وانەی ٤٤
ئایا هەموو ئاهەنگەکان و جەژنەکان لەلای خودا قەبووڵ کراون؟
یەهوە دەیەوێت ئێمە چێژ لە ژیان وەربگرین و تەنانەت پێکەوە ئاهەنگ بگێڕین. بەڵام ئایا هەموو ئاهەنگەکان و جەژنەکان بۆ ئەو قەبووڵ کراون؟ چۆن دەتوانین بە گوێڕایەڵی یاساکانی یەهوە سەبارەت بە جەژنەکان و ئاهەنگەکان نیشان بدەین کە لە دڵەوە یەهوەمان خۆش دەوێت؟
١. بۆچی زۆربەی ئاهەنگەکان و جەژنەکان لەلایەن خوداوە پەسەند نەکراون؟
ئایا دەزانن زۆربەی جەژنەکان بە پێچەوانەی فێرکارییەکانی پەرتووکی پیرۆزن و لە بتپەرستی یان ئایینی درۆوە سەرچاوەیان وەرگرتووە؟ هەندێک جار ڕێوڕەسمی ئەم بۆنانە پەیوەندی بە ڕۆح و جادووگەری هەیە، یان لەسەر ئەو باوەڕە دامەزراون کە ڕۆحی مرۆڤ دوای مردن بەردەوام دەژیت. هەندێک لە ئاهەنگەکان و جەژنەکان هەروەها ڕەگی لە خورافات یان باوەڕبوون بە بەخت و چارەنووس هەیە. (ئیشایا ٦٥:١١) یەهوە بە پەرستەندەکانی ئەم ئاگاداریەی داوە کە: «خۆتان لەوان جیا بکەنەوە . . . و دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن.»—٢ کۆرنسۆس ٦:١٧.a
٢. یەهوە چۆن بیر لە جەژنەکان و ئاهەنگەکان دەکاتەوە کە بۆ ڕێزلێنان لە خەڵک بەڕێوە دەچن؟
یەهوە پێمان دەڵێت کە نابێت هیوامان بە مرۆڤەکان بێت یان «پشت بە مرۆڤەکان ببەستین.» (یەرمیا ١٧:٥ بخوێنەوە.) هەندێک ئاهەنگ و جەژن بۆ یادکردنەوەی فەرمانڕەوا و سەربازەکان یان بۆ ڕێزلێنان لە نیشانەی نەتەوەییەکان بەڕێوە دەچێت. هەروەها هەندێک لە ڕێوڕەسمەکان بۆ یادکردنەوەی سەربەخۆیی وڵاتەکەیە. (١ یۆحەنا ٥:٢١) مەبەست له هەندێک ڕێوڕەسمەکان هاندانی خەڵکه بۆ بەشداریکردن له چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەگەر ئێمە بە بەشداری لەم جۆرە ڕێوڕەسمانەدا پشتگیری کەسێک یان رێکخراوێک بکەین کە ئامانجەکانی لەگەڵ پێوەرەکانی یەهوە ناگونجێت، بێگومان یەهوە دڵخۆش ناکەین.
٣. پەرستندەکانی یەهوە بە هۆی کام ڕەفتاری خەڵک بەشداری لە هەندێک ئاهەنگدا قەبووڵ ناکەن؟
پەرتووکی پیرۆز «سەرخۆشی، بەڕەڵایی، هەوەسبازی و ئاهەنگی شەراب خواردن» مەحکوم دەکات. (١ پەترۆس ٤:٣) خەسڵەتی سەرەکی هەندێک لە ئاهەنگەکان لەشفرۆشی و کرداری بێ ئەخلاقیە. بۆ ئەوەی یەهوە ئێمە بە هاوڕێی خۆی بزانێت، دەبێ لە چالاکیە بێ ئەخلاقیەکان خۆمان بپارێزین.
