وانەی ٤٠
چۆن دەتوانین لەبەرچاوی خودا پاک بین؟
بهێنە بەرچاوت دایکێکی میهرەبان کوڕە بچووکەکەی بۆ قوتابخانە ئامادە دەکات. کوڕەکەی دەشوات و جلی پاک و ڕێک و پێکی لەبەر دەکات. ئەمە نەک تەنها بۆ تەندروستی و پاکی کوڕەکەی باشە، بەڵکو نیشانی خەڵکیش دەدات کە دایک و باوکی بەباشی چاودێری دەکەن. بە هەمان شێوە، یەهوە باوکی خۆشەویستمان دەیەوێت لە ڕووی جەستەیی و ئەخلاقییەوە پاک بین. بەم شێوەیە هەم سوود بە خۆمان دەگەیەنین و هەم ستایشی یەهوە دەکەین.
١. چۆن دەتوانین لەڕووی جەستەییەوە پاک و خاوێن بین؟
یەهوە پێمان دەڵێت: «پیرۆز بن.» (١ پەترۆس ١:١٦) پیرۆز بوون پاکی جەستەیی و ئەخلاقی لەخۆ دەگرێت. بۆ ئەوەی لەڕووی جەستەییەوە پاک و خاوێن بین، پێویستە بە بەردەوامی خۆمان بشۆین، جلەکانمان بشۆین و ماڵ و ئۆتۆمبێل و کەلوپەلەکانمان پاک و خاوێن ڕابگرین. بە هەمان شێوە دەتوانین بەشداری لە پاک و خاوێن کردنی کۆبوونەوە بکەین. ئەگەر لە ڕووی جەستەییەوە پاک بمێنینەوە، ئاوا دەبینە هۆی شکۆمەندی یەهوە.—٢ کۆرنسۆس ٦:٣، ٤.
٢. پێویستە خۆمان لە چی دوور بخەینەوە بۆ ئەوەی پاک بمێنینەوە؟
پەرتووکی پیرۆز هانمان دەدات کە «خۆمان لە هەموو گڵاوییەکی جەستە و ڕۆح پاک بکەینەوە.» (٢ کۆرنسۆس ٧:١) بۆیە دەمانەوێت خۆمان لە هەر شتێک بپارێزین کە زیان بە جەستە یان مێشکمان دەگەیەنێت. دەبێت بیرکردنەوەکانمان یەهوە دڵخۆش بکات، بۆیە هەوڵ دەدەین بیرە هەڵەکان لە مێشکمان دەربهێنین. (زەبوورەکان ١٠٤:٣٤) هەروەها نامانەوێت وشەی ناشرین لە قسەکانمان بەکار بهێنین.—کۆلۆسی ٣:٨ بخوێنەوە.
بۆ ئەوەی لە ڕووی جەستەیی و ئەخلاقییەوە پاک بین، پێویستە چی تر بکەین؟ هەندێک شت وەک تووتن و جگەرە و ماددە هۆشبەرەکان جەستەمان پیس دەکەن، بۆیە دەبێت خۆمان لە بەکارهێنانیان بەدوور بگرین. بەم شێوەیە تەندروست دەبین و ژیانمان کە دیارییەکە لەلایان خوداوە بەرز دەنرخێنین. هەروەها بۆ ئەوەی لە ڕووی ئەخلاقییەوە پاک بمێنینەوە، پێویستە خۆمان لە خووی خراپ وەک سێکس کردن لەگەڵ خۆت و سەیرکردنی پۆرنۆگرافی دوور بخەینەوە. (زەبوورەکان ١١٩:٣٧؛ ئەفەسۆس ٥:٥) زاڵبوون بەسەر ئەم خووە خراپانە ئاسان نییە، بەڵام بە یارمەتی یەهوە دەتوانین سەرکەوتوو بین.—ئیشایا ٤١:١٣ بخوێنەوە.
