بەشی ٩
چۆن دەزانین کە ئێمە لە «ڕۆژانی دوایی» دا دەژین
چۆن دەتوانین دڵنیابین کە پادشاهێتی خودا دژ بەم سیستەمەی ئەمڕۆ کە سیستەمی فەرمانڕەوایەتی مرۆڤە، دەست بەکارە؟ چۆن دەتوانین بزانین کە ئێمە زۆر نزیکین لەو کاتەی کە تیایدا خودا کۆتایی بە هەموو بەدکاریەكو ئازارێك دەهێنێت؟
٢ قوتابییەکانی عیسای مەسیح ویستیان ئەم شتانە بزانن. پرسیاریان لێکرد «نیشانەی» دەسەڵات گرتنەدەستی پادشاهێتیو «کۆتایی ئەم زەمانە ... کۆتایی سیستەمی ئەم شتانە» چییە (مەتتا ٢٤:٣). عیسا لە وەڵامدا تیشکی خستە سەر ڕووداوو بارودۆخەکان کە جیهان دەشڵەقێننو پێکەوە نیشانی دەدەن کە مرۆڤایەتی چۆتە ناو «کاتی کۆتایی» «ڕۆژانیدوایی» سیستەمی ئەم شتانە (دانیال ١١:٤٠؛ ٢ تیمۆساوس ٣:١). ئایا لەم سەردەمەی ئێمەدا ئەم نیشانە تێکهەڵکێشراوانە دەبینین؟ بەڵێ بەلێشاو دەیبینین.
دوو جەنگی جیهانی
٣ عیسا پێشبینی کرد کە «میللەتان دەچن بەگژ یەکتریداو پادشاهێتی بەگژ پادشاهێتی دیکەدا» (مەتتا ٢٤:٧). لە ساڵی ١٩١٤دا جیهان دووچاری جەنگێك بوو کە تیایدا میللەتانو پادشاهێتیەکان بە جۆرێکی وا هێزەکانیان کۆکردەوە کە لە هەموو جەنگەکانی پێشووتردا جیاوازتربوو. وەك دان پیانانێك بەم ڕاستیەدا مێژوونووسان لەو کاتەدا ناوی جەنگی گەورەیان لێنا. یەکەم جەنگ بوو لەو شێوەیە لە مێژوودا، لە جەنگی جیهانی یەکەمدا نزیکەی ٢٠٠٠٠٠٠٠ سەربازو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا، ئەمەش زۆر لە ژمارەی قوربانیانی هەر جەنگێکی پێشوتر زۆرتر بوو.
٤ جەنگی جیهانی یەکەم بوو بە نیشانەی سەرەتای ڕۆژانی دوایی. عیسا ووتی ئەم ڕووداوانەو ڕووداوی تر دەبن بە «سەرەتای ژانی تەنگانەکان» (مەتتا ٢٤:٨) ڕاستیەتی ئەمە دەرکەوت، چونکە جەنگی جیهانی دووەم بکوژتربوو. کە نزیکەی ٥٠٠٠٠٠٠٠ سەربازو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا. تەنها لە سەدەی بیستەمدا زۆرتر لە ١٠٠٠٠٠٠٠٠ کەس لە جەنگەکاندا کوژران، زۆرتر لە چوار ئەوەندەی سەرجەمی هەموو ئەوانەی لەماوەی ٤٠٠ ساڵی ڕابردوودا کوژران. ئای کە چەند شەرمەزاریەکی گەورەیە بۆ فەرمانڕەوایەتی مرۆڤ.
بەڵگەی تر
٥ عیسا چەند نیشانەیەکی تری ڕۆژانی دوایی خستەڕوو «لە زۆر شوێن بومەلەرزە دەبێتو برسێتیو نەخۆشی بڵاودەبنەوە [نەخۆشی وەبا]» (لۆقا ٢١:١١). ئەمە زۆر گونجاوە لەگەڵ ڕووداوەکان لە ساڵی ١٩١٤وە، چونکە تەنگانەکانی ئەم کارەساتانە زۆر بە مەزنی پەرەیانسەندووە.
٦ بوومەلەرزەی گەورە بە شێوەیەکی بەردەوام ڕوودەدەنو زۆر کەس بە هۆیانەوە گیان لەدەست دەدەن، دوابەدوای جەنگی جیهانی یەکەم، تەنها ئەنفلۆنزای ئیسپانی نزیکەی ٢٠٠٠٠٠٠٠ کەسی کوشت هەندێکیتر بە ٣٠٠٠٠٠٠٠ کەس مەزەندەی دەکەن. بە هۆی ئایدز سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە هۆی لەدەستدانی گیانی ملیۆنەها کەسی دیکە. ساڵانە چەندین ملیۆن کەس بە نەخۆشی دڵو شێرپەنجەو نەخۆشیتر دەمرن. چەندین ملیۆن کەسی تر لە برسا لەسەرخۆ دەمرن. هیچ گومانی تێدا نییە کە (سوارچاکەکانی ناو پەرتووکی بینین) بە جەنگەکانیانو کەموکوڕی خواردنو نەخۆشییەکانیان لەساڵی ١٩١٤ وە ژمارەیەکی زۆریان لە خێزانی مرۆڤایەتی کوشتووە (بینین ٦:٣-٨).
٧ هەروەها عیسا پێشبینی زۆربوونی تاوانی کرد کە لە هەموو شوێنێك ئەزمووندەکرێ. «ئینجا کە گوناه بڵاوبووەوە، خۆشەویستی لە دڵی زۆر کەس نامێنێ» (مەتتا ٢٤:١٢).
٨ جگە لەمەش پەرتووکی پیرۆز، پێشبینی زۆربوونی ڕووخانێکی ڕەوشتی بەرچاوی لە زۆربەی شوێنەکانی جیهانی ئەمرۆدا کردوە: «شتێکی تر هەیە بیزانە، لە ڕۆژانی دواییدا، خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرز دەبن، شانازی بە خۆیان دەکەن، جنێودەدەن، گوێڕایەڵی دایكو باوك نابن، هیچیان لەبەرچاو نابێت، گڵاون، بێبەزەیی دەبن، لە یەکتر خۆشنابن، قسە دروست دەکەن، بەڕەڵادەبن، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن، ئەوانە ناپاکن، سەرەڕۆن، لووتبەرزی کوێری کردوون، ڕابواردنیان بەلاوە باشترە لە خۆشەویستی خودا، بە ڕواڵەت لە خواترس دیارن، بەڵام هێزو ناوەڕۆکی خواترسی ڕەتدەکەنەوە، ... بەڵام خراپەکارو فێڵبازەکان بەرەو خراپتر دەڕۆن» (٢ تیمۆساوس ٣:١–١٣). هەموو ئەمانە لەبەر چاومان ڕوودەدەن.
هۆکارێکی تر
٩ هۆکارێکیتر هەیە کە لە زۆربوونی ئازارێکی زۆری ئەم سەردەمە بەرپرسیارە. هاوکات لە سەرەتای ڕۆژانی دوایی لە ساڵی ١٩١٤وە شتێکی وا ڕوویدا، مرۆڤی خستە بارودۆخێکی ترسناکترەوە. لەو کاتەدا هەروەك پێشبینییەك لە دوابەشی پەرتووکی پیرۆز باسی دەکات «پاشان لە ئاسمان شەڕێك بەرپابوو میکائیل [عیسا بە دەسەڵاتی ئاسمانیەوە] فریشتەکانی دژی ئەژدیهاکە [شەیتان] جەنگان، ئەژدیهاکەو فریشتە بەدکارەکانیشی [ئیبلیسەکان] دژی ئەوان بەڵام ئەژدیهاکە ئەوەندە بەهێز نەبوو، شوێنیان لەئاسمان نەماو، ئەژدیها گەورەکە فڕێدرایە خوارەوە، کە هەمان مارە دێرینەکەیە، بە ئیبلیسو شەیتان ناودەبرێتو هەموو جیهان گومڕا دەکات، لەگەڵ فریشتەکانی فڕێدرایە زەوی» (بینین ١٢:٧–٩).
١٠ ئاکامەکانی بۆ خێزانی مرۆڤایەتی چیبوو؟ پێشبینیەکە درێژەی پێئەدا: «قوڕ بەسەر دانیشتوانی زەویو دەریا، چونکە شەیتان هاتۆتە خوارەوە بۆ ئێوەو تووڕەییەکی گەورەی پێیە. چونکە کاتێکی کورتی بەدەستەوە ماوە.» بەڵێ، شەیتان دەزانێ کە سیستەمەکەی ئەو لە کۆتایی نزیك دەبێتەوە. بۆیە ئەو هەموو شتێك دەکات ئەوەی لە دەسەڵاتیدابێت بۆ هەڵگەڕاندنەوەی مرۆڤ لە خودا پێش ئەوەی خۆیو جیهانەکەی لەناو ببرێن (بینین ١٢:١٢؛ ٢٠:١-٣). ئای لەو داڕوخانەی ئەو ئافەریدە ڕۆحانیانە چونکە ئەوان بە خراپی خواستی ئازادیان بەکارهێنا، ئای کە بارودۆخەکانی سەرزەوی لەژێر کاریگەری ئەواندا بەتایبەتی لە ساڵی ١٩١٤وە چەند ترسناك بوون!
١١ هیچ سەیر نییە کە عیسا پێشبینی ئەم کاتانەی ئێمەی کردووە: «نیشانەی ترسناكو مەزن ڕوودەدات» (لۆقا ٢١:١١).
کۆتایی فەرمانڕەوایەتی مرۆڤو ئیبلیسەکان نزیکە
١٢ چەند لە پێشبینییەکانی پەرتووکی پیرۆز ماون بێنەدی پێش ئەوەی خودا ئەم سیستەمەی ئێستا لەناوبەرێ؟ زۆر کەم! یەکێ لە دوا پێشبینییەکان لە ١ تەسالۆنیکی ٥:٣، دەڵێت «کاتێ خەڵکی دەڵێن: ‹ئەوا ئاشتیو ئاسایشە!› لەناوچوون وەك ژانی ژنی سكپڕ لەناکاو خۆی دەدات بە سەریان» («وەرگێڕانی جیهانی نوێی ئینگلیزی»). ئەمە نیشانی دەدات کە کۆتