وانەی ٣٥
چۆن دەتوانین بڕیاری دروست بدەین؟
هەموومان پێویستە بڕیار بدەین. زۆرێک لەم بڕیارانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ژیانمان و پەیوەندیمان لەگەڵ یەهوە هەیە. بۆ نموونە، هەڵبژاردنی شوێنی ژیان، هەڵبژاردنی کار، هاوسەرگیری کردن یان نەکردن. ئەگەر بڕیاری باش بدەین، دەتوانین لە ژیاندا بەختەوەر بین و یەهوە دڵخۆش بکەین.
١. چۆن دەتوانن بە یارمەتی وشەی خودا بڕیاری باش بدەن؟
پێش ئەوەی بڕیارێک بدەن، لە پاڕانەوەدا داوای یارمەتی لە خودا بکەن و پەرتووکی پیرۆز بخوێننەوە بۆ ئەوەی بزانن یەهوە چۆن بیر لەو بابەتە دەکاتەوە. (پەندەکانی سلێمان ٢:٣-٦ بخوێنەوە.) لە هەندێک حاڵەتدا کە یەهوە فەرمانێکی تایبەتی پێداوین، گوێڕایەڵی ئەو فەرمانە باشترین بڕیارە.
ئەی ئەگەر یەهوە هیچ فەرمانێکی ڕوونی لەو بابەتەدا پێنەداوین؟ یەهوە ڕێنماییت دەکات «بەو ڕێگایەی کە پێویستە بڕۆیت.» (ئیشایا ٤٨:١٧) ئەو بنەمایانەی کە یەهوە پێی بەخشیوین ڕێنمای ئێمەن لە ژیاندا. مەبەست لە بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز، ئەو فێرکارییە سەرەتاییانەن کە شێوازی بیرکردنەوە و هەستەکانی یەهوە نیشان دەدەن. زۆربەی کاتەکان بە خوێندنەوەی پەرتووکی پیرۆز تێدەگەین کە خودا سەبارەت بە بابەتە جیاوازەکان چۆن هەست دەکات. ئەگەر بزانین یەهوە چۆن بیر دەکاتەوە و چۆن هەست دەکات، دەتوانین بە بڕیارەکانمان، دڵخۆشی بکەین.
٢. پێش ئەوەی بڕیار بدەین دەبێت بیر لە چی بکەینەوە؟
پەرتووکی پیرۆز دەڵێت: «ژیر دەروانێتە هەنگاوەکانی خۆی.» (پەندەکانی سلێمان ١٤:١٥) بۆیە، پێش ئەوەی بڕیارێک بدەین، پێویستە کات تەرخان بکەین و بیری لێبکەینەوە. پێش ئەوەی بڕیارێک بدەین دەتوانین چارەسەرە جیاوازەکان بسەنگێنین و لە خۆمان بپرسین: «چ بنەمایەکی پەرتووکی پیرۆز یارمەتیم دەدات؟ چ بڕیارێک نیگەرانییەکانم کەم دەکاتەوە؟ ئەم بڕیارە چۆن کاریگەری لەسەر کەسانی تر هەیە؟ لە سەرووی هەموویانەوە، ئایا یەهوە دڵخۆش دەکات؟»—دواوتار ٣٢:٢٩.
یەهوە مافی ئەوەی هەیە پێوانەی باش و خراپمان بۆ دابنێت. ئەگەر ئێمە یاسا و بنەماکانی بە باشی بناسین و هەوڵ بدەین بە گوێرەیان هەڵسوکەوت بکەین، ئەوا لە ڕاستیدا ویژدانی خۆمان پەروەردە دەکەین. ویژدان هەستێکی ناوەکیە کە یارمەتیمان دەدات ڕاست و هەڵە جیا بکەینەوە. (ڕۆما ٢:١٤، ١٥) کەواتە ئەگەر ویژدانمان بە دروستی ڕابهێنین، دەتوانین بڕیاری باش بدەین.
زیاتر بزانە
لەم وانەیەدا، دەبینین کە چۆن بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز و ویژدانمان لە بڕیاردان یارمەتیمان دەدەن.
٣. با پەرتووکی پیرۆز ڕێنماییمان بکات
چۆن بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز لە کاتی بڕیاردان ڕێنمایمان دەکات؟ ڤیدیۆکە بکەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارانەی خوارەوە بکەن.
یەهوە چ دیارییەکی بەنرخی پێبەخشیوین؟
بۆچی یەهوە مافی هەڵبژاردنی پێداوین؟
چۆن یەهوە ڕێنماییمان دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری دروست بدەین؟
ئەفەسۆس ٥:١٥، ١٦ بخوێنەوە تا لەگەڵ یەکێک لە بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز ئاشنا بی. پاشان بزانە کە چۆن پێویستە ‹کاتەکانت بە باشترین شێوە بە کار بهێنیت› بۆ ئەوەی کە بتوانیت . . .
ڕۆژانە پەرتووکی پیرۆز بخوێنت.
هاوسەر، باوک، دایک یان منداڵێکی باشتر بیت.
بەشداری کۆبوونەوەکان بکەیت.
٤. بۆ ئەوەی بڕیاری دروست بدەیت، ویژدانت ڕابهێنە
ئەگەر یاسایەکی ڕوون لە پەرتووکی پیرۆزدا هەبێت، ئاسانە بڕیاری دروست بدەیت، بەڵام ئەی ئەگەر یاسایەک لەم بارەیەدا نەبێت، چۆن؟ ڤیدیۆکە بکەنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارەی خوارەوە بکەن.