زیاتر بزانە
لەم وانەیەدا دەبینین بۆچی پاک وخاوێنی جەستەیی شکۆمەندی بۆ یەهوە دەهێنێت و چۆن دەتوانین بۆ پاکی ئەخلاقی لە خووی خراپ دووری بکەین.
٣. پاک و خاوێنی جەستەیی دەبێتە هۆی شکۆمەندی یەهوە
ئەو یاسایانەی کە یەهوە لە سەردەمە کۆنەکاندا بە گەلەکەی دابوو، نیشان دەدەن کە پاک وخاوێنی بۆ ئەو زۆر گرنگە. دەرچوون ١٩:١٠ و ٣٠:١٧-١٩ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
بەگوێرەی ئەم ئایەتانە، ڕوانگەی یەهوە سەبارەت بە پاک وخاوێنی چۆنە؟
چ خوویەکی باش یارمەتیت دەدات لە ڕووی جەستەییەوە پاک و خاوێن بمێنیتەوە؟
بۆ ئەوەی خۆمان لە ڕووی جەستەییەوە پاک و خاوێن ڕابگرین، پێویستە کات تەرخان بکەین و هەوڵ بدەین. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە شوێنی ژیانمان و بارودۆخی داراییمانەوە نییە. ڤیدیۆکە بکەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن.
چۆن پاک و خاوێنی پاراستنی کەلوپەلەکانمان، کاری مزگێنیدانمان شکۆمەند دەکات؟
٤. بەسەر خووی خراپ زاڵ بن
یەهوە دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ واز هێنان لە عادەتە خراپەکان
ئەگەر جگەرە بکێشیت یان ماددە هۆشبەرەکان بەکار بهێنیت، لەوانەیە بزانیت زاڵبوون بەسەر ئەم خووانەدا چەندە سەختە. بەڵام ئەگەر بیر لە کاریگەری خراپی ئەم خووانە بکەیتەوە، دەتوانیت ئاسانتر لە ئەو خووانە ڕزگار بیت. مەتا ٢٢:٣٧-٣٩ بخوێنەوە و دواتر بە لێکۆڵینەوە بزانن کە بەکارهێنانی تووتن و ماددە هۆشبەرەکان . . .
چ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندی کەسێک لەگەڵ یەهوە هەیە؟
چ کاریگەرییەکی لەسەر خێزان و کەسانی دەوروبەری ئەو شەخسە هەیە؟
بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم خوویە خراپانە پلان دابڕێژن.a ڤیدیۆکە بکەوە.
فیلیپی ٤:١٣ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
چۆن پاڕانەوە، خوێندنی پەرتووکی پیرۆز و ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکان هێز بە مرۆڤ دەبەخشێت بۆ زاڵبوون بەسەر خووی خراپ؟
٥. شەڕ لەگەڵ بیرکردنەوە و خووی خراپ بکەن
کۆلۆسی ٣:٥ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
چۆن بزانین سەیرکردنی پۆرنۆگرافی و ناردنی نامەی سێکسی و سێکس کردن لەگەڵ خۆت لەبەرچاوی یەهوە هەڵەیە؟
ئایا گونجاوە کە یەهوە چاوەڕێی ئەوە بکات کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە پاک بین؟ بۆچی وا بیر دەکەیتەوە؟
لەم ڤیدیۆیەدا دەبینن چۆن دەتوانین لەگەڵ بیری ناپاک شەڕ بکەین. ڤیدیۆکە بکەوە.
