینین ١٢:١٧).
ئێستا ئێوە دەبینن پادشاهێتی خودا چییە؟ فەرمانڕەوایەتییەکە لەئاسمان پادشاکەی عیسای مەسیحەو ١٤٤ ٠٠٠ یاوەری هەیە کە لە زەوییەوە هاتوون. فەرمانڕەوایەتی کۆمەڵگەی مرۆڤی باوەڕپێکراو دەکات لەسەر زەویو توانای ئەوەی دەبێ ئاشتی بێنێتە سەر زەوی.
عیسا لەدوا مردنی زیندووکرایەوەو بۆ ئاسمان ڕۆیشت. لەوێ چاوەڕێی کرد تا ئەو کاتە کە خودا پێیدەفەرمووێ وەك پادشا دەست بەفەرمانڕەوایەتی بکات (زەبور ١١٠:١). کەی ئەمە ڕوودەدات؟
هەندێ جار یەهوە لە ڕێگای بەکارهێنانی خەونەوە زانیاری دەربارەی پادشاهێتییەکەی خۆی بە خەڵکی ڕادەگەێنێ.
لەسەردەمی دانیالدا یەهوە خەونێکی بەو جۆرەی بۆ نەبوخەدنەسر نارد. ئەو خەونی بە دارێکی مەزنەوە بینی (دانیال ٤:١٠-٣٧).
دارەکە بڕدرایەوەو بنەدارەکە حەوت ساڵ بەسترایەوە. دارەکە وێنەی نەبوخەدنەسر بوو. هەروەك بنەدارەکە حەوت ساڵ بەسترایەوە.
نەبوخەدنەسر حەوت ساڵ هۆشی لەدەستدا. دواتر هۆشی بۆ گەڕایەوە.
ئەمە هەمووی پێشبینییەکی وێنەیی بوو. نەبوخەدنەسر وێنەی فەرمانڕەوایەتی جیهانی یەهوەی کرد کە لەسەرەتاوە لەلایەن نەوەکانی داود لە ئۆڕشەلیم فەرمانڕەوایەتییان دەکرد. دوای ئەوەی لە ساڵی ٦٠٧ ی پ. ز بابلییەکان ئیسرائیلیان گرت، ئەو هێڵی پادشاهێتییە پچڕا. ئیتر کەسی تر لە نەوەی داود نابێ بە پادشا تاکو ئەوکەسە دێت کە مافی یاسایی فەرمانڕەوایکردنی هەیە (حزقیال ٢١:٢٧). ئەویش عیسای مەسیحە.
لەساڵی ٦٠٧ ی پ. ز تا ئەو کاتەی عیسا دەست بە فەرمانڕەوایەتی دەکات چەند دەخاێنێ؟ حەوت ساڵی پێشبینییانە یاخود ٢ ٥٢٠ ساڵ (بینین ١٢:٦، ١٤). کەواتە ٢ ٥٢٠ساڵ لەدوای ساڵی ٦٠٧ ی پ. ز دەمانگەێنێتە ١٩١٤ز
کەواتە عیسا لە ساڵی ١٩١٤دا لەئاسمان دەستی بە فەرمانڕەوایەتی کرد. ئەمە واتای چییە؟
پەرتووکی پیرۆز لە ڕێگای بینینێکەوە کە یۆحەننای قوتابی بینی پێمان دەڵێ.
ئەو ئافرەتێکی لەئاسمان بینی منداڵێکی نێرینەی بوو (بینین ١٢:١-١٢).
ئافرەتەکە وێنەی ڕێکخراوە ئاسمانیەکەی یەهوەیە، کە لە هەموو فریشتەکانو خزمەتکارانی خودا پێکهاتووە. منداڵە نێرینەکەش وێنەی پادشاهێتی خودا دەکات، کە لە ساڵی ١٩١٤دا لەدایك بوو.
دوای ئەوە چی ڕوویدا؟ یەکەم کاری عیسا وەك پادشا دەرکردنی شەیتانو فریشتە یاخیبووەکان بوو لە ئاسمان بەرەو زەوی (بینین ١٢:٩).
پەرتووکی پیرۆز ئاکامەکەیمان پێدەڵێ: «لەبەرئەمە ئەی ئاسمانو ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن، دڵخۆشو شادومان بن، بەڵام قوڕ بەسەر دانیشتووانی زەویو دەریا، چونکە شەیتان هاتۆتە خوارەوە بۆ ئێوەو تووڕەییەکی گەورەی پێیە، چونکە کاتێکی کورتی بەدەستەوە ماوە» (بینین ١٢:١٢).
