وانەی ٣٠
دەتوانن خۆشەویستەکانتان کە لەدەست داوە دووبارە ببیننەوە!
مردنی کەسێکی خۆشەویستمان دەبێتە هۆی خەم و پەژارەیەکی زۆر، بۆیە پەرتووکی پیرۆز مردن وەک دوژمن ناو دەبات. (١ کۆرنسۆس ١٥:٢٦) لە وانەی ۲۷دا فێربووین کە یەهوە ئەم دوژمنە دەبەزێنێت. بەڵام ئایا هیچ هیوایەک هەیە بۆ ئەوانەی مردوون؟ لەم وانەیەدا دەبینین کە یەهوە بەڵێنێکی سەرسوڕهێنەری پێداوین. ئەو بەڵێنی داوە مردووەکان زیندوو بکاتەوە و ژیانی هەتاهەتایی بە ملیارەها کەس ببەخشێت! ئایا بەڕاستی زیندووبوونەوەی مردووەکان ڕوودەدات؟ مردووەکان لە کوێ زیندوو دەبنەوە؟ لە ئاسمان یان لەسەر زەوی؟
١. یەهوە بۆ خۆشەویستەکانمان کە مردوون چی دەکات؟
یەهوە بە پەرۆشە بۆ زیندووکردنەوەی مردووەکان. لە سەردەمی کۆندا، باوەڕدارێک بە ناوی ئەیوب بە تەواوی دڵنیا بوو کە خودا هەرگیز دوای مردنی لەبیری ناکات. بە خودای گوت: «بانگم دەکەیت من لە گۆڕ وەڵامت دەدەمەوە.»—ئەیوب ١٤:١٣-١٥ بخوێنەوە.
٢. چۆن بزانین مردووەکان زیندوو دەکرێنەوە؟
کاتێک عیسا لەسەر زەوی بو، خودا هێزی زیندووکردنەوەی مردووانی پێ بەخشی. بۆ نموونە، عیسا کچێکی تەمەن ۱۲ ساڵ و کوڕی بێوەژنێکی هێناوە بۆ ژیان. (مەرقۆس ٥:٤١، ٤٢; لۆقا ٧:١٢-١٥) دواتر هاوڕێی عیسا، لەعازریش مرد. هەرچەندە چوار ڕۆژ بەسەر مردن و ناشتنیدا تێپەڕبوو، بەڵام عیسا زیندووی کردەوە. دوای پاڕانەوە لە خودا، عیسا ڕووی لە گۆڕی لەعازر کرد و بە دەنگێکی بەرز وتی: «لەعازر وەرە دەرەوە!» پاشان «مردووەکە هاتە دەرەوە.»—(یۆحەنا ١١:٤٣، ٤٤) بیهێنە بەرچاوت کە خێزان و هاوڕێکانی لەعازر بە بینینی چەندە دڵخۆش بوون!
٣. چ هیوایەک هەیە بۆ خۆشەویستەکانمان کە مردوون؟
پەرتووکی پیرۆز بەڵێنی داوە کە: «هەستانەوەیەک هەیە.» (کردار ٢٤:١٥) ئەوانەی پێشتر عیسا زیندووی کردبوو، نەچووبوون بۆ ئاسمان. (یۆحەنا ٣:١٣) ئەوان بە گەڕانەوە بۆ ژیان لێرە لەسەر زەوی دڵخۆش بوون. لە داهاتوویەکی نزیکدا عیسا ملیارەها کەس دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر زەوی بۆ هەتاهەتایی چێژ لە ژیان وەربگرن. ئەو ووتی «هەموو ئەوانه ی لەناو گۆڕدان،»—دووبارە زیندوو دەبنەوە، تەنانەت ئەو کەسانەی کە پێمان وایە خودا لەبیری کردوون.—یۆحەنا ٥:٢٨، ٢٩.
زیاتر بزانە
لەم وانەیەدا، دەبینین کە بە پێی پەرتووکی پیرۆز، بە دڵنیاییەوە مردووەکان دەگەڕێنەوە بۆ ژیان. هەروەها دەبینین کە چۆن بەڵێنی زیندووبوونەوە، هیوا و هاندانمان پێدەبەخشێت.
