بەش ٢٠
عیسای مەسیح دەکوژن
عیسا جەژنێکی نوێ دادەمەزرێنێ؛ خیانەتی لێ دەکەنو لەداردەدرێ
دوای سێ ساڵو نیو مزگێنیدانو فێرکردن، عیسا دەیزانی کاتی مانەوەی لەسەر زەوی بەرەو کۆتای دەڕوات. پێشەوا ئایینییەکانی جوولەکەکان پلانێکیان دانا بۆ کوشتنی، بەڵام ترسیان لەوە هەبوو ئەو خەڵکەی عیسایان بە پێغەمبەر دادەنا ئاژاوەیەکیان بۆ بنێنەوە. هاوکات، شەیتان کاری کردە سەر یەکێك لە ١٢ قوتابییەکانی عیسا بەناوی یەهوزای ئەسخەریوتی تا خیانەتی لێبکات. پێشەوا ئایینییەکان بەڵێنی ٣٠ دراوی زیویان دا بە یەهوزا بۆ ئەو خیانەت کردنە.
لە دوا شەویدا عیسا قوتابییەکانی کۆکردەوە تا جەژنی تێپەڕبوون دابمەزرێنێ. دوای ئەوەی یەهوزا لەگەڵیان نەما، جەژنە نوێییەکەی دامەزراند، کە نانی ئێوارەی سەروەرە. پارچەیەك نانی لێکردەوەو، سوپاسی خودای کردو نانەکەی بەسەر ئەو ١١ قوتابییەی تردا گێڕاو بەبیریهێنانەوە. «ئەمە لەشمە، ئەوەی لەپێناوتان بەخت دەکرێ» هەروەها ووتی «ئەمە بکەن بۆ یادکردنەوەم.» هەمان شتی لەگەڵ کردن کاتێ جامێ شەڕابی هەڵبڕی. «ئەم جامە بریتییە لە پەیمانی نوێ کە بەخوێنی من دروست دەبێت» (لۆقا ٢٢:١٩، ٢٠).
عیسا ئەو شەوە زۆر شتی پێبوو بە قوتابییەکانی بڵێ. ڕاسپاردەیەکی نوێی پێدان، خۆشەویستییەکی خۆنەپەرستانە بۆیەکتری دەرببڕن. ئەو فەرمووی: «بەمە هەموو خەڵکی دەزانن کە قوتابی منن، گەر ئێوە یەکتریتان خۆشویست» (یۆحەننا ١٣:٣٤، ٣٥). هانیدان دڵتەنگ نەبن بەهۆی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی خەریکە سەرهەڵدەدا. عیسا پڕبەدڵ لەخودا پاڕایەوە بۆیان. بەیەکەوە سروودی شکۆمەندیان خوێندو چوونە قوڵایی شەوەوە.
عیسا لە باخی جەسیمانی کەوتە سەر ئەژنۆو لەناخی دڵیەوە دەستی بەپاڕانەوە کرد. خێرا پاسەوانو کاهین چواردەوریان گرتو خەڵکی تریشیان لەگەڵ بوو تاکو بیگرن. یەهوزا ئەسخەریوتی لەعیسا نزیکبووەوە ماچی کرد بەمە عیسای بۆیان ئاشکراکرد. کاتێك پاسەوانەکان عیسایان گرت قوتابییەکانی ڕایانکرد.
لەبەردەم دادگای باڵای جوولەکەکان عیسا خۆی وەك ڕۆڵەی خودا ناساند. دادگاییان کردو بە کفرکردن تاوانباریان کردو سزای کوشتنیان بەسەردا دا. عیسایان بردە لای پیلاتۆس کە فەرمانڕەوایەکی ڕۆمانی بوو. سەرەڕای ئەوەی کە بۆی دەرکەوت عیسا هیچ تاوانێکێ نەکردووە، عیسای دایەوە دەست جەماوەرەکە کە داوای لەسێدارەدانیان کرد.
عیسایان برد بۆ گۆلگۆسە لەوێ پاسەوانانی ڕۆمانی بەسەر کۆڵکەدارێکەوە بەبزمار هەڵیانواسی. بەهۆی کارێکی سەرسوڕهێنەر کاتی نیوەڕۆ بوو تاریکی باڵی بەسەر زەویدا کێشاو بوومەلەرزەیەکی بەهێز هات. تەرمی عیسایان خستە ناو گۆڕێك کە لەبەرد هەڵکەندرابوو. ڕۆژی دواتر، بەردێکی گەورەیان هێنایە سەر قەبرەکەی و پاسەوانێکیان لەسەر ڕێگای گۆڕەکەی دانا. ئایا عیسا دەبوایە لەو قەبرەدا بمێنێتەوە؟ نەخێر، لەبەرئەوەی لەماوەیکی کورتدا سەرسوڕهێنەرترین کار ڕوویدەدا.
بەگوێرەی مەتتا بەندی ٢٦ و ٢٧؛ مەرقۆس بەندی ١٤ و ١٥؛ لۆقا بەندی ٢٢ و ٢٣؛ یۆحەننا بەندی ١٢ تا ١٩.
a بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نرخی خۆبەختکردنی مردنەکەی عیسا، دەتوانن سەیری لاپەڕەکانی ٢٧-٢٩ لە بڵاوکراوەی ژیانێکی ئاسوودەبەخش چۆن بەدەست دەهێنن؟