بەش ٥
ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییە بێهاوتاکانی خودا
پەرتووکی پیرۆز زۆر لە تایبەتمەندییە نایابەکانی خودا دەردەخا، کە بە هۆیانەوە دەتوانین ئەو بناسین. بۆ نموونە، پەرتووکی پیرۆز باس لە چوار تایبەتمەندی سەرەکی خودا دەکا ئەوانیش توانایی، دادوەری، دانایی و خۆشەویستییە. وەرن با لە هەر یەک لە وانە ورد بینەوە.
لە توانا دا بێ سنورە
خودا لە توانادا هەرەبەرزترینە
خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام» (پەیدابوون ١٧:١). توانای ئەو بێهاوتایە، بێسنورە. بەو تواناییەی هەموو گەردوونی دروستکرد.
خودا هەرگیز توانای خۆی بە خراپی بەکارناهێنێ. ئەو هەمیشە توانای خۆی بە لەسەرخۆیی و مەبەستەوە بەکاردەهێنێ. ئەو توانای خۆی بە دادوەری، زانایی، و خۆشەویستی پارسەنگ دەکا.
یەهوە توانای خۆی خۆنەپەرستانە لەپێناوی خزمەتکارانی بەکار دەهێنێ. «چونکە چاوەکانی یەزدان بەسەر هەموو زەویدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەوانە بەهێز بکات کە دڵیان لەگەڵیدا تەواوە» (٢ پوختەی مێژوو ١٦:٩). ئایا ئەم خودایە بەتوانا و بایەخدەرە سەرنجی تۆ ڕاناکێشێ؟
خودایەکی دادپەروەر
«یەزدان حەز لە دادپەروەری دەکا» (زەبوورەکان ٣٧:٢٨). خودا هەمیشە بەجۆرێک ڕەفتار دەکا کە لەگەڵ بنەما تەواوەکەی خۆی گونجاوە.
خودا بێلایەنە
خودا ڕقی لە ناڕەواییە. «لایەنگری ناکات و بەرتیل وەرناگرێ» (دواوتار ١٠:١٧). یەهوە دژی ئەو کەسانەیە کە خەڵک دەچەوسێننەوە و یارمەتی لێقەوماوان دەدات. «هیچ بێوەژن و هەتیوێک زەلیل مەکە» (دەرچوون ٢٢:٢٢). خودا بێ جیاوازی دەڕوانێتە مرۆڤەکان. «لەڕاستیدا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات. بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە» (کردار ١٠:٣٤، ٣٥).
دادوەری یەهوە بە تەواوی هاوسەنگە. ئەو هەرگیز زۆر دڵنەرم نییە و زۆر توندوتیژ نییە. ئەو کەسە تاوانبارانە سزا دەدات کە پەشیمان نابنەوە. بەڵام لە گەڵ ئەوانەی کە پەشیمانن بە بەزەییە. «یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە. تاوانبارکردنی تا سەر نییە، تووڕەیی هەتاهەتایە نییە. بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و بە گوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە» (زەبوورەکان ١٠٣:٨-١٠). خودا هەروەها کاری خزمەتکارە باوەڕدارەکانی لەبیرناچێ و پاداشیان دەداتێ. ئایا خودایەکی بەمجۆرە دادوەر، شایانی متمانەی تۆ نییە؟
خودای دانایی
پەرتووکی پیرۆز دانایی خودای تێدایە
خودا سەرچاوەی هەموو داناییەکە. «ئای لە قووڵی و دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا» (ڕۆما ١١:٣٣). دانایی خودا هاوشێوە ناکرێ و کۆتایی نایە.
دانایی خودا بەڕوونی لە ئافەریدەکانیدا دەبیندرێ. زەبوور نووس پڕ بە دڵ دەڵێ: «ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەند زۆرن! هەموویت بە دانایی دروستکردووە» (زەبوورەکان ١٠٤:٢٤).