زیاتر بزانە
لەم وانەیەدا فێر دەبن کە بۆچی زۆربەی جەژنەکان و ئاهەنگەکان لە لای خودا پەسەند نین و چۆن دەتوانن بە گوێڕایەڵی لە یەهوە ئەو دڵخۆش بکەن.
٤. ئەو جەژن و ئاهەنگانە ڕەت بکەنەوە کە بێڕێزی بە یەهوە دەکەن
ئەفەسۆس ٥:١٠ بخوێنەوە، دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
لە کاتی بڕیاردان بۆ ئاهەنگ گرتن پێویستە لەچی دڵنیا بین؟
کام ئاهەنگ و جەژن لە شوێنی ژیانتان یان کەلتوورەکەتاندا باون؟
ئایا پێتوایە ئەو جەژنانە یەهوە دڵخۆش دەکەن؟
بۆ نموونە، ئایا تا ئیستا بیرت لە بۆ چوونی یەهوە سەبارەت بە ئاهەنگی لەدایک بوون کردۆتەوە؟ پەرتووکی پیرۆز هەرگیز ناڵێت کە پەرستندەکانی یەهوە ئاهەنگی لەدایک بوونیان گێڕاوە، بەڵام باسی ئاهەنگی لەدایکبوونی دوو کەس دەکات کە پەرستندەی یەهوە نەبوون. پەیدابوون ٤٠:٢٠-٢٢ و مەتا ١٤:٦-١٠ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
ڕۆژی لەدایک بوونی ئەو دوو کەسە لە چ خاڵێک هاوبەشیان هەیە؟
بەپێی ئەم گێڕانەوەیەی پەرتووکی پیرۆز، پێتوایە یەهوە چۆن دەڕوانێتە ئاهەنگی لەدایک بوون؟
لەوانەیە لە دڵی خۆتدا بڵێیت: ‹ئایا بۆ یەهوە گرنگە بەشداری ئاهەنگی لەدایک بوون بکەم یان جەژنێک ئەنجام بدەم کە بە پێچەوانەی پەرتووکی پیرۆزە؟› دەرچوون ٣٢:١-٨ بخوێنەوە، دواتر ڤیدیۆکە بکەوە و لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن.
بۆچی دەبێت دڵنیا بین لەوەی کە چ شتێک لای یەهوە پەسەندە؟
چۆن دەتوانین ئەمە ئەنجام بدەین؟
چۆن بزانین جەژن یان ئاهەنگێک لەلایان خوداوە پەسەندە یان نا؟
ئایا بە پێچەوانەی فێرکارییەکانی پەرتووکی پیرۆزە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، لەسەر بنچینە و سەرچاوەی ئەو ئاهەنگە لێکۆڵینەوە بکەن؟
ئایا بۆ ستایش کردنی خەڵک، ڕێکخراوەکان یان ڕێزلێنان لە نیشانەیی نەتەوەیی بەڕێوە دەچێت؟ ئێمە دەمانەوێت تەنها ستایشی یەهوە بکەین و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مرۆڤ تەنها پشت بە خودا دەبەستین.
ئایا ڕێوڕەسمەکانی بە پێچەوانەی پێوەرەکانی ئەخلاقی پەرتووکی پیرۆزە؟ ئێمە دەبێت لە ڕووی ئەخلاقییەوە پاک و خاوێن بمێنینەوە.
٥. یارمەتی کەسانی تر بدەن تاکو ڕێز لە بیروباوەڕەکانتان بگرن
ئەگەر کەسانی تر فشارت بخەنە سەر بۆ بەشداری کردن لە ئاهەنگەکان و جەژنەکان کە خودا پەسەندی نییە، لەوانەیە بۆ تۆ قورس بێت خۆت لەو کارە دوور بخەیتەوە. بەڵام باشترە بە ئارامی بڕیارەکەت بۆیان ڕوون بکەیتەوە. ڤیدیۆکە بکەوە.