کەواتە عیسا لەئاسمان دەستی بەفەرمانڕەوایەتی کرد. هەروەك پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ، دەستی بە فەرمانڕەوایەتی کرد لە نێوان دوژمنەکانی دا (زەبور ١١٠:١، ٢).
ئایا ئەمە بۆ مرۆڤایەتی چ واتایەکی هەیە؟
عیسا پێشبینی جەنگ، برسێتی، نەخۆشیو بوومەلەرزەی کرد (مەتتا ٢٤:٧، ٨؛ لۆقا ٢١:١٠، ١١).
ڕوودانی هەموو ئەم شتانەمان لە ساڵی ١٩١٤وە بینیوەو ئەمە بۆ ئێمە هۆکارێکی ترە کە بەهۆیەوە دەزانین پادشاهێتی خودا ئەوکات دەستی بەفەرمانڕەوایەتی کردووە.
پەرتووکی بینین پێمان دەڵێ کە خەڵکی «زەوی لەناودەبەن» (بینین ١١:١٨، «وەرگێڕانی جیهانی نوێی»، ئینگلیزی). هەروەها ئەمەشمان بینی بەتایبەت لە ساڵی ١٩١٤وە.
پۆڵسی قوتابی ئەمەی خستە پاڵ کە دەفەرمووێ: «خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، . . . گوێڕایەڵی دایكو باوکیان نابن، . . . لەیەکتری خۆشنابن، قسە دروستدەکەن، بەرەڵلا دەبن» (٢ تیمۆساوس ٣:١-٥).
ئێوە ئێستا دەزانن بۆچی ژیان لەم ڕۆژگارەدا وا سەختە. شەیتان زۆر چالاکە، بەڵام پادشاهێتی خوداش چالاکە.
ماوەیەکی کورت لە دوای ١٩١٤وە پاشماوەیەك لەوانەی هیوای ئەوەیان هەبوو لەگەڵ عیسادا لەئاسمان فەرمانڕەوایەتی بکەن، دەستیان بەمزگێنیدان کردو ووتیان پادشاهێتی دامەزراوە. ئەم کارە ئێستا لەسەرانسەری زەوی بەربڵاوە، هەروەك عیسای مەسیح فەرمووی (مەتتا ٢٤:١٤).
ئامانجی ئەم کاری مزگێنیدانە چییە؟
یەکەم، خەڵکی دەربارەی پادشاهێتی خودا ڕۆشنبیربکات.
دووهەم، یارمەتی خەڵکی بدات بڕیار بدەن ئایا دەیانەوێ ببنە دارودەستەی پادشاهێتییەکە.
عیسا فەرمووی، لەم سەردەمەی ئێمەدا خەڵکی بەسەر دوو کۆمەڵدا دابەش دەکرێن، کۆمەڵێك لە شێوەی مەڕنو کۆمەڵەکەیتر لە شێوەی بزنن (مەتتا ٢٥:٣١-٤٦).
«مەڕەکان» ئەوانەن کە عیساو برایانی عیسایان خۆشدەوێ، «بزنەکان» نا.
«مەڕەکان» بۆ هەمیشە لەسەر زەوی دەمێننەوە «بزنەکان» نا.
کاری مزگێنیدانی پادشاهێتی یارمەتی خەڵکی دەدات هەڵبژێرن لە شێوەی مەڕان یان لەشێوەی بزنان بن.
ئەشعیای پێغەمبەر ئەم پێشبینییەی ڕاگەیاند.
«لە ڕۆژانی دواییدا دەبێ ئەمە ڕووبدات، چیای خانوەکەی یەهوە زۆر پتەو و سەقامگیر بێت بەسەر لووتکەی چیاکاندا، ئەو بێگومان لە سەرووی هەموو گردەکان بەرزدەکرێتەوە، ئیتر هەموو نەتەوەکان بەرەو ئەوێ سەردەکەون» (ئەشعیا ٢:٢).
مرۆڤایەتی ئێستا لە «ڕۆژانی دوایی»دا دەژی.
«خانوو»ی پەرستگایی یەهوە لەسەرووی ئایینی ناڕاستەقینەدا بەرزدەکرێتەوە.
زۆر نەتەوە بۆ ئەوێ سەردەکەونو دەڵێن: «وەرن با بڕۆین، بەرەو چیای یەهوە بڕۆین، بۆ خانووی خودای یاقوب. ئیتر ئەو بێگومان دەربارەی ڕێگاکانی فێرمان دەکاتو ئێمەش بەسەر ڕێبازەکەیدا دەڕۆین. (ئەشعیا ٢:٣).
کەواتە خەڵکێکی زۆر لەهەموو نەتەوەکان دێن تاکو یەهوە بپەرستنو خەڵکی تر بانگەشە دەکەن تا بێنە پاڵ ئەوانەوە. ئەوان فێردەبن بەگوێرەی ویستی خودا هەڵسوکەوت بکەن.
