وانەی ٤٣
مەسیحییەکان دەبێ سەبارەت بە خواردنەوەی مەشروب چ بۆچوونێکێان هەبێت؟
لە وڵاتە جیاوازەکان، خەڵک بیروڕای جیاوازیان سەبارەت بە خواردنەوەی مەشروب هەیە. هەندێک کەس چێژ لە خواردنەوە لەگەڵ هاوڕێکانیان وەردەگرن. هەروەها هەندێک کەس بڕیار دەدەن کە خواردنەوە کحولییەکان نەخۆنەوە. هەندێکی تر ئەوەندە دەخۆنەوە کە سەرخۆش دەبن. پەرتووکی پیرۆز دەربارەی خواردنەوەی مەشروب چی دەڵێت؟
١. ئایا خواردنەوەی مەشروب هەڵەیە؟
پەرتووکی پیرۆز خواردنەوەی مەشروبی قەدەغە نەکردووە. بەڵکو خواردنەوە کحولیەکان وەک زۆر شتی تر نیعمەتێک لەلایان خوداوە دەزانێت بۆ نموونە لە پەرتووکی پیرۆزدا هاتووە «مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی.» (زەبوورەکان ١٠٤:١٤، ١٥) لە پەرتووکی پیرۆز ناوی هەندێک لە پیاوان و ژنانی باوەڕدار هاتووە کە هەندێک جار مەشروبیان خواردووەتەوە.—١ تیمۆساوس ٥:٢٣.
٢. پەرتووکی پیرۆز بەو کەسانەی کە دەیانەوێت مەشروب بخۆنەوە چ ئامۆژگارییەک دەدات؟
یەهوە ڕێگە بە زیادەڕەوی لە خواردنەوەی کحولیەکان و سەرخۆشی نادات. (گەلاتیا ٥:٢١) لە وشەکەیدا دەخوێنینەوە: ‹لەگەڵ سەرخۆشەکان تێکەڵی مەکە.› (پەندەکانی سلێمان ٢٣:٢٠) کەواتە، ئەگەر بمانەوێت مەشروب بخۆینەوە، نابێت ئەوەندە بخۆینەوە کە بێئاگا بین و نەتوانین کۆنتڕۆڵی بیرکردنەوە، وشە و ڕەفتارمان بکەین. هەروەها نابێت ئەوەندە بخۆینەوە کە تەندروستیمان بکەوێتە مەترسییەوە. ئەگەر نەتوانین کۆنتڕۆڵی بڕی ئەو کحولە کە دەیخۆینەوە بکەین، دەبێت ئامادە بین واز لە مەشروب بهێنین.
٣. چۆن دەتوانین سەبارەت بە خواردنەوەی مەشروب ڕێز لە بڕیاری کەسانی تر بگرین؟
هەموو کەسێک دەبێت خۆی بڕیار بدات کە ئایا دەیەوێت مەشروب بخواتەوە یان نا. بۆیە نابێت ئەو کەسانە مەحکوم بکەین کە دەیانەوێت کحول بخۆنەوە. هەروەها نابێت فشار بخەینە سەر ئەوانەی بڕیاریان داوە مەشروب نەخۆنەوە. (ڕۆما ١٤:١٠) سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر خواردنەوەمان کەسانی تری ناڕەحەت کرد، دەبێت خۆمان لەو کارە دوور بخەینەوە. (ڕۆما ١٤:٢١ بخوێنەوە.) «ئێمە تەنها بیر لە خۆمان ناکەینەوە، بەڵکو بیر لە کەسانی تر و سوودی ئەوانیش دەکەینەوە.»—١ کۆرنسۆس ١٠:٢٣، ٢٤ بخوێنەوە.
زیاتر بزانە
لەم وانەیەدا، دەبینین چۆن بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز یارمەتیمان دەدەن سەبارەت بە خواردنەوەی مەشروب بڕیاری دروست بدەین. هەروەها دەبینین چۆن دەتوانین کۆنتڕۆڵی بڕی کحول بکەین.
٤. بڕیار بدە کە دەتەوێ مەشروب بخۆیتەوە یان نا
عیسا سەبارەت بە خواردنەوەی مەشروب چۆن بیری دەکردەوە؟ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە، با سەیری یەکەم موعجیزەی عیسا بکەین. یۆحەنا ٢:١-١١ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
بۆچوونی عیسا سەبارەت بە خواردنەوەی مەشروب و ئەو کەسانەی کە مەشروب دەخۆنەوە چییە؟
عیسا ئەو کەسانەی کە مەشروبیان دەخواردەوە، مەحکوم نەکرد. کەواتە دەبێت ئێمە چۆن سەیری ئەو کەسانە بکەین، کە مەشروب دەخۆنەوە؟
دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە هەرچەندە ئێمە مافی هەڵبژاردنی خواردننەوەی مەشروبمان هەیە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا ژیرانە نییە ئەم کارە بیکەین. پەندەکانی سلێمان ٢٢:٣ بخوێنەوە و دواتر بزانە ئایا خواردنەوەی مەشروب لەم حاڵەتانەی خوارەوە ژیرانەیە یان نا:
پێش لێخوڕینی ئۆتۆمبێل یان بەکارهێنانی ئامێری قورس.
لە کاتی دووگیانیدا.
ئەگەر پزیشکەکەت پێت بڵێت کە مەشروب نەخۆیتەوە.
ئەگەر نەتوانیت کۆنتڕۆڵی بڕی ئەو مەشروبە بکەیت کە دەیخۆیتەوە.
ئەگەر خواردنەوەی مەشروب نایاساییە لەو وڵاتەی تێیدا دەژیت.
ئەگەر لەگەڵ کەسێکدایت کە پێشتر مەشروبخۆر بووە و بڕیاریداوە چیتر نەخواتەوە.
ئەگەر دەتەوێت بڕیار بدەیت کە لە ئاهەنگەکان یان ئاهەنگی هاوسەرگیریدا مەشروب پێشکەش بکەیت یان نا ئەم، ڤیدیۆکە بکەوە.
ڕۆما ١٣:١٣ و ١ کۆرنسۆس ١٠:٣١، ٣٢ بخوێنەوە و دوای خوێندنەوەی هەر ئایەتێک، لەسەر ئەم پرسیارانەی خوارەوە گفتوگۆ بکەن:
ئەم بنەمایەی پەرتووکی پیرۆز چۆن یارمەتیت دەدات بڕیارێک بدەیت کە یەهوە دڵخۆش بکات؟
هەر کەسێک دەبێت خۆی بڕیار بدات کە ئایا دەیەوێت مەشروب بخواتەوە یان نا. تەنانەت ئەگەر بیهوێت مەی بیخواتەوه، له وانەیە لە هەندێک حاڵەتدا بڕیاری نەخواردنەوەی بدات
٥. لە خواردنەوەی مەشروب سنوورێک بۆ خۆت دابنێ
ئەگەر دەتەوێت مەشروب بخۆیتەوە، ئەم خاڵە لەبیر مەکە: ڕاستە یەهوە خواردنەوەی کحولی قەدەغە نەکردووە، بەڵام سەرخۆشبوون و زیادەڕەویکردن بە هەڵە دەزانێت. هۆشەع ٤:١١، ١٨ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
زۆر جار ئەگەر کەسێک زۆر کحول بخواتەوە چی ڕوودەدات؟
بۆ ئەوەی کە زۆر مەشروب نەخۆینەوە دەبێت چی بکەین؟ پێویستە بێ فیز بین و بزانین توانای خواردنەوەمان چەندەیە. پەندەکانی سلێمان ١١:٢ بخوێنەوە، دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
بۆچی ژیرانەیە سنوورێک بۆ خواردنەوەی مەشروب دابنرێت؟
٦. چۆن واز لە ئالوودەبوون بە مەی بهێنین؟
لەم ڤیدیۆیەدا دەبینن پیاوێک چۆن توانی واز لە خواردنەوە کحولیەکان بهێنێت. ڤیدیۆکە بکەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن.
خواردنەوە مەشروب چ کاریگەرییەکی لەسەر دیمیتری هەبوو؟
ئایا دیمیتری توانی یەکسەر واز لە خواردنەوەی کحول بهێنێت؟
ئەو چۆن توانی واز لە ئالوودەبوون بە مەی بهێنێت؟
١ کۆرنسۆس ٦:١٠، ١١ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن:
ئایا سەرخۆشی گوناهێکی گەورەیە؟
ئایا کەسانی مەشروب خۆر یان ئالوودەبووان دەتوانن واز لە خواردنەوەی مەشروب بهێنن؟
مەتا ٥:٣٠ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
لەم ئایەتەدا بڕینی دەستێک یان ئەندامێکی جەستە بەو مانایەیە کە هەندێک جار دەبێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە بکەین و گۆڕانکاری گەورە لە ژیانماندا بکەین بۆ ئەوەی دڵی یەهوە خودا خۆش بکەین. ئەگەر خوویی زیادەڕەوی لە خواردنەوەی مەشروبت هەیە، پێویستە چی بکەیت؟a
١ کۆرنسۆس ١٥:٣٣ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
چۆن ڕەنگە هاوڕێکانت کاریگەرییان هەبێت لەسەر بڕی ئەو کحولەی کە دەیخۆیتەوە؟
هەندێک کەس دەڵێن: «ئایا خواردنەوەی مەشروب حەرام و هەڵەیە؟»
ئێوە چۆن وەڵام دەدەنەوە؟
لە کۆتاییدا
یەهوە خودا ڕێگەی پێداوین تا ڕادەیەکی دیاریکراو مەی بخۆینەوە و چێژی لێی وەربگرین، بەڵام ڕێگە بە زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی مەشروب و سەرخۆشی نادات.
پێداچوونەوە
تێڕوانینی پەرتووکی پیرۆز سەبارەت بە خواردنەوەی مەشروب چییە؟
مەترسییەکانی زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی مەی چین؟
چۆن دەتوانین سەبارەت بە خواردنەوەی مەشروب ڕێز لە بڕیاری کەسانی تر بگرین؟
لێکۆڵینەوەی زیاتر
چۆن گەنجان دەتوانن سەبارەت بە خواردنەوەی مەشروب بڕیاری ژیرانە بدەن؟
ئەگەر ناتوانی کۆنتڕۆڵی خواردنەوەکەت بکەیت، پێویستە چی بکەیت؟
«پاراستنی هاوسەنگی لە خواردنەوەی مەشروبە کحولیەکان» (گۆڤاری ماڵپەڕ)
ئایا دروستە کە ئێمەی مەسیحی، پەرداخەکانی خواردنەوەمان لە یەک بدەین و بۆ تەندروستی یەکتر مەشروب بخۆینەوە؟
بە خوێندنەوەی ژیاننامەی پیاوێک بە ناوی لوکا، بۆت دەردەکەوێت کە چۆن وازی لە مەیخواردنەوە هێناوە.
a ئەوانەی ئالوودەی خواردنەوە کحولیەکان بوون لەوانەیە پێویستیان بە هاوکاری پزیشک هەبێت بەپێی ئامۆژگاری زۆرێک لە پزیشکان، ئەوانەی پێشتر زۆریان مەشروب دەخواردەوە، باشترە بەتەواوی وازی لێبهێنن.