بەش ٢٢
نێرراوانی عیسا چاونەترسانە مزگێنی دەدەن
سەرەڕای ئەشکەنجەدران کۆمەڵی مەسیحی بەخێرایی گەشەدەکا
دە ڕۆژ دوای ئەوەی عیسا بەرەو ئاسمان بەرزبووەوە، لەساڵی ٣٣ ز دا، نزیکەی ١٢٠ لە قوتابییەکانی عیسای لەکاتی فیستیڤاڵی ڕۆژی پەنجاهەمدا لەماڵێکدا لە ئۆرشەلیم کۆببونەوە. لەناکاو دەنگێکی وەك ڕەشەبا لەئاسمانەوە پەیدا بوو ماڵەکەی پڕکرد. قوتابییەکان بەشێوەیەکی نائاسای دەستیان کرد بەقسەکردن بەزمانی بێگانە کە پێشتر نەیاندەزانی. چۆن دەتوانرێ ئەو ڕووداوە سەیرە شیبکرێتەوە؟ خودا ڕۆحی پیرۆزی خۆی بە قوتابییەکان دابوو.
لەدەرەوە جەماوەرێکی گەورە لە زۆر ووڵاتانەوە هاتبوون بۆ بەشداری کردن لە فیستیڤاڵەکە، سەریان سوڕ مابوو لەوەی کە لەلایەن قوتابییەکانی عیسای مەسیحەوە بەڕەوانی بە زمانی دایکیان قسەیان لەگەڵ دەکرا. بۆ شیکردنەوەی ئەم ڕووداوە، پەترۆس ئاماژەی بۆ پێشبینییەکانی پێغەمبەر یۆئێل کرد، کە خودا دەفەرمووێ ڕۆحم بەسەریاندا «دادەبارێنم»، ئەوانەی کە وەریدەگرن دەبنە خاوەن بەهرەی سەرسوڕهێنەر (یۆئێل ٢:٢٨، ٢٩). ئەو شایەتیدانە بەهێزەی کارتێکردنی ڕۆحی پیرۆز دەریخست کە گۆڕانکارییەکی گرنگ ڕوویدا. ڕەزامەندی خودا لە بری ئەوەی لەسەر ئیسرائیل بێت کەوتە سەر کۆمەڵی تازەپێکهاتووی مەسیحی. ئەوانەی کە دەیانویست خزمەتکارییەکەیان لەلایەن خوداوە قەبووڵکراو بێ، ئێستا دەبوایە ببن بە بەدواکەوتوانی مەسیح.
لەو ماوەیەدا دژایەتیکردن توندتر بوو، دوژمنەکان قوتابییەکانیان خستە ناو زیندانەوە. بەڵام لە شەودا فریشتەی خودا دەرگای زیندانی کردەوەو پێی ووتن درێژە بەمزگێنیدانیان بدەن. لەبەرەبەیانی ڕۆژی دوایی دەستیان بە کاری مزگێنیدان کرد. چوونە ناو پەرستگاو مزگێنی هەواڵی خۆشیان دەربارەی عیسا فێری خەڵکی کرد. پێشەوایانی ئایینی بەربەرەکانیکەر بەگژیاندا چوونو فەرمانیان پێکردن واز لە مزگێنیدان بهێنن. نێرراوان بەچاونەترسی وەڵامیان دانەوە: «ئێمە پێویستە زیاتر ملکەچی خودا بین نەك خەڵك» (کرداری نێرراوان ٥:٢٨، ٢٩).
چەوسانەوە پەرەیسەند. هەندێ لە جوولەکەکان ئیستیفانۆسیان تاوانبارکردو دواتر بەردبارانیان کرد تا مرد. گەنجێك کە ناوی شاول بوو، کوشتنەکەی بەچاوی خۆی بینی. دواتر چوو بۆ دیمەشق بۆئەوەی هەموو ئەوانە دەستگیربکا کە بەدوای عیسا کەوتبوون. لەکاتێکدا شاول لەڕێگا بوو لە پڕ لەدەورو پشتی ڕووناکییەك لەئاسمان بریسکەی دایەوە، گوێی لە دەنگێك بوو پێیووت: «شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟» شاول کە بە تیشکەکە کوێر ببوو پرسیاری کرد: «تۆ کێیت» جا دەنگەکە وەڵامی دایەوە: «من عیسام» (کرداری نێرراوان ٩:٣-٥).
دوای سێ ڕۆژ عیسا قوتابییەکی بەناوی حەنانیا بۆ لای شاول نارد تا بینایی بۆ بگێڕێتەوە. پۆلس دواتر لە ئاو هەڵکێشراو ئازایانە دەستی بە کاری مزگێنیدان دەربارەی عیسا کرد. شاول کە دواتر بە پۆلسی نێرراو ناسرابوو بە ئەندامێکی چاونەترسی کۆمەڵی مەسیحییەت.
تا ئێستا قوتابییەکانی عیسای مەسیح هەواڵە خۆشەکانی پادشاهێتی خودایان تەنها بە جوولەکەو سامریەکان گەیاندبوو. فریشتەیەك خۆی نیشانی کورنیلیس دا کە سەرپەلێکی ڕۆمانی لەخواترس بوو، داوای لێکرد بەدوای پەترۆسدا بنێرێ. لەکاتێکدا کە پەترۆس ووتاری دەدا، ڕۆحی پیرۆز بەسەر ئەوانە ڕژا کە خوای تریان دەپەرست، پەترۆسی نێرراو فەرمانیدا بەناوی عیسای مەسیح لەئاو هەڵبکێشرێن. ڕێگای ژیانی هەمیشەی ئێستا بۆ هەموو نەتەوەکان کرایەوە. ئەو کۆمەڵەیە ئامادەبوو هەواڵی خۆش بەسەر تەواوی زەویدا بڵاوبکاتەوە.
بەگوێرەی کرداری نێرراوان ١:١-١١:٢١.