بەشی ٤
چۆن پارە خەرج دەکەی؟
«پلانەکان بە ئامۆژگاری دێنە دی.»—پەندەکانی سلێمان ٢٠:١٨
ئێمە هەموومان بۆ جێبەجێ کردنی پێداویستیەکانی خێزانەکەمان پێویستیمان بە پارە هەیە (پەندەکانی سلێمان ٣٠:٨). لەگەڵ ئەوەشدا «پارە پەناگایە» (ژیرمەندی ٧:١٢). ژن و مێرد لە وانەیە بۆیان ئاسایی نەبێت دەربارەی پارە قسە بکەن، بەڵام ڕێگا مەدەن پارە ببێتە هۆی گرفت لە ژیانی هاوسەریەتیتاندا (ئەفەسۆس ٤:٣٢). ژن و مێرد بۆ بەکار هێنانی پارە دەبێ متمانەیان بە یەکتر هەبێ و بە یێکەوە بڕیار بدەن چۆن پارە خەرج بکەن.
١ بە وردی پلانەکان داڕێژە
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «کێ هەیە گەر بیەوێ تاوەرێک دروست بکات، دانانیشێ پارەکەی بژمێرێ و بزانێ پارەی ئەوەی هەیە کارەکەی پێ تەواوبکات؟» (لۆقا ١٤:٢٨) زۆر گرنگە کە بە یەکەوە بۆ خەرج کردنی پارە پلان دانێن (ئامۆس ٣:٣). بڕیار بدەن پێویستە چ بکڕن و چەند پارەتان بە دەستەوەیە، تاکو ئەو شتە بکڕن (پەندەکانی سلێمان ٣١:١٦). هەبوونی پارە واتای ئەوە نیە کە دەبێ شت بکڕن. خۆتان لە قەرزوقۆڵە لادەن. تەنیا ئەوەندە پارە خەرج بکەن کە هەتانە (پەندەکانی سلێمان ٢١:٥؛ ٢٢:٧).
تۆ دەتوانی چی بکەی:
ئەگەر لە کۆتای مانگدا پارەی زۆرتان بۆ مایەوە، بەیەکەوە بڕیار بدەن چۆنی خەرج بکەن.
ئەگەر پارەی کەمتان بە دەستەوە ماوە، پلانێکی تایبەت دانێن بۆ کەم کردنەوەی خەرجیەکانتان. بۆ نموونە، دەکرێ لە ماڵێ خواردن درووست بکەن لە جیاتی ئەوەی کە لە دەرەوە خواردن بخۆن.
٢ ڕاستبین بن
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «چونکە بە نیازی چاکەیین، نەک تەنها لە بەردەم یەزدان، بەڵکو لە بەردەم خەڵکیش» (٢ کۆرنسۆس ٨:٢١). لەگەل هاوسەرەکەت ڕاستودرووست بە لەبواری ئەوەی کە چەند پارە بەدەست دەهێنی و چەند خەرج دەکەی.
هەمیشە لەگەڵ هاوسەرەکەت سەبارەت بە بڕیاری گەورە لەسەر سامان و دەسکەوتەکانت هاوبیر بە (پەندەکانی سلێمان ١٣:١٠). وتووێژ کردن دەربارەی پارە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژیانی هاوسەریەتیت بە ئارامی بەردەوام بێت. دەسکەوتەکانت تەنیا هی خۆت نییە، بەڵکو هی خێزانەکەتە (١ تیمۆساوس ٥:٨).
تۆ دەتوانی چی بکەی:
هەردووکتان لەسەر ئەوە ڕێک بکەون کە دەتوانن چەند پارە خەرج بکەن بێ ئەوەی پرس بە یەکتر بکەن.
قسە لەسەر دەسکەوتەکانتان بکەن پێش ئەوەی کە تووشی کێشەی دارایی بن.