بەشی ٥
بەهرە نایابەکەی خواستی ئازاد
بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی خودا ڕێگای بە ئازار داوەو سەبارەت بەمە چی دەکات، پێویستە بزانین ئەو ئێمەی چۆن ئافراندووە، ئەو زیاتر لەوەی کرد ئێمە تەنها لەلەشو مێشك دروستبکات، بەڵکو ئێمەی بەخووڕەوشتی سۆزو هۆشی تایبەت ئافراندووە.
٢ بەشێکی سەرەکی لە پێکهاتەی هۆشو سۆزی ئێمە بریتییە لە خواستی ئازاد. بەڵێ، خودا توانای ئازادی هەڵبژاردنی لەناخماندا چاندووە. بەڵێ بەڕاستی خەڵاتێکی نایابی پێبەخشین.
ئێمە چۆن ئافراندراوین
٣ با ڕەچاوی ئەوە بکەین چۆن خواستی ئازاد بە ڕێگادانی خودا بە ئازار پابەندە. یەکەم، بیر لەم شتانە بکەنەوە: ئایا ئێوە نرخی ئەو ئازادییە دەزانن کە هەتانە لە هەڵبژاردنی ئەو شتەی دەتانەوێ بیکەن و بیڵێن، چیتان دەوێ بیخۆن و چی لەبەرکەن، دەتانەوێ چ جۆرە کارێك بکەن، چۆنو لەکوێ دەتانەوێ بژین؟ یاخود ئایا حەزدەکەن کەسێك فەرمانی هەر ووشەیەكو جوڵەیەك لەهەر ساتێکی ژیانتاندا بەسەردا بسەپێنێت؟
٤ هیچ کەسێکی ئاسایی نییە حەزبکات ژیانی بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی خۆی دەربچێ؟ بۆچی نا؟ هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە چۆن خودا ئێمەی ئافراندووە. پەرتووکی پیرۆز پێمان دەڵێ کە خودا مرۆڤی لەسەر «شێوەی» خۆی ئافراندووە، یەکێك لەو توانایانەی خودا هەیەتی ئازادی هەڵبژاردنە (یەعقوب ٣:٩؛ تەثنیە [٥موسا] ٧:٦). کاتێك مرۆڤی ئافراند، هەمان توانای نایابی پێ بەخشی —بەهرەی خواستی ئازاد. هەربۆیە لەکاتێکدا کە فەرمانڕەوایەکی زۆردار دەمانکاتە کۆیلەی خۆی هەست بەبێورەیی دەکەین.
٥ کەواتە ئارەزووکردنی ئازادی بە ڕێکەوت نەهاتووە، چونکە خودا خودای ئازادییە. پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ: «جا ڕۆحی خوداوەند لەهەر کوێ بێت ئازادی لەوێیە» (٢ کۆرنسۆس ٣:١٧). وەك بەشێك لەپێکهاتەکەمان خودا خواستی ئازاد ی بە ئێمە بەخشی. چونکە ئەو ڕێگای چۆنیەتی کارکردنی هەستو مێشکمان دەزانی، دەیزانی ئێمە بەخواستی ئازاد دڵخۆشتر دەبین.
٦ لەپاڵ بەهرەی خواستی ئازاددا، خودا بەهرەی بیرکردنەوەو هەڵسەنگاندنی بابەتەکانو بڕیاردانو جیاکردنەوەی چاکە لە خراپەی پێ بەخشین (عیبرانیەکان ٥:١٤). بەم شێوەیە خواستی ئازاد لەسەر هەڵبژاردنێکی ژیرانە دامەزرا. ئێمە وەك ڕۆبۆتی بێهۆش دروستنەکراوین کە خاوەنی خواستی خۆی نییە، واش نەئافراندراوین تا وەك ئاژەڵ بە پاڵنەری غەریزە کاربکەین. لەبری ئەمە، مێشکی نایابی ئێمە وا نەخشەکێشراوە بۆ ئەوەی بە گونجاوی لەگەڵ ئازادی هەڵبژاردنماندا کاربکات.