دانایی خودا هەروەها لە پەرتووکی پیرۆزدا دەردەکەوێ. داودی پادشا نووسی: «فێرکردنەکانی یەزدان تەواوە، دەروون دەبووژێننەوە. شەریعەتی یەزدان، جێی متمانەیە، ساویلکە دەکەنە دانا» (زەبوورەکان ١٩:٧). تەنها وێنای بکە، تۆ دەتوانی سوود لە دانایی بێ کۆتایی خودا وەربگری، ئایا دەتەوێ سوود لەم هەلومەرجە وەرگری؟
خودا خۆشەویستییە
گرنگترین تایبەتمەندی خودا خۆشەویستییە. پەرتووکی پیرۆز پێمان دەڵی: «خودا خۆشەویستییە» (١ یۆحەنا ٤:٨). خوشەویستی هاندەر و رێنمای تەواوی ئەو کارانەیە کە خودا دەیکا.
خودا خۆشەویستی خۆی بە زۆر شێوەی جۆراوجۆر نیشانی ئێمە دەدات. ئەو شتی باشمان دەداتێ. «چاکە دەکات، لە ئاسمانەوە باران و وەرزی بەروبوومتان دەداتێ و دڵتان لە خواردن و خۆشی تێر دەکا» (کردار ١٤:١٧). بەڵی، «هەموو بەخشینێکی چاک وبەهرەیەکی تەواو لەلایەن سەرەوەیە، لەلایەن باوکی ڕووناکییەکانەوە دێتە خوارەوە» (یاقوب ١:١٧). لە ڕێگای پەرتووکی پیرۆز کە دیارییەکی زۆر بەنرخە، خودا ڕاستی دەربارەی خۆی دەردەخا و ئێمەش فێری یاسا و بنەما خۆشەویستەکانی دەکات. عیسا فەرمووی: «وشەکەی تۆ ڕاستییە» (یۆحەنا ١٧:١٧).
دانایی خودا لە ئافەریدەکانی دا دەمانهەژێنێ
خودا هەروەها لە کاتی لێقەوماندا یارمەتیمان دەدات «خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە، ئەو پشتگیریت دەکات، هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن» (زەبوورەکان ٥٥:٢٢). ئەو لە تاوانەکانمان خۆش دەبێت. «ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردیت، پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن» (زەبوورەکان ٨٦:٥). تەنانەت ژیانی هەمیشەییمان پێشکەش دەکات. «ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت. شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون» (ئاشکراکردن ٢١:٤). کاردانەوەی تۆ بۆ خۆشەویستی خودا چییە؟ ئایا تۆش لە بەرامبەردا ئەوت خۆشدەوێ؟
لەخودا نزیک بەوە
پاڕانەوە و بیرکردنەوە لە تایبەتمەندییەکانی خودا ئێمە لەو نزیک دەکاتەوە
خودا دەیەوێ تۆ ئەو بە باشی بناسی. وشەکەی تکات لێ دەکات: «لە خودا نزیک بنەوە، لێتان نزیک دەبێتەوە» (یاقوب ٤:٨). خودا ئیبراهیمی پێغەمبەر و باوەڕداری ناولێنا «ئیبراهیمی خۆشەویستم» (ئیشایا ٤١:٨). خودا دەیەوێ تۆش هەروەها ببیتە دۆستی ئەو.
هەرچەند تۆ شتی زۆرتر دەربارەی ئەو فێربی، ئەوەندە زۆرتر پەیوەندییەکەت بەهێزتر دەبێت و ئەوەندەش کامەرانتر دەبیت. «خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی ... ئارەزووی لە فێرکردنی یەزدانە، شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە» (زەبوورەکان ١:١، ٢). لەبەر ئەمە لەسەر خوێندنی پەرتووکی پیرۆز بەردەوامبە. بیر لە تایبەتمەندییەکان و کارەکانی خودا بکەوە. خۆشەویستی خۆت بۆ خودا نیشان بدە، لە ڕێگای جێبەجێ کردنی ئەوەی کە فێری دەبیت. «چونکە ئەمە خۆشویستنە بۆ خودا، ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنن، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین» (١ یۆحەنا ٥:٣). بپاڕێوە هەروەک چۆن زەبوورنووس پاڕایەوە: «ئەی یەزدان ڕێگاکانی خۆتم پێ بناسێنە، ڕێڕەوەکانی خۆتم فێربکە. لە ڕاستی خۆت فێرم بکە» (زەبوورەکان ٢٥:٤، ٥). ئەوکات بۆت دەردەکەوێ «لە هەر یەکێکمان دوور نییە» (کردار ١٧:٢٧).