«دەبێ ئەوان شمشێرەکانیان بکەن بە گاسنو ڕمەکانیان بە داسی گوڵبڕین. نەتەوەیەك دژ بە نەتەوەیەکی تر شمشێر بەرزناکاتەوەو ئیتر فێری جەنگ نابن» (ئەشعیا ٢:٤).
ئەوانەی یەهوە دەپەرستن یەکگرتوونو ئاشتی خوازن.
ئاکامی ئەم چالاکیانەی پادشاهێتی خودا ئەوەیە کە ئێستا لەسەرانسەری جیهان چەندین ملیۆن کەس لەو پادشاهێتییەدا کارمەندن.
ئەوان لەچواردەوری پاشماوەکە کۆکراونەتەوە، ئەو بەشەی کەماوە لەوانەی کە هیواخوازن بۆ ئاسمان بچن تا لەوێ لەگەڵ عیسادا فەرمانڕەوایەتی بکەن.
ئەوان بەهۆی ڕێکخراوەکەی خوداوە خواردنی ڕۆحی وەردەگرن (مەتتا ٢٤:٤٥-٤٧).
برایەتییەکی جیهانی پێکدەهێنن لەو مەسیحیانەی کە یەکتریان بەڕاستی خۆشدەوێ (یۆحەننا ١٣:٣٥).
ئاشتییەکی دەروونییان هەیە هیوایان بەدواڕۆژ هەیە (فیلیپی ٤:٧).
بەم زووانە کاری مزگێنیدانی پادشاهێتی خودا تەواو دەبێ. «مەڕەکان» دەناسرێن. ئینجا پادشاهێتی خودا چی دەکات؟
لەبیرتانە داود پادشای باوەڕپێکراو چۆکی بەدوژمنەکانی گەلی خودا دانان؟ ئێستاش عیسای پادشا هەمان شت دەکات.
نەبوخەدنەسری پادشا جارێك خەونی بە پەیکەرێکی گەورەوە بینی، کە وێنەی ئیمپڕاتۆریەتیە جیهانییەکانە لەسەردەمی خۆیەوە تا ئەم سەردەمەی ئێمە.
ئینجا بینی کە تاشە بەردێك لە چیاکەوە هەڵکەندراو پەیکرەکەی تێکشکاند. تاشە بەردەکە وێنەی پادشاهێتی خودایە.
ئەمە مانای لەناوبردنی ئەم جیهانە بەدکارەی ئەم سەردەمەیە (دانیال ٢:٤٤).
هەندێ لەو شتانەی کە پادشاهێتی کۆتاییان پێدەهێنێت ئەمانەن.
ئایینی ناڕاست (پوچەڵ) لەناودەبرێو هەروەك بەردی ئاش فڕێدەدرێتە دەریاوە (بینین ١٨:٢١).
بۆیە هەموو ئەوانەی خودایان خۆشدەوێ هاندەدرێن هەر ئێستا ئایینی ناڕاست بەجێبهێڵن (بینین ١٨:٤).
دواتر عیسای پادشا لە نەتەوەکان دەدات «بە گۆپاڵێکی ئاسنین سەرپەرشتیان دەکات» (بینین ١٩:١٥).
لەبەر ئەمە هەرچەند شاهیدانی یەهوە باج دەدەنو گوێڕایەڵی یاساکانی ووڵاتن، بەڵام خۆیان بەکاری ڕامیارییەوە خەریك ناکەن.
لە کۆتاییدا شەیتان خۆی «ئەژدیها» گەورەکە فڕێدەدرێتە چاڵێکەوە (بینین ٢٠:٢، ٣).
تەنها «مەڕەکان» ئەوانەی کە گوێڕایەڵی عیسای پادشایان بوون لەم تەنگانەیەدا ڕزگاریان دەبێت (مەتتا ٢٥:٣١-٣٤، ٤١، ٤٦).
یۆحەننای قوتابی لەخەونێکدا «مەڕەکانی» بینی کە لە تەنگانەکەدا ڕزگاریان بوو.
«پاشان سەیرم کرد کۆمەڵە خەڵکێکی نەژمێردراوم لە هەموو نەتەوەو میللەتانو هۆزو گەلو زمانێك بینی هەموویان لەبەردەم تەختی خوداو بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەربوو لقی دارخورمایان بەدەستەوە گرتبوو» (بینین ٧:٩).
«کۆمەڵە» زۆرەکە لەوانە پێکهاتووە کە بەپیر مزگێنی ئەم پادشاهێتییەوە دێن.
ئەوان لەناو «تەنگانە گەورەکەوە» دەربازدەبن (بینین ٧:١٤).
لقی دارخورماکان مانای ئەوە دەگەێنن کە ئەوان بەخێرهاتنی عیسای پادشایان دەکەن.
کە «جلی سپییان» لە بەرە وێنەی ئەوەیە کە ئەوان باوەڕیان بەقوربانییەکەی عیسایە.
«بەرخەکە» عیسای مەسیحە.
ئەو کات ئەوان چێژ لە کام بەرەکەتانە وەردەگرن؟ لەبیرتانە ئیسرائیلییەکان لەژێر فەرمانڕەوایەتی سولەیمان پادشادا چەند بەختەوەر بوون؟ ئەمە دیمەنێکی بچوكبوو لەو خۆشییە زۆرەی کە لەژێر فەرمانڕەوایەتی عیسای پادشادا دەیبینین.
هەروەك ئەشعیا پێشبینی کرد، بەمانای ووشە ئاشتی لەنێوان مرۆڤایەتیو لەنێوان مرۆڤو ئاژەڵ بەرقەرار دەبێت (زەبور ٤٦:٩؛ ئەشعیا ١١:٦-٩).
هەروەك چۆن عیسا لەسەر زەوی نەخۆشی چاك دەکردەوە، بەهەمان شێوە هەموو مرۆڤایەتی لە نەخۆشی ڕزگاردەکات (ئەشعیا ٣٣:٢٤).
هەروەك ئەو خواردنی بە جەماوەر دەدا، بەم شێوەیە کەمو کوڕی خواردەمەنی لەسەرزەوی ناهێڵێت (زەبور ٧٢:١٦).
هەروەها چۆن مردووی زیندوو دەکردەوە، بەهەمان شێوە هەموو ئەوانە زیندوو دەکاتەوە کە هەلی تەواویان بۆ نەڕەخسا بوو خودا بناسنو گوێڕایەڵی بن (یۆحەننا ٥:٢٨، ٢٩).
بەرەبەرە مرۆڤ دەگەڕێتەوە ئەو تەواویەی کە ئادەم لەدەستی دا.
ئایا ئەمە دواڕۆژێکی نایاب نییە؟ حەزدەکەن ئەمە بەچاوی خۆتان ببینن؟ کەواتە ئێستا کاری بۆ بکەن تاکو بتوانن گوێڕایەڵی پادشاهێتی خودا بنو ببنە یەکێك لە «مەڕەکان».
پەرتووکی پیرۆز بخوێننەوەو یەهوەی خوداو عیسای مەسیح بناسن (یۆحەننا ١٧:٣).
لەگەڵ ئەوانە هەڵسوکەوت بکەن کە گوێڕایەڵی پادشاهێتی خودان (عیبرانیەکان ١٠:٢٥).
یاساکانی پادشاهێتی بناسنو گوێڕایەڵیان بن (ئەشعیا ٢:٣، ٤).
خۆتان تەرخانی خودا بکەن تا خزمەتی بکەنو خۆتان لەئاو هەڵبکێشن (مەتتا ٢٨:١٩، ٢٠).
واز لە کاری خراپی وەك دزیو درۆ و بێئابڕوویو سەرخۆشی بهێنن چونکە ئەم کارانە جێگای ڕەزامەندی خودا نین (١ کۆرنسۆس ٦:٩-١١).
بەشداری کاری مزگێنیدانی پادشاهێتی خودا بکەن (مەتتا ٢٤:١٤).
ئەو کاتە بەیارمەتی خودا، بوژاندنەوەی بەهەشت بەچاوی خۆتان دەبینن کە ئادەم بۆ نەوەکانی خۆی لەدەستی دابوو. «گوێم لەدەنگێکی گەورە بوو لەئاسمانەوە ووتی: ئەوە چادری خودایە لەناو خەڵکداو خودا لەگەڵیان نیشتەجێ دەبێتو ئەوان دەبن بەگەلی خودا، خوداش لەگەڵیان دەبێت. خودا هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوەو مردن ئیتر نامێنێت، ئیتر غەمو هاوارو ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون» (بینین ٢١:٣، ٤)
[خانەی ناو لاپەڕە ٢٠]
(بو شێوازی دەقی تەواو، بڕوانە ئەم بڵاوکراوەیە)
٦٠٧ پ. ز ١٩١٤ ز
پ. ز ز
٥٠٠ ١ ٠٠٠ ١ ٥٠٠ ٢ ٠٠٠ ٢ ٥٢٠
[تصوير در صفحهٔ ١١]
ئیبراهیم
ئیسحاق
یاقوب
یەهوزا
داود
[تصوير در صفحهٔ ٤١]
١٤٤ ٠٠٠
[تصاوير در صفحهٔ ١٦]
ئادەم
عیسا