لەم ڤیدیۆیەدا، خوشکەکەمان چۆن ویژدانی خۆی فێر کرد و بڕیاری داوە کە یەهوە دڵخۆش بکات؟
بۆچی نابێت داوا لە کەسانی تر بەکەین کە بڕیارمان بۆ بدەن؟ عیبرانییەکان ٥:١٤ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
لەوانەیە ئاسانتر بێت داوا لە کەسانی تر بکەین کە بڕیارمان بۆ بدەن، بەڵام بەگوێرەی ئەم ئایەتە، بەرپرسیارەتی ئێمە چییە؟
بۆ ئەوەی ویژدانت ڕابهێنیت و بڕیاری دروست بدەیت پێویستت بە چی هەیە؟
هەروەک چۆن نەخشەیەک ڕێنمای ئێمەیە، ویژدانمان بۆ ئەوەی بڕیاری دروست بدەین لە ژیاندا ڕێنماییمان دەکات
٥. ڕێز لە ویژدانی کەسانی تر بگرن
کەسانی جیاواز بڕیاری جیاواز دەدەن. ئێمە چۆن دەتوانین ویژدانی کەسانی تر لەبەرچاو بگرین کاتێک بڕیار دەدەین؟ سەرنج بدەن بە ئەم دوو بارودۆخەی خوارەوە:
بارودۆخی ١: خوشکێک کە حەز دەکات هەمیشە مکیاژ بکات، دەچێتە کۆبونەوەیەک کە خوشکەکانی ئەو کۆمەڵە کاتێک ئەو جۆرە ماکیاژانە دەبینن، ویژدانیان دڵگران دەبێت.
ڕۆما ١٥:١ و ١ کۆرنسۆس ١٠:٢٣، ٢٤ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
ئەو خوشکە بە گوێرەی ئەم ئایەتانە چ بڕیارێک دەدات؟ ئەگەر لەگەڵ کەسێک بیت کە ویژدانی ئەو، ئەنجامدانی شتێک بە هەڵە دەزانێت، بەڵام ویژدانی تۆ ئەم شتە بە هەڵە نازانێت، چ بڕیارێک دەدەیت؟
بارودۆخی ٢: برایەک دەزانێت کە بە گوێرەی پەرتووکی پیرۆز خواردنەوەی مەشروب ئاساییە، بەڵام بڕیاری داوە مەشروب نەخواتەوە. ئەو بانگهێشت کراوە بۆ ئاهەنگێک و دەبینێت کە خوشک و براکان مەشروب دەخۆنەوە.
ژیرمەندی ٧:١٦ و ڕۆما ١٤:١ و ١٠ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
ئەو برایە بە گوێرەی ئەم ئایەتانە چ بڕیارێک دەدات؟ ئەگەر ببینیت کە کەسێک کارێک دەکات کە ویژدانت ئەوە بە هەڵە دەزانێت، چی دەکەیت؟
سێ هەنگاو بۆ بڕیاردانی دروست
١. لە یەهوە بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی لە بڕیاردان ڕێنمایتان بکات.—یاقوب ١:٥.
٢. لە پەرتووکی پیرۆز و بڵاوکراوەکانی مەسیحی بکۆڵەوە و بەدوای ئەو بنەمایانەدا بگەڕێ کە یارمەتیتان دەدەن. هەروەها دەتوانن لەگەڵ مەسیحییە بە ئەزموونەکان قسە بکەن.
٣. بیر لە دەرەنجامەکانی بڕیارەکەت بکەوە کە چ کاریگەری لەسەر ویژدانی خۆت و کەسانیتر هەیە.
هەندێک کەس دەڵێن: «مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە هەرچی بیەوێت بیکات. گرنگ نییە خەڵک چۆن بیر دەکەنەوە.»
بۆچی دەبێت لە کاتی بڕیاردان هەستی خودا و کەسانی تر لەبەرچاو بگرین؟
لە کۆتاییدا
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دوو خاڵە، دەتوانین بڕیاری باش بدەین: ١) هەستی یەهوە سەبارەت بەو بابەتە چۆنە؟ ٢) بڕیارەکەمان چۆن کاریگەری لەسەر کەسانی تر هەیە؟
پێداچوونەوە
چۆن دەتوانیت بڕیارێک بدەیت کە یەهوە دڵخۆش بکات؟
چۆن دەتوانیت ویژدانت پەروەردە بکەیت؟
چۆن دەتوانیت ڕێز لە ویژدانی کەسانی تر بگریت؟
لێکۆڵینەوەی زیاتر
چۆن گرتنی بڕیارەکانتان دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەیوەندیتان لەگەڵ خودا بەهێزتر بێت؟
«بڕیار بدەن کە ببنە هۆکاری شکۆمەندی خودا» (تاوەری چاودێری، ئەپریل ١٥، ٢٠١١)
یەهوە چۆن ڕێبەرایەتیمان دەکات؟ بە سەیرکردنی ئەم ڤیدیۆیە باشتر لەوە تێدەگەن.
چۆن پیاوێک توانی سەرەڕای کێشەکان بڕیاری دروست بدات؟
کاتێک یەهوە یاسایەکی ڕوونی پێنەداوین، چۆن دەتوانین بڕیاری باش بدەین و دڵخۆشی بکەین؟