٤. عیسا نیشانی دا کە دەتوانێت مردووان زیندوو بکاتەوە
بۆ ئەوەی بزانن عیسا چی بۆ لەعازری هاوڕێی کردووە. یۆحەنا ١١:١٤، ٣٨-٤٤ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
لە کوێوە دەزانین کە لەعازر بەڕاستی مردبوو؟—ئاماژە بە ئایەتی ٣٩.
پێتوایە ئەوە مانای هەیە، ئەگەر لەعازەر بچووبایە شوێنێکی باشتر لە ئاسمان، عیسا دەیهێنایەوە سەر زەوی بۆ ئەوەی بژی؟
٥. زۆر کەس دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ ژیان!
زەبوورەکان ٣٧:٢٩ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
ملیارەها کەس کە زیندوو دەبنەوە لە کوێ دەژین؟
عیسا جگە لە پەرستەندەکانی یەهوە، زۆر کەسی دیکە زیندوو دەکاتەوە کە باوەڕیان بە یەهوە نەبووە. کردار ٢٤:١٥ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
حەز دەکەیت دوای زیندووبوونەوە، کێ ببینیت؟
بیر لەوە بکەوە: عیسا دەتوانێت هەروەک باوکێک کە منداڵەکەی لە خەو بەخەبەر دەکاتەوە مردووان بە ئاسانی زیندوو بکاتەوە
٦. بەڵێنی هەستانەوە هیوا و دڵگێرمیمان پێدەبەخشێت
ڕاپۆرتی پەرتووکی پیرۆز دەربارەی کچی پیاوێک بە ناوی یایرۆس دڵنەوایی زۆری بە خەمبارەکان داوە. ئەم ڕاپۆرتە لە لۆقا ٨:٤٠-٤٢، ٤٩-٥٦ بخوێنەوە.
عیسا پێش ئەوەی کە کچەکەی یایرۆس زیندوو بکاتەوە، بە باوکی وت: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت!» (ئاماژە بە ئایەتی٥٠.) هیوای زیندووبوونەوە چۆن لەم حاڵەتانەی خوارەوە یارمەتیت دەدات؟ . . .
کاتێک خۆشەویستێک دەمرێت؟
کاتێک ژیانت لە مەترسیدایە؟
ڤیدیۆکە بکەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن.
چۆن هیوا بۆ زیندووبوونەوە بە دایک و باوکی کچێک بە ناوی فێلیسیتی دڵگێرمیدا؟
هەندێک کەس دەڵێن: «بۆ من زەحمەتە باوەڕ بکەم کە مردووەکان زیندوو دەبنەوە.»
ڕای تۆ چییە؟
بە کام ئایەت دەتوانیت ڕوونی بکەیتەوە کە مردووەکان زیندوو دەبنەوە؟
لە کۆتاییدا
پەرتووکی پیرۆز بەڵێنی ئەوە دەدات کە ملیارەها کەس کە مردوون زیندوو دەکرێنەوە. یەهوە دەیەوێت ئەوان بگەڕێنەوە بۆ ژیان و خودا ئەو دەسەڵاتەی داوە بە عیسا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.
پێداچوونەوە
یەهوە و عیسا چ هەستێکیان سەبارەت بە زیندووبوونەوەی مردووەکان هەیە؟
پێتوایە ملیارەها کەس کە مردوون لە ئاسمان یان لەسەر زەوی زیندوو دەکرێنەوە؟ بۆچی وا بیردەکەیتەوە؟
چۆن دەزانن، ڕۆژێک ئەو خۆشەویستانەی کە لەدەستتان داوە دووبارە دەبیننەوە؟
لێکۆڵینەوەی زیاتر
لەم گۆڤارەدا پێشنیاری بەسوود هەیە بۆ ئەوەی بتوانین بەرگەی دڵتەنگی مردنی خۆشەویستانمان بگرین.
«یارمەتی بۆ ئەوانەی خەمبارن» (لەخەوهەستە! ژمارەی. ٣ ٢٠١٨)
ئایا بەڕاستی بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز دەتوانن یارمەتی خەمباران بدەن؟
چۆن منداڵان دەتوانن بەرگەی مردنی خۆشەویستەکانیان بگرن؟
ئایا کەسێک دوای هەستانەوە دەچێتە ئاسمان؟ چ کەسانێک زیندوو نابنەوە؟