وانەی: ١١
چۆن دەتوانین سوود لەبنەماکانی پەرتووکی پیرۆز وەرگرین؟
١. بۆچی پێویستیمان بەڕێنماییە؟
چۆن بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز هانمان دەدەن پارێزگاری تەندروستی خۆمان بکەین؟—زەبوور ٣٦:٩.
ئافەریدگاریمان دانایی لە ئێمە زۆرترە. ئەو وەک باوکێکی خۆشەویست بایەخمان پێدەدا. هەروەها ئەو مەبەستی نەبوو ئێمە لەو سەربەخۆ بین (یەرمیا ١٠:٢٣). کەواتە هەروەک کە منداڵی بچووک پێویستی بە ڕێنمایی دایک و باوکی هەیە، ئێمەش هەموومان پێویستیمان بە ڕێنمایی خودا هەیە (ئیشایا ٤٨:١٧، ١٨). بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز ڕێنماییەک بەدەستەوە دەدەن کە دیارییەکە لەلایەن خوداوە.—٢ تیمۆساوس ٣:١٦ بخوێنەوە.
یاساو بنەماکانی یەهوە باشترین ڕێگامان لە ژیانی ئێستاماندا فێردەکەن و نیشانمان دەدەن چۆن دەتوانین پاداشتی ژیانی هەمیشەیی لە داهاتوودا بەدەست بهێنین. چونکە خودا ئێمەی ئافراندووە، زۆر شتێکی ئاسایی و ڕاستە کە ئێمە بە خۆشییەوە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی دەبین.—زەبوور ١٩:٧، ١١؛ ئاشکراکردن ٤:١١ بخوێنەوە.
٢. بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز چین؟
بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز ڕاستییەکی بناغەیین. لەلایەکی ترەوە یاساکان دەشێ بۆ بارودۆخێکی تایبەت بەکاربهێندرێن (دواوتاری موسا ٢٢:٨). ئێمە پێویستە توانای بیرکردنەوەمان بەکاربهێنین بۆ ئەوەی تێبگەین چۆن بنەماکان لە بارودۆخێکدا جێبەجێ بکەین (پەندەکان سلێمان ٢:١٠-١٢). بۆ نموونە، پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا کە ژیان دیارییەکە لە لایەن خوداوە. ئەم بنەمایە دەتوانێ لە کارکردن و ماڵ گەشت وگوزارماندا ڕێنماییمان بکا. وامان لێدەکا ئاگاداری تەندروستی خۆمان بین.—کردار ١٧:٢٨ بخوێنەوە.
٣. کام دوو بنەما هەرەگرنگترینن؟
عیسا باسی دوو بنەمای کرد کە هەرە گرنگترینن. یەکەمیان دەریدەخا مەبەست لە ژیانی مرۆڤ چییە: کە خودا بناسن و خۆشیان بوێ و هەروها بە باوەڕەوە خزمەتی بکەن. یەکەم بنەما دەبێ لە هەموو بڕیارەکانماندا بیری لێ بکرێتەوە (پەندەکان سلێمان ٣:٦). ئەوانەی ئەم بنەمایە لەدڵیاندا جێگیر دەکەن دۆستایەتی لەگەڵ خودادا پێک دەهێنن و کامەرانی ڕاستەقینە و ژیانی هەمیشەیی بەدەست دەهێنن.—مەتتا ٢٢:٣٦-٣٨ بخوێنەوە.
بنەمای دووهەم دەتوانێ ڕێنماییمان بکا پەیوەندییەکی ئاشتییانە لەگەڵ خەڵکی دروست بکەین (١ کۆرنسۆس ١٣:٤-٧). جێبەجێ کردنی ئەم بنەمایە دووهەمە واتای ئەوەیە کە دەبێ لاسایی خودا بکەینەوە کە چۆن ئەو ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی دەکا.—مەتتا ٧:١٢؛ ٢٢:٣٩، ٤٠ بخوێنەوە.
٤. بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز چ سوودێکیان بۆ ئێمە هەیە؟
بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز خێزانەکان فێردەکا چۆن لە خۆشەویستیدا یەکگرتوو بن (کۆلۆسی ٣:١٢-١٤). وشەی خودا هەروەها خێزانەکان بەوە دەپارێزێ کە فێریان دەکا ژیانی هاوسەرییەتی دەبێ بەردەوام بێت.—پەیدابوون ٢:٢٤ بخوێنەوە.
بە جێبەجێ کردنی بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز دەتوانین ماڵ و سامان و خۆشی خۆمان بپارێزین. بۆ نموونە، خاوەن کارەکان زۆر جار حەز دەکەن کرێکارەکانیان بەگوێرەی بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز بژین و دەستپاک و ئازا بن (پەندەکان سلێمان ١٠:٤، ٢٦؛ عیبرانییەکان ١٣:١٨). وشەی خودا هەروەها فێرمان دەکا بۆ ئەو شتانە تێبکۆشین کە بۆ ژیانی ڕۆژانەمان پێویستن و نرخی دۆستایەتیمان لەگەڵ خودا لەسەرووی ماڵ و سامان دابنێین.—مەتتا ٦:٢٤، ٢٥، ٣٣؛ ١ تیمۆساوس ٦:٨-١٠ بخوێنەوە.
جێبەجێ کردنی بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز تەندرووستیمان دەپارێزێ (پەندەکان سلێمان ١٤:٣٠؛ ٢٢:٢٤، ٢٥). بۆ نموونە، یاساکانی خودا دژی سەرخۆشییە و لە نەخۆشی و ڕووداوی کوشندە دەمانپارێزێ (پەندەکان سلێمان ٢٣:٢٠). یەهوە ڕێگامان پێدەدا مەی بخۆینەوە بەڵام تەنها کەمێک (زەبوور ١٠٤:١٥؛ ١ کۆرنسۆس ٦:١٠). بنەماکانی خودا بە سوودن بۆ ئێمە بەوەی کە فێرمان دەکەن نەک تەنها کردارەکانمان بەڵکو بیروبۆچوونیشمان بپارێزین (زەبوور ١١٩:٩٧- ١٠٠). لەگەل ئەمەشدا مەسیحییە ڕاستەقینەکان تەنها بۆ سوودی خۆیان ڕێز لە بنەماکانی خودا ناگرن، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕێز لە یەهوە بگرن.—مەتتا ٥:١٤-١٦ بخوێنەوە.