عیسا بە نموونەیەک نیشانی دا کە ئەگەر بمانەوێت لە ڕووی ئەخلاقییەوە پاک بین دەبێت یەکلاکەرەوە کار بکەین. مەتا ٥:٢٩، ٣٠ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارەی خوارەوە بکەن:
مەبەستی عیسا ئەوە نەبوو کە شەخس بۆ وازهێنان لە خووی خراپ زیانی جەستەیی بە خۆی بگەیەنێت، بەڵکو مەبەستی ئەوە بوو کە یەکلاکەرەوە ڕەفتار بکات. کەواتە ئەگەر کەسێک بیەوێت کە بیرکردنەوە ناپاکەکان لە مێشکی خۆی دەربهێنە، دەبێت چی بکات؟b
ئەگەر لەگەڵ بیرکردنەوە هەڵەکاندا شەڕ دەکەێت، دڵنیابە یەهوە هەوڵەکانت بەرز دەنرخێنێت. زەبوورەکان ١٠٣:١٣، ١٤ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
ئەگەر هێشتا ناتوانیت لە عادەتە خراپەکانت واز بەهینێت، چۆن ئەم ئایەتانە یارمەتیت دەدەن بۆ ئەوەی لە هەوڵدان بەردەوام بیت؟
کەوتن مانای دۆڕاندن نییە!
لەوانەیە کەسێک لەگەڵ یەکەم شکەستدا، واز بهێنێت و ئێتر هەوڵ نەدات. ئەم نموونەیە لەبەرچاو بگرن: ئەگەر ڕاکەرێک لە پێشبڕکێیەکدا بکەوێت، مانای ئەوە نییە کە پێشبڕکێکەی دۆڕاندووە یان دەبێت دووپات دەست پێبکاتەوە. بەهەمان شێوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو عادەتەی کە دوای ماوەیەک بەجێمان هێشتووە، مانای ئەوە نییە کە شکستمان خواردوە. هەرگیز وا مەزانن هەوڵەکانتان بێ سوود بووە. مرۆڤ ڕێگە پێدراوە هەڵە بکات، بۆیە واز لە هەوڵدان مەهێنن، کەواتە کەوتن بەمانای دۆڕاندن نییە! بە یارمەتی یەهوە دەتوانیت سەرکەوتوو بیت!
هەندێک کەس دەڵێن: «ناتوانم واز لە ئالوودەبوون بە عادەتە خراپەکان بهێنم.»
چ ئایەتێک بەکاردەهێنیت بۆ ئەوەی نیشانی ئەو کەسە بدەیت کە یەهوە بۆ وازهێنان لە عادەتە خراپەکان یارمەتی دەدات؟
لە کۆتاییدا
ئەگەر هەوڵ بدەین لە ڕووی جەستەیی، دەرونی و ئەخلاقییەوە پاک بین، ئەوا یەهوە دڵخۆش دەکەین.
پێداچوونەوە
بۆچی گرنگە لەبەرچاوی یەهوە پاک بین؟
چۆن دەتوانین لەباری جەستەییەوە خۆمان پاک و خاوێن بپارێزین؟
چۆن دەتوانین لە ڕووی دەروونی و ئەخلاقییەوە پاک بمێنینەوە؟
لێکۆڵینەوەی زیاتر
تەنانەت ئەگەر ئیمکاناتی تەندروستی کەمیش هەبێت، چۆن دەتوانیت لە ڕووی جەستەییەوە خۆت پاک و خاوێن بپارێزیت؟
لەم گۆڤاردا چەند پێشنیارێکی بەسوودی تێدایە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان.
ئەم بابەتە نیشانی دەدات کە سەیرکردنی پۆرنۆگرافی چ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر شەخس هەیە.
چۆن پیاوێک لە عادەتی سەیرکردنی پۆرنۆگرافی ڕزگاری بوو؟
«چەندین جار شکستم هێنا تا سەرکەوتوو بووم.» (تاوەری چاودێری ژمارەی. ٤ ٢٠١٦)
a بابەتی «رێگاکانی وازهێنان لە جگەرەکێشان» کە لە بەشی «لێکۆڵینەوەی زیاتر» هاتووە، بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان پێشنیاری بەسوود دەدات.
b بۆ زاڵبوون بەسەر سێکس کردن لەگەڵ خۆت، ئاماژە بەم بڵاوکراوە ئۆنلاینە بکەن: «چۆن دەتوانم واز لە سێکس کردن لەگەڵ خۆم بهێنم؟»