بەشی ١١
بناغەی جیهانە نوێیەکە ئێستا دادەمەزرێ
ئەوەشی کە زۆر نایابە ئەو ڕاستییەیە کە بناغەی جیهانی نوێی خودا ئێستا دادەمەزرێ، لە کاتێکدا جیهانە کۆنەکەی شەیتان هەڵدەوەشێ. بە چاوی خۆمان دەیبینین خودا خەڵکی لە هەموو نەتەوەکانەوە کۆدەکاتەوەو دەیانکاتە بەشێك لە بناغەی کۆمەڵگای زەوی نوێ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا شوێنی ئەم جیهانە دابەشکراوەی ئەمڕۆ دەگرێتەوە. لە پەرتووکی پیرۆزدا لە ٢ پەترۆس ٣:١٣، ئەو کۆمەڵگە نوێیە پێی دەوترێ «زەوی نوێ.»
٢ هەروەها پێشبینی پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ «لە ڕۆژانی دوایی [ئەم سەردەمەی کە ئێمە تیایدا دەژین] ... خەڵکانێکی زۆر بۆ ئەوێ دەچنو دەڵێن وەرن با سەرکەوینە سەر چیای یەهوە [خوداپەرستییە ڕاستەقینەکەی ئەو] ... ئەو ئێمە دەربارەی ڕێبازەکەی خۆی فێردەکاتو ئێمەش بە سەر ڕێبازی ئەودا دەڕۆین» (ئەشعیا ٢:٢، ٣).
٣ ئەم پێشبینیە ئێستا لە نێوان ئەو کەسانەی کە گوێڕایەڵی ‹ڕێبازەکانی خودانو لەسەر ڕێبازی ئەو دەڕۆن.› دێتەدی. دوانووسراوی پەرتووکی پیرۆز لەسەر ئەم کۆمەڵگە نێودەوڵەتییە ئاشتی خوازە دەدوێ کە «کۆمەڵە خەڵکێکی» نەژمێردراون «لە هەموو نەتەوەو میللەتانو هۆزو گەلو زمانێك،» برایەتییەکی جیهانی ڕاستەقینەن کە بە یەکگرتوویی خزمەتی خودا دەکەن. هەروەها پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ: «ئەوانەی کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون.» بە واتایەکیتر ئەوانەی لە کۆتایی ئەم جیهانە بەدکارە ڕزگاریان دەبێ (بینین ٧:٩، ١٤؛ مەتتا ٢٤:٣).
برایەتییەکی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە
٤ ملیۆنەها کەس لە شاهیدانی یەهوە بەڕاستی هەوڵ دەدەن بە گوێرەی ڕێبازو ڕێنماییەکانی خودا بژین. ئاواتیان بە ژیانی هەمیشەیی لە جیهانی نوێی خودادا لەنگەر دەگرێ. بە بەسەربردنی ژیانی ڕۆژانەیان بە گوێڕایەڵی کردن بۆ یاساکانی خودا، ئەوە نیشان دەدەن کە ئێستاو هەروەها بە هەمان شێوە لە جیهانی نوێشدا ئارەزووی گوێڕایەڵکردنیان بۆ ڕێبازی فەرمانڕەوایەتی خودا هەیە. لە هەموو شوێنێك، سەرەڕای جیاوازی ڕەگەزایەتیو نەتەوایەتیان، گوێڕایەڵی هەمان پێوانەکانی خودان — کە لە ووشەکەیدا (پەرتووکی پیرۆز) دایڕشتوون. لەبەر ئەم هۆیە ئەوانە برایەتییەکی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە پێکدەهێنن، کە کۆمەڵگەی جیهانیی نوێیە لە دەسکردی خودا (مەتتا ٢٢:٣٧، ٣٨؛ یۆحەننا ٦:٤٥؛ ١٥:٩، ١٤).
٥ شاهیدانی یەهوە بوونی ئەو برایەتییە نێودەوڵەتیە بێهاوتایە بە باشیەتی خۆیان نازانن، بەڵکو دەزانن ئەمە ئاکامی ڕۆحی کاریگەری خودایەو لەو خەڵکانەدا کە گوێڕایەڵی یاساکانی ئەون کاردەکات (کرداری نێرراوان ٥:٢٩، ٣٢؛ غەڵاتیە ٥:٢٢، ٢٣). ئەمە کاری خودایە، هەروەك عیسا فەرمووی، «ئەوەی لە لای خەڵکی نابێت، لای خودا دەبێت» (لۆقا ١٨:٢٧). ئەو خودایەی کە گەردونی جێگیرکردووە هەر ئەویشە وادەکا کۆمەڵگەی جیهانی نوێ جێگیرببێ.
