وانەی: ٥
مەبەستی خودا بۆ زەوی چییە؟
١. خودا بۆچی زەوی دروستکرد؟
خودا زەوی بەمرۆڤ بەخشی. ئەوە ماڵی ئێمەیە. لەبەر ئەمە، یەکەمین ژن و مێرد، ئادەم و حەوا، نە ئافرێندرابوون تاکو ئاسمان پڕ بکەنەوە (ئەیوب ٣٨:٤، ٧). بەڵکو خودا یەکەمین ژن و پیاوی لە بەهەشتی نایاب نیشتەجێ کرد کە ناوی لێنا، باخچەی عەدەن (پەیدابوون ٢:١٥-١٧). یەهوە هەلومەرجی بە ئادەم و نەوەکانی داهاتووی بەخشی تاکو بێ کۆتایی چێژ لەژیانی سەر زەوی وەرگرن.—زەبوور ٣٧:٢٩؛ ١١٥:١٦ بخوێنەوە.
لەسەرەتادا تەنها باخچەی عەدەن بەهەشت بوو. یەکەمین ژن و مێرد دەبوایە زەوی لە نەوەکانیان پڕ بکەن، ئینجا لە کۆتاییدا تەواوی زەویان خستابا ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوەو بەهەشیان لێ دروستکردبا (پەیدابوون ١:٢٨). زەوی هەرگیز لەناو ناچێ. ئەو بۆ هەمیشە ماڵی مرۆڤە.—زەبوور ١٠٤:٥ بخوێنەوە.
٢. بۆچی زەوی ئێستا بەهەشت نییە؟
ئادەم و حەوا لەخودا یاخی بوون، بۆیە یەهوە لە باخچەی عەدەن دەریکردن. بەهەشت لەدەست چوو، ئیتر هیچ کەس نەیتوانی چاکی بکاتەوە. پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «خاکێک دراوەتە دەست بەدکارەوە» (ئەیوب ٩:٢٤).—پەیدابوون ٣:٢٣، ٢٤ بخوێنەوە.
ئایا یەهوە مەبەستییە بنەڕەتییەکەی خۆی بۆ مرۆڤ فەرامۆش کرد؟ نەخێر! ئەو هەرەبەتوانایە. ئەو هەرگیز شکست ناهێنێ (ئیشایا ٤٥:١٨). خودا مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە ئەو بارودۆخەی کەخۆی لەبنەڕەتدا مەبەستی بوو.—زەبوور ٣٧:١١، ٣٤ بخوێنەوە.
٣. بەهەشت چۆن چاک دەکرێتەوە؟
بەهەشت لەسەر زەوی چاک دەکرێتەوە کاتێ عیسا وەک پادشای هەڵبژاردراوی خودا فەرمانڕەوایی دەکا. لەجەنگێکدا کە پێی دەوترێ هەرمەگەدون، عیسا سەرپەرشتی فریشتەکانی خودا دەکا و هەموو ئەوانەی دژی خودان لەناودەبا. ئینجا عیسا شەیتان بۆ ماوەی ١٠٠٠ ساڵ دەبەستێتەوە. گەلی خودا لەو کاولبوونەدا ڕزگار دەبن چونکە عیسا ڕێنماییان دەکاو دەیانپارێزێ. ئەوان چێژ لە ژیانی هەمیشەیی سەر زەوی وەردەگرن.—ئاشکراکردن ٢٠:١-٣؛ ٢١:٣، ٤ بخوێنەوە.
٤. ئازارەکان کەی کۆتاییان پێدێ؟
خودا کەی لەسەر زەوی کۆتایی بە شەیتان دەهێنێ؟ عیسا نیشانەی دایەدەست بۆئەوەی بزانین کەی کۆتایی نزیک دەبێ. ئەوەی کە لەم سەردەمەدا هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی دەریدەخا کە ئێمە ئێستا لە کۆتای زەمانەدا دەژین.—مەتتا ٢٤:٣، ٧-١٤، ٢١، ٢٢ بخوێنەوە.
لەماوەی فەرمانڕەوایەتی ١٠٠٠ ساڵەی عیسا کە لە ئاسمان بۆ سەر زەوییە، ئەو کۆتایی بە هەموو ئازارەکان دەهێنێ (ئیشایا ٩:٦، ٧؛ ١١:٩). لەپاڵ ئەوەی کە عیسا پادشایە، ئەو وەک کاهینی گەورە دەستبەکار دەبێ و گوناهی ئەو کەسانە ناهێڵێ کە خودایان خۆشدەوێ. کەواتە، خودا لە ڕێگای عیسای مەسیحەوە، کۆتایی بە نەخۆشی و پیربوون و مردن دەهێنێ.—ئیشایا ٢٥:٨؛ ٣٣:٢٤ بخوینەوە.
٥. کێ لەبەهەشتی داهاتوودا دەژی؟
لە هۆڵی پادشایەتیدا، چاوت بەخەڵکێک دەکەوێ کە خودایان خۆشدەوێ و دەیانەوێ فێربن چۆن دڵی خودا خۆش دەکەن.
ئەو خەڵکانەی گوێرایەڵی خودان لە بەهەشتدا دەژین (١ یۆحەننا ٢:١٧). عیسا بەدواکەوتووەکانی دەنێڕێ تاکو بەدوای کەسی دڵنەرمدا بگەڕێن و فێریان بکەن چی بکەن تاکو ڕەزامەندی خودا بەدەست بهێنن. لەم ڕۆژگارەدا یەهوە ملیۆنەها کەس ئامادە دەکا بۆ ئەوەی لە بەهەشتی داهاتووی سەر زەوی بژین (سەفەنیا ٢:٣). لە هۆڵی پادشایەتی شاهیدانی یەهوەدا فێردەبن ببنە هاوسەر و دایک و باوکی باشتر. دایک و باوکان و منداڵان بەیەکەوە خوداپەرستی دەکەن و فێر دەبن چۆن سوود لە هەواڵی خۆش وەربگرن.—میخا ٤:١-٤ بخوێنەوە.