باشترین سەرەتا
٧ بۆ ئەوەی خودا نیشانی بدا کە چەند بایەخدەر بووە، سەرباری بەهرەی خواستی ئازاد دایكو باوکی یەکەممان ئادەمو حەوا هەموو ئەو شتانەی کە هەر کەسێك بە شێوەیەکی لەبار ئارەزوویان دەکات پێیان بەخشرابوو. خودا ئەوانی خستە بەهەشتێکی گەورەوە، لە شێوەی باخچەیەك. هەموو جۆرە پێداویستییەکیان پێبەخشرابوو. لەشو هۆشێکی کامڵیان هەبوو، کە پێویستی نەدەکرد پیربن یان نەخۆشبکەونو بمرن —دەیانتوانی بەهەمیشەیی بژین. منداڵەکانیان تەواو (کامل) دەبوون، ئەوانیش دەیانتوانی دواڕۆژێکی هەمیشەییو دڵخۆشیان هەبێت. دانیشتووان کە ڕێژەیان زۆر دەبوو کارێکی دڵخۆشکەرانەیان دەبوو دەیانتوانی لە کۆتاییدا هەموو زەوی بۆ بەهەشت بگۆڕن (پێکهێنان [١موسا] ١:٢٦–٣٠؛ ٢:١٥).
٨ سەبارەت بەوەی پێیان بەخشرابوو پەرتووکی پیرۆز دەگێڕێتەوە: «هەموو ئەو شتانەی خودا دروستی کردووە چاکە» (١ تیمۆساوس ٤:٤). هەروەها پەرتووکی پیرۆز دەربارەی خودا دەفەرموێ: «هەموو پێدراوێکی چاكو بەهرەیەکی تەواو لەسەرەوە دێت» (یاقوب ١:١٧). بەڵێ، ئافەریدگار سەرەتایەکی تەواوی بە خێزانی مرۆڤایەتی بەخشی. ئیتر لەوە باشتر نەدەبوو. سەلماندی کە چەند خودایەکی بایەخدەرە!
ئازادی لەسنورێکی دیاری کراودا
٩ بەڵام، ئایا مەبەستی خودا ئەوەبوو خواستی ئازاد بێ سنوربێت؟ بیهێننە بەرچاوتان، شارێکی سەرقاڵ بەبێ یاسای هاتووچۆ، کە تیایدا هەرکەس بۆی بلوێ ئۆتۆمۆبیلێك بە هەرلایەکداو بە هەر خێراییەك لێبخوڕێ. ئایا لەو بارودۆخەدا ئارەزووی لێخوڕینتان دەبێت؟ نەخێر. ئەوە دەبێتە گێرەشێوێنی لە هاتووچۆداو بێگومان ئاکامەکەی چەندین ڕووداوی دڵتەزێن دەبێت.
١٠ بەهرەی خواستی ئازادی خوداش بەهەمان شێوەیە. ئازادی بێ سنور لەناو کۆمەڵدا مانای گێرەشێوێنیە. دەبێ یاساکان هەبن بۆ ئەوەی چالاکییەکانی مرۆڤ ڕێنمایی بکرێن. ووشەی خودا دەفەرموێ: «وەك مرۆڤی سەربەست بژین، بەڵام سەربەستی مەکەن بە بیانوو بۆ بەدکاری» (١ پەترۆس ٢:١٦). خودا دەیەوێ خواستی ئازاد بۆ بەرژەوەندی گشتی ڕێکبخرێ. ئەو مەبەستی ئەوە نەبوو ئێمە ئازادی تەواوەتیمان هەبێ بەڵکو ئازادییەکی ڕێژەیی، گوێڕایەڵی یاسا بین.
یاسای کێ؟
١١ دەبێ گوێڕایەڵی یاسای کێ بین؟ بەشێکی تر لە ئایەتی ١ پەترۆس ٢:١٦ دەفەرموێ: «وەك بەندەی خودا بژین.» ئەمە مانای کۆیلایەتی بۆ زۆردارنییە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە ئێمە وا ئافراندراوین تاکو بەختەوەرتربین ئەگەر گوێڕایەڵی یاسای خودا بین (مەتتا ٢٢:٣٥–٤٠). یاساکانی ئەو باشترین ڕێنمایی دەدەن لە هەر یاسایەك کە مرۆڤ داهێنەریەتی. «من (یەهوە) م خودای تۆم ئەوەی کە تۆ فێردەکات سوود بگەیەنی بە خۆت، ئەوەی وا لە تۆ دەکات هەنگاو بنێی بەسەر ئەو ڕێبازەی کە دەبێ بەسەریدا بڕۆی» (ئەشعیا ٤٨:١٧).
١٢ لە هەمان کاتدا یاساکانی خودا لە چوارچێوەی سنورەکانیدا ڕێگا بە سەربەستی هەڵبژاردنێکی مەزن دەدات. ئەمە دەبێتە هۆی هەمەجۆری و خێزانی مرۆڤایەتی دڵگیردەکات. بیر لەو هەموو جۆرە خواردنو جلوبەرگٔو مۆسیقاو هونەرو خانوو لەیەك جیاوازانەی جیهان بکەنەوە. بێگومان حەزدەکەین خۆمان ئەم جۆرە شتانە هەڵبژێرین نەك کەسێکی تر ئەمانەمان بۆ دەستنیشان بکات.
١٣ کەواتە ئێمە ئافراندراین تاکو بەختەوەربین کاتێ ملکەچی یاساکانی خودا بین ئەوانەی پەیوەندیان بە ڕەفتاری مرۆڤەوە هەیە. بۆ نموونە ئەگەر نکۆڵیمان لەیاسای هێزی ڕاکێشان کردو لەشوێنێکی بەرزەوە خۆمان فڕێدایە خوارەوە، ئازارمان پێدەگا یاخود دەمرین. ئەگەر یاساکانی ناو لەشمان پشتگوێ خست و وازمان لە خواردن و خواردنەوەو هەناسەدان هێنا دەمرین.
١٤ بێگومان هەروەك کە ئافراندراین دەبێ گوێڕایەڵی یاسا فیزیاییەکان بین، بەو شێوەیەش ئافراندراینو پێویستیمان بەوەیە گوێڕایەڵی یاسا ئەدەبیو کۆمەڵایەتییەکان بین (مەتتا ٤:٤). مرۆڤ بۆ ئەوە نەئافراندراوە تا سەربەخۆبێ لە ئافەریدگارو سەرکەوتووبێ. یەعقوبی نێرراو دەفەرموێ «ئێمە هەموومان لە زۆر شت هەڵە دەکەین» (یەعقوب ٣:٢). هەربۆیە مرۆڤ ئافراندراوە لە هەموو ڕوویەکەوە لەژێر فەرمانڕەوایەتی خودادا بژی، نەك هی خۆی.
١٥ گوێڕایەڵی یاساکانی خودا بۆ ئەوە نەبوو باری سەر شانی دایكو باوکی یەکەممان گران بکات. بەڵکو لە پێناوی ئاسودەیی ئەوانو تەواوی خێزانی مرۆڤایەتی کاری دەکرد. ئەگەر هاتباو ژنو مێردی یەکەم لە چوارچێوەی یاساکانی خودادا بمانایەوە؟. هەموومان باش دەبووین. لەڕاستیدا ئێستا ئێمە لەناو بەهەشتێکی جوانو نایاب وەك خێزانێکی مرۆڤایەتی خۆشەویستو یەکگرتوو دەژیاین! بەدکاریو ئازارو مردن نەدەبوون.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. چ بەهرەیەکی نایاب بەشێکە لەپێکهاتەی ئێمە؟
٣-٥. بۆچی بایەخ دەدەین بە خواستی ئازاد؟
٦. چۆن خودا مێشکی ئێمەی ئافراند تا بە گونجاوی لەگەڵ خواستی ئازاد کاربکات؟
٧، ٨. خودا چ سەرەتایەکی باشی دا بە دایكو باوکی یەکەممان؟
٩، ١٠. بۆچی دەبێ خواستی ئازاد بە شێوەیەکی ڕاست ڕێکبخرێ؟
١١. دەبێ گوێڕایەڵی یاسای کێ بین؟
١٢. لە چوارچێوەی یاسای خودادا سەربەستی هەڵبژاردنی چیمان هەیە؟
١٣. بۆ بەرژەوەندی خۆمان دەبێ گوێڕایەڵی کام یاسا سروشتیانە بین؟
١٤. چۆن دەزانین کە مرۆڤ بۆ ئەوە نەئافراندراوە تا لە خودا سەربەخۆبێ؟
١٥. ئایا یاسای خودا بۆ ئادەمو حەوا دەبوو بە بارێکی گران لەسەر شانیان؟
[وێنەی لاپەڕە ١١]
ئافەریدگار سەرەتایەکی تەواوی بە مرۆڤ دا
[وێنەی لاپەڕە ١٢]
ئایا دەتانەوێ لە هاتووچۆیەکی چڕدا ئۆتۆمبیل لێبخوڕن ئەگەر هیچ یاسایەکی هاتووچۆی تێدا نەبێ؟