وانەی ٥٧
ئەگەر گوناهێکی گەورەت کرد، پێویستە چی بکەیت؟
هەرچەندە بەڕاستی یەهوەت خۆشدەوێت و هەوڵدەدەیت بە کارەکانت ئازاری نەدەیت، بەڵام ڕەنگە هەندێکجار هەڵە بکەیت. بەڵام هەندێک گوناه لە هەندێکی تر گەورەتر و قورسترن. (١ کۆرنسۆس ٦:٩، ١٠) ئەگەر گوناهێکی گەورەت کردووە، ئەوەت لەبیر بێت کە یەهوە هێشتا خۆشی دەوێت و ئامادەیە لێت خۆش بێت و یارمەتیت بدات.
١. بۆ وەرگرتنی لێخۆشبوونی یەهوە، پێویستە چی بکەین؟
ئەوانەی یەهوەیان خۆشدەوێت، ئەگەر گوناهێکی گەورە ئەنجام بدەن، هەست بە دڵتەنگی و بێ هیوایییەکی زۆر دەکەن. بەڵام بەڵێنی یەهوە دڵنەوایییان پێدەبەخشێت: «ئەگەر گوناهەکانتان وەک سوور بن، وەک بەفر سپی دەبنەوە.» (ئیشایا ١:١٨) بۆ ئەوەی یەهوە بە تەواوی لێمان خۆش بێت، دەبێت لە دڵەوە تۆبە بکەین. بەڵام تۆبە مانای چییە؟ واتەی تۆبە بەڕاستی پەشیمانبوونەوە و دوورکەوتنەوە لە گوناهەکەمانە و داوای لێبوردن لە یەهوە بکەین. پاشان زۆر هەوڵ دەدەین ئەو بیرکردنەوە و خووە خراپانەی کە بوونە هۆی گوناهمان بگۆڕین، هەوڵ دەدەین بەگوێرەی پێوەرە پاکەکانی یەهوە بژین.—ئیشایا ٥٥:٦، ٧ بخوێنەوە.
٢. کاتێک گوناه دەکەین، چۆن یەهوە بۆ یارمەتیدانمان پیران بەکار دەهێنێت؟
یەهوە بە کەسێک کە گوناهێکی گەورە دەکات، دەڵێت: «بۆ یارمەتی پیرانی کۆمەڵ بانگ بکات.» (یاقوب ٥:١٤، ١٥ بخوێنەوە.) پیران، یەهوە و ئەندامانی کۆمەڵیان خۆشدەوێت. ئەوان شایستەن و دەتوانن یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە یەهوە نزیک ببینەوە.—گەلاتیا ٦:١.
ئەگەر گوناهێکی گەورە بکەین، پیران چۆن یارمەتیمان دەدەن؟ لەم کاتانەدا دوو یان سێ پیر لە کۆمەڵدا بۆ ڕاستکردنەوەی بیرکردنەوەکانمان پەرتووکی پیرۆز بەکاردەهێنن و نیشانمان دەدەن کە بۆچی هەڵە بووین. هەروەها پێشنیار و ئامۆژگاری بەسوودمان پێدەدەن کە یارمەتیدەرمان دەبێت جارێکی تر ئەو گوناهە دووپات نەکەینەوە. ئەگەر کەسێک کە گوناهێکی گەورەی کردبێت تۆبە نەکات، پیران ڕێگەی پێنادەن لە کۆمەڵدا بمێنێتەوە، چونکە نایانەوێت کاریگەری خراپی لەسەر کەسانی تر هەبێت.
زیاتر بزانە
لەم وانەیەدا زیاتر فێردەبین کە چۆن یەهوە یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە گوناهی گەورە دەکەن و سوپاسگوزاریمان بۆ ئەمە زیاتر دەبێت
٣. ئەگەر دان بە گوناهەکانمان بنێین، دەتوانین تەندروستی ڕۆحیمان بەدەست بهێنینەوە
گوناهەکانمان یەهوە دڵتەنگ دەکات، بۆیە ئەگەر گوناهمان کردبێت، سەرەتا پێویستە دان بەو شتەدا بنێین. زەبوورەکان ٣٢:١-٥ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
بۆچی باشە دان بە گوناهەکانمان بۆ یەهوە بنێین لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بدەین بیشارینەوە؟
دوای ئەوەی دان بە گوناهەکەماندا دەنێین لەبەردەم یەهوە، دەتوانین داوای یارمەتی لە پیرانی کۆمەڵ بکەین. ڤیدیۆکە بکەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن.
لە ڤیدیۆکەدا، چۆن پیرانی کۆمەڵ یارمەتی برایەکیان دا کە بۆ لای یەهوە بگەڕێتەوە؟
کاتێک لەگەڵ پیران قسە دەکەین، پێویستە ڕاستگۆ و کراوە بین، لەبیرمان بێت ئەوان دەیانەوێت یارمەتیمان بدەن. یاقوب ٥:١٦ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
بۆچی ئەگەر لەگەڵ پیران ڕاستگۆ بین، باشتر دەتوانن یارمەتیمان بدەن؟
دان بە گوناهەکەتان بنێن، بە ڕاستگۆیی لەگەڵ پیرانی کۆمەڵ قسە بکەن و یارمەتی خۆشەویستی یەهوە قبوڵ بکەن.
٤. یەهوە بە گوناهباران بەزەیی نیشان دەدات
ئەگەر کەسێک گوناهێکی گەورە بکات و نایەوێت لەگەڵ پێوەرەکانی یەهوە بگونجێت، ئیتر ڕێگەی پێ نادرێت لە کۆمەڵ بمێنێتەوە و ئێمە نابێت پەیوەندییەکی نزیکمان لەگەڵیدا هەبێت. ١ کۆرنسۆس ٥:٦، ١١ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
وەک چۆن هەویرترشێکی بچووک هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت، پەیوەندی کردن بە گوناهبارێکی تۆبە نەکراو چۆن کاریگەری لەسەر کۆمەڵ دەبێت؟
پیرانی کۆمەڵ نموونەی یەھوە لە میهرەبانی و بەزەیی پەیڕەوی دەکەن و هەوڵ دەدەن یارمەتی ئەو کەسانە کە ئیتر بەشێک نین لە کۆمەڵ بدەن. زۆرکەس کە ڕێگەیان پێنەدرابوو لە کۆمەڵ بمێننەوە، دوای ماوەیەک بۆ ناو کۆمەڵەکە گەڕاونەتەوە. بۆچی؟ چونکە تەمبێکردنەکە، هەرچەندە ئازاربەخش بوو، یارمەتیانیدا کە بە هۆش خۆیان بێنەوە و بزانن ئەوەی کردوویانە هەڵەیە. (زەبوورەکان ١٤١:٥)
• ڕەفتاری یەهوە لەگەڵ گوناهباران چۆن نیشانی دەدات کە ئەو شیاو و بەزەییدار و پڕ لە خۆشەویستییە؟
٥. یەهوە لێمان خۆشدەبێت ئەگەر تۆبە بکەین
عیسا نموونەیەکی بەکارهێنا کە یارمەتیمان دەدات تێبگەین، یەهوە چ هەستێکی بەرامبەر بە کەسێکی تۆبەکار هەیە. لۆقا ١٥:١-٧ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
ئەم نموونەیە دەربارەی یەهوە چیت فێر دەکات؟
حزقیێل ٣٣:١١ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
بۆ ئەوەی نیشانی بدەین کە بەڕاستی لە گوناهەکەمان پەشیمانین، پێویستە چی بکەین؟
یەهوە وەک شوانێک گرنگی بە مەڕەکانی دەدات
هەندێک کەس دەڵێن: «من دەترسم ئەگەر گوناهەکەم بە پیران بڵێم، ئەوان من دەربکەن لە کۆمەڵ.»
کەسێک کە بەم شێوەیە بیر یان هەست دەکات چی پێ دەڵێیت؟
لە کۆتاییدا
ئەگەر گوناهێکی گەورە بکەین بەڵام بەڕاستی پەشیمان بووینەوە و تۆبە بکەین و واز لەو کارە خراپە بێنین، یەهوە لێمان خۆش دەبێت.
پێداچوونەوە
بۆچی باشترە لەبەردەم یەهوە دان بە گوناهەکانماندا بنێین؟
بۆ ئەوەی یەهوە لە گوناهەکانمان خۆش بێت، پێویستە چی بکەین؟
ئەگەر گوناهێکی گەورە مان کردبێت، بۆچی دەبێت داوای یارمەتی لە پیرانی کۆمەڵ بکەین؟
لێکۆڵینەوەی زیاتر
ببینە چۆن پیاوێک بەزەیی یەهوە کە لە ئیشایا ١:١٨ باسکراوە، ئەزموونی کرد.
چۆن پیرانی کۆمەڵ هەوڵ دەدەن یارمەتی ئەو کەسانە بدەن کە گوناهی گەورەیان کردووە؟
«نیشاندانی خۆشەویستی و میهرەبانی بۆ گوناهباران» (تاوەری چاودێری، ئەگۆست ٢٠٢٤)
بە چ شێویەک بە گوناهباران کە تۆبە ناکەن، میهرەبانی و بەزەیی نیشان دەدرێت؟
«یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە پێشتر لە کۆمەڵدا نەبوون» (تاوەری چاودێری، ئەگۆست ٢٠٢٤)
پیاوێک بە ناوی ئێلی خەلیل کە لە یەهوە دوورکەوتبووەوە، چۆن بۆ لای یەهوە گەڕایەوە؟