مەتا ٧:١٢ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
ئایا دروستە بە کەسوکارەکانتان بڵێن کە نابێت جەژن و ئاهەنگ بگێرن؟
تەنانەت ئەگەر لەگەڵ خزمەکانت ئاهەنگ نەگێڕیت، چ ڕێگایەکی تر هەیە کەدەتوانیت نیشانیان بدەیت کە سوپاسیان دەکەیت و ئەوانت خۆش دەوێت؟
٦. یەهوە دەیەوێت ئێمە دڵخۆش بین
یەهوە دەیەوێت ئێمە چێژ لە ژیان لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانمان وەربگرین. ژیرمەندی ٨:١٥ بخوێنەوە، دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
ئەم ئایەتە چۆن نیشانی دەدات کە یەهوە دەیەوێت ئێمە دڵخۆش بین؟
یەهوە دەیەوێت پەرستەندەکانی پێکەوە کاتێکی خۆش بەسەربەرن. ڤیدیۆکە بکەوە تاکو ئەم خۆشییە ببینن کە چۆن لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکانمان دەبینرێت.
گەلاتیا ٦:١٠ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسانی تر چاکە بکەین، ئایا پێویستە جەژن و ئاهەنگێک بگێڕین؟
ئایا بەخشینی دیاری لە جەژنەکان کە بەهۆی ئەرکە، دڵخۆشترت دەکات یان دیاری بەخشین بە ئارەزووی دڵی خۆت؟
زۆربەی شاهیدانی یەهوە هەندێک جار بۆ منداڵەکانیان ئاهەنگ دەگێڕن و دیاریان پێ دەدەن بۆ ئەوەی دڵخۆشیان بکەن. ئەگەر منداڵتان هەیە، دەتوانن چییان بۆ بکەن؟
هەندێک کەس دەڵێن: «سەرچاوەی جەژنەکان گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانت کاتێکی خۆش بەسەر ببەیت.»
چۆن وەڵام دەدەیتەوە؟
لە کۆتاییدا
یەهوە دەیەوێت ئێمە لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانماندا کاتێکی خۆش بەسەر ببەین، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەمان لێ دەکات کە ئێمە ئەو جەژن و ئاهەنگانە نەگێڕین کە لە لای یەهوە پەسەند نییە.
پێداچوونەوە
چ خاڵێک یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی بزانین کام جەژن یان ئاهەنگێک لە لای یەهوە پەسەندە یان نا؟
بۆ ئەوەی خێزان و هاوڕێکانمان ڕێز لە بڕیارەکانمان سەبارەت بە ئاهەنگ و جێژنەکان بگرن، دەبێت چی بکەین؟
چۆن بزانین کە یەهوە دەیەوێت دڵخۆش بین و کاتێکی خۆش بەسەر ببەین؟
لێکۆڵینەوەی زیاتر
لەم بابەتە ئاماژە بە هەندێک لەو جەژن و ئاهەنگانە دەکات کە پەرستەندەکانی یەهوە نایگێڕن.
«بۆچی شاهیدانی یەهوە هەندێک جەژن و ئاهەنگ ناگێڕن؟» (گۆڤاری ماڵپەڕ)
لەم بابەتە ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ئاهەنگی لەدایک بوون لە ڕوانگەی خوداوە ڕاست نییە.
«بۆچی شاهیدانی یەهوە ئاهەنگی لەدایک بوون ناگێڕن؟» (گۆڤاری ماڵپەڕ)
لە کاتێکدا کە جەژن و ئاهەنگێک کە لە لای یەهوە پەسەند نییە دەگێردرێت، چۆن منداڵانی بچووک دەتوانن یەهوە دڵخۆش بکەن؟
ملیۆنەها کەس بڕیاریان داوە جەژنی کریسمس نەگێڕن. ئایا ئەوان لە بڕیارەکەیان پەشیمانن؟
a کاتێک کەسانی تر جەژن یان ئاهەنگ دەگێڕن. دەبێت چۆن هەڵسوکەوت بکەین؟ ئاماژە بەخاڵی ٥ لە ڕوونکردنەوەی زیاتر بکەن.