٦ بەم جۆرە، چۆنیەتی فەرمانڕەوایەتی کردنی یەهوە لە جیهانی نوێدا ئێستا دەتوانرێ ببینرێ لەو شتانەی کە ئەو بەرهەمی دەهێنێ لە بناغەی جیهانە نوێیەکەدا کە ئێستا دادەمەزرێ. ئەوەی ئەو لەگەڵ شاهیدانی خۆی کردی، بە واتایەك لە واتەکان، سەرسوڕهێنەرێکی هاوچەرخە. بۆچی؟ چونکە ئەو گەشەی بە شاهیدانی یەهوە کرد تاکو برایەتییەکی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە پێکبهێنن، برایەتییەك کە هەرگیز هۆیە جیاکارەکانی وەك بەرژەوەندی نەتەوەییو هۆزیەتیو ئایینی ناتوانێ تێکیبدات. هەرچەندە ژمارەی شاهیدان دەگاتە چەند ملیۆنێك لە زیاتر لە ٢٠٠ ووڵاتو هەرێم دەژین، ئەوان وەك گورزەیەکی هەڵ نەوەشاو بەیەکەوە بەستراون. ئەو برایەتییە جیهانییە لە مێژوودا بێهاوتایە، بێگومان سەرسوڕهێنەری هاوچەرخە کە کاری خودایە. (ئەشعیا ٤٣:١٠، ١١، ١٢؛ کرداری نێرراوان ١٠:٣٤، ٣٥؛ غەڵاتیە ٣:٢٨).
دیاریکردنی ناسنامەی گەلی خودا
٧ چۆن دەتوانین باشتر دیاریبکەین ئەو گەلە کێیە کە خودا وەکو بناغەیەك بۆ جیهانە نوێیەکە بەکاریدەهێنێ؟ باشە، کێن ئەوانەی ووشەکانی عیسا لە یۆحەننا ١٣:٣٤، ٣٥ جێبەجێ دەکەن؟ کە دەڵێ: «ڕاسپاردەیەکی تازەتان پێ ڕادەسپێرم: یەکتریتان خۆش بوێ. هەروەك چۆن من خۆشمویستن، ئاوا یەکتریتان خۆشبوێ. بەمە هەموو خەڵکی دەزانن کە قوتابی منن، گەر ئێوە یەکتریتان خۆشویست.» شاهیدانی یەهوە باوەڕ بە ووشەکانی عیسا دەکەنو بە گوێرەی ئەو ووشانە کار دەکەن. هەروەك فەرموودەی خودا پێمان ڕادەسپێرێ «خۆشەویستییەکی بەهێزیان بۆ یەکتری هەیە» (١ پەترۆس ٤:٨). ئەوان «بەرگی خۆشەویستی لەبەردەکەن، چونکە [خۆشەویستی] هەموو شتێك بە تەواوی بەیەکەوە دەبەستێت» (کۆلۆسی ٣:١٤). کەواتە خۆشەویستیو برایەتی ئەو «کەتیرەیە» یە کە ئەوان لەسەر ئاستێکی جیهانیدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
٨ هەروەها ١ یۆحەننا ٣:١٠–١٢ دەفەرموێ: «بەمە ڕۆڵەکانی خودا لە ڕۆڵەکانی شەیتان جیادەکرێنەوە: ئەوەی ڕاستو دروستی نەکاتو برای خۆی خۆشنەوێت لە خودا نییە. چونکە ئەمە ئەو هەواڵەیە کە لە سەرەتاوە گوێتان لێبووە، پێویستە هەر یەکەمان ئەوی تری خۆشبوێت، بە پێچەوانەی قابیل کە سەر بە خراپکار [شەیتان] بوو، براکەی خۆی کوشت.» بەم جۆرە گەلی خودا برایەتییەکی جیهانییە نەفرەت لە زەبروزەنگ دەکات.
ڕوانگەیەکی تر بۆ دیاریکردنی ناسنامە
٩ ڕێگایەکی تریش هەیە بۆ دیاریکردنی ناسانامەی خزمەتکارانی خودا. عیسا لە پێشبینییەکەی دەربارەی کۆتایی جیهان، ناوی زۆر شتی ئەم سەردەمەی برد کە دەبن بەنیشانە بۆ ڕۆژانی دوایی. (سەیری بەشی ٩ بکەن.) یەکێك لە بەشە سەرەکیەکانی ئەم پێشبینییە لە ووشەکانی عیسا لە مەتتا ٢٤:١٤ ئاماژەی بۆکراوە: «مزگێنی ئەم پادشاهێتیە لە هەموو جیهان ڕادەگەیەندرێ، وەك شایەتییەك بۆ من لای هەموو میللەتان، ئینجا کۆتایی دێ.»
١٠ ئایا هاتنەدی ئەم پێشبینییە دەبینین؟ بەڵێ. هەر لەگەڵ دەستپێکردنی ڕۆژانی دوایی لە ساڵی ١٩١٤دا، شاهیدانی یەهوە دەستیانکرد بە ڕاگەیاندنی مزگێنی پادشاهێتی خودا لە سەرانسەری جیهان بەو جۆرەی کە عیسا فەرمانیدا، واتە دەچن بۆ لای خەڵکی لە ماڵان (مەتتا ١٠:٧، ١٢؛ کرداری نێرراوان ٢٠:٢٠). ملیۆنەها شاهید سەردانی خەڵکی دەکەن لە هەموو نەتەوەکان بۆئەوەی لەگەڵیاندا دەربارەی جیهانی نوێ گفتوگۆ بکەن. هەربۆیە تۆش ئەم بڵاوکراوەیەت بەدەست گەیشتووە، چونکە بەشێك لە کاری شاهیدانی یەهوە بریتییە لە لەچاپدانو بڵاوکردنەوەی ملیارەها چاپکراوە دەربارەی پادشاهێتی خودا. ئایا کەسی تر دەناسن پادشاهێتی خودا ماڵ بە ماڵ لە سەرانسەری جیهان ڕابگەیەنێت؟ مەرقۆس ١٣:١٠ نیشانی دەدات کە کاری بڵاوکردنەوەو فێرکردن دەبێ «یەکەمجار» پێش ئەوەی کە کۆتاییەکە بێت، ڕابگەێنرێ.
وەڵامدانەوە سەبارەت بە کێشە مەزنەکەی دووەم
١١ بە گوێڕایەڵی بۆ یاساو بنەماکانی خودا، شاهیدانی یەهوە شتێکی تریش بەدەست دەهێنن. ئەوەش دەرخستنی درۆزنیەتی شەیتانە کاتێ بانگەشەی ئەوەی کرد کە مرۆڤ لەژێر ئەزمووندا بۆ خودا بە دڵسۆزی نامێنێتەوە، بەم جۆرە وەڵامی کێشە مەزنەکەی دووەمیان بەدەستهێنا، کە ڕاستیەتی مرۆڤ دەگرێتە خۆی (ئەیوب ٢:١–٥). لەبەرئەوەی ئەوان کۆمەڵگەیەکن لە ملیۆنەها کەسی هەموو نەتەوەکان پێکهاتوون، وەکو یەك جەستە دڵسۆزی خۆیان بۆ فەرمانڕەوایەتی خودا دەنوێنن، هەرچەندە ئەوانیش وەك مرۆڤی تر کەموکوڕیان هەیە، سەرەڕای گوشاری شەیتان، لە کێشەی دەسەڵاتی باڵای گەردونیدا لایەنی خودا دەگرن.
١٢ ئەمڕۆ، ملیۆنەها کەس لە شاهیدانی یەهوە شایەتی خۆیان دەخەنە پاڵ ئەو کۆمەڵە شاهیدە زۆرانەی کە لە سەردەمەکانی ڕابردوودا دڵسۆزی خۆیان نواند. هەندێك لەوانە هابیل، نوح، ئەیوب، ئیبراهیم، سارا، ئیسحاق، یەعقوب، دیبۆرە، داودو دانیال. ئەمە ناوی هەندێك لەوانەن (عیبرانیەکان، ئایەتی ١١). هەروەك پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ، ‹هەورێکی مەزن لە شاهیدانی دڵسۆز› (عیبرانیەکان ١٢:١). ئەوانەو کەسانی ترو قوتابییەکانی عیساش ڕاستیەتی خۆیان بەرامبەر بە خودا پاراست. عیساش خۆی مەزنترین نموونەی پاراستنی ڕاستیەتی تەواوی نواند.
١٣ ئەمە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە عیسا سەبارەت بە شەیتان بە پێشەوایانی ئایینی ووت: «بەڵام من چونکە ئەو کەسەم ئەو ڕاستیەی لە خوداوە بیستبووم پێم ووتن، ئێوە هەوڵی کوشتنم دەدەن، ... ئێوە ڕۆڵەی شەیتانی باوکتانن، دەتانەوێ ئارەزووەکانی باوکتان جێبەجێ بکەن. ئەو هەر لە سەرەتاوە خەڵك کوژ بووە، نەیتوانی لە ڕاستیدا بچەسپێ، چونکە ڕاستی لەودا نییە! کاتێکیش درۆ دەکات ئەوە دەردەخات کە تیایەتی، چونکە خۆی درۆزنەو باوکی درۆیە» (یۆحەننا ٨:٤٠، ٤٤).
چی هەڵدەبژێرن؟
١٤ بناغەی ئەو جیهانە نوێیەی کە خودا ئێستا لە کۆمەڵگەی شاهیدانی یەهوەی نێونەتەوەیی دایدەمەزرێنێ بەهێزو بەهێزتر دەبێ. هەموو ساڵێك سەدان هەزار کەس خواستی ئازادی خۆیان، پشتبەست بە زانیاریەکی دروست، بۆ پەسەندکردنی فەرمانڕەوایەتی خودا بەکاردەهێنن. ئەوان دەبن بە بەشێك لە کۆمەڵگەی جیهانی نوێ، لەکێشەی دەسەڵاتی باڵای گەردونی لایەنی خودا دەگرنو دەیسەلمێنن کە شەیتان درۆزنە.
١٥ بە هەڵبژاردنی فەرمانڕەوایەتی خودا، شایانی ئەوە دەبن لە «دەستەڕاستی» عیسادا دابنرێن لە کاتێکدا ئەو «مەڕەکان» لە «بزنەکان» جیادەکاتەوە، لە پێشبینییەکەی سەبارەت بە ڕۆژانی دوایی عیسا ووتی: «هەموو نەتەوەکان کۆدەبنەوە لەبەردەمیدا، ئەویش هەندێکیان لەوی دیکەیان جیا دەکاتەوە وەك چۆن شوان مەڕ لە بزن جیا دەکاتەوە. جا مەڕەکان لەلای ڕاستی خۆی ڕادەگرێو بزنەکانیش لەلای چەپیەوە.» مەڕەکان خەڵکێکی بێفیزن کە هاوڕێیەتیو پشتگیری برایانی عیسایان کردووە، کە بە گوێڕایەڵی بۆ فەرمانڕەوایەتی خودا. بزنەکانیش خەڵکێکی لاسارنو برایانی عیسایان ڕەتدکردۆتەوە بۆ پشتگیری فەرمانڕەوایەتی خودا هیچ شتێکیان نەکردووە. بە چ ئاکامێك؟ عیسا ووتی: «ئەمانە [بزنەکان] دەڕۆنو لادەبرێن بۆ نەمانی هەمیشەییو بێگوناهەکان [مەڕەکان] بۆ ژیانی هەمیشەیی.» (وەرگێڕانی جیهانی نوێی ئینگلیزی) (مەتتا ٢٥:٣١-٤٦).
١٦ خودا بەڕاستی بایەخ بە ئێمە دەداتو، لە نزیکترین کاتدا بەهەشتێکی زەمینی دڵفڕێن دابیین دەکات. ئایا دەتانەوێ لەو بەهەشتەدا بژین؟ ئەگەر وایە، گرنگی بە ئامادەکارییەکانی یەهوە بدەن، بە فێربوون دەربارەی ئەو و کارکردن بەگوێرەی ئەوەی کە فێری دەبن. «بگەڕێن بەدوایی خودادا لە کاتێکدا ئەو بەردەستبارە. داوای بکەن لەکاتێکا ئەو لێتانەوە نزیکە. با بەدکار واز لە ڕێبازی خۆی بهێنێ پیاو خراپ واز لە بێروبۆچوونەکانی خۆی بهێنێو بگەڕێتەوە بۆ لای یەهوە بۆئەوەی ئەویش بەزەیی پێدابێتەوە» (ئەشعیا ٥٥:٦، ٧).
١٧ کات نەماوە بۆ بەفیڕۆدان، کۆتایی ئەم سیستەمە کۆنە زۆر نزیکە. ووشەی خودا ئامۆژگاری دەکا: «نە جیهانتان خۆشبوێت، نە ئەو شتانەی تیایەتی، چونکە گەر یەکێك جیهانی خۆشبوێت، ئەوا خۆشەویستی باوکی ئاسمانی تیادا نییە ... چونکە ئەوەی لە جیهاندایە، ئارەزووی لەشو چاو و سەڵتەنەتی ژیان لە جیهانەوەیە نەك لە باوك» (١ یۆحەننا ٢:١٥–١٧).
١٨ گەلی خودا بۆ ژیانی هەمیشەیی لە جیهانی نوێدا ئێستا ڕادەهێنرێن. فێری کارامەیی ڕۆحیو شتیتر دەبن کە پێویستن تاکو گەشە بە بەهەشت بدەن. ئێمە هانتان دەدەین خودا وەك فەرمانڕەوایەك هەڵبژێرنو پشتگیری لەو کارە ژیان ڕزگارکەرە بکەن کە ئێستا لە سەرانسەری زەویدا بەجێ دەگەیەنرێ. پەرتووکی پیرۆز لەگەڵ شاهیدانی یەهوە بخوێننو ئەو خودایە بناسن کە بەڕاستی بایەختان پێدەداتو کۆتایی بە ئازاردان دەهێنێ. بەم جۆرە ئێوەش دەتوانن ببن بە بەشێك لە بناغەی جیهانی نوێ. ئەوکاتە دەتوانن بە دڵنیاییەوە بەرەوپێش بڕوانن بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندی خوداو لەو جیهانە نوێیە نایابەدا بەهەمیشەیی بژین.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. وەك بەدیهاتن بۆ پێشبینی پەرتووکی پیرۆز چی لە بەرچاومان ڕوودەدات؟
٣. (ا) پێشبینی ئەشعیا لە نێوان کێدا دێتەدی؟ (ب) دوابەشی پەرتووکی پیرۆز لەم بارەیەوە چۆن دەدوێت؟
٤، ٥. بۆچی شاهیدانی یەهوە دەتوانن برایەتییەکی جیهانییان هەبێ؟
٦. بۆچی دەشێ برایەتی شاهیدانی یەهوە بە سەرسوڕهێنەرێکی هاوچەرخ ناو ببرێ؟
٧. بەگوێرەی ووتەی عیسا، ناسنامەی بەدواکەوتوانی ئەو چۆن دیاری دەکرێ؟
٨. چۆن ١ یۆحەننا ٣:١٠–١٢ ناسنامەی گەلی خودا باشتر دیاری دەکا؟
٩، ١٠. (ا) خزمەتکارانی خودا لە ڕۆژانی دوایی بە چ کارێك دەناسرێن؟ (ب) شاهیدانی یەهوە مەتتا ٢٤:١٤ یان چۆن هێنایەدی؟
١١. بە گوێڕایەڵ کردنیان بۆ فەرمانڕەوایەتی خودا شاهیدانی یەهوە چ شتێکی تر بە ئەنجام دەگەیەنن؟
١٢. بە باوەڕەکەیانەوە شاهیدانی یەهوە لاسایی کێ دەکەنەوە؟
١٣. کام ووشانەی عیسا دەربارەی شەیتان سەلمێندرا کە ڕاستن؟
١٤. سەبارەت بە بناغەی جیهانی نوێ ئێستا چی ڕوودەدات؟
١٥. عیسا چ کارێکی جیاکردنەوە بە ئەنجام دەگەێنێت؟
١٦. پێویستە چی بکەن گەر بتانەوێ لە بەهەشتی داهاتوودا بژین؟
١٧. بۆچی لە هەڵبژاردنی ئەوکەسەی کە دەمانەوێ خزمەتی بکەین هیچ کاتمان بەدەستەوە نەماوە بۆ بەفیڕۆدان؟
١٨. چ جۆرە چالاکیەك واتان لێدەکات بتوانن بە دڵنیاییەو بەرەو پێشەوە بڕوانن بۆ ئەوەی لە جیهانی نوێی نایابی خودادا بژین؟
[وێنەی لاپەڕە ٣١]
شاهیدانی یەهوە برایەتییەکی نێونەتەوەیی ڕاستەقینەیان هەیە
[وێنەی لاپەڕە ٣٢]
بناغەی جیهانە نوێیەکەی خودا ئێستا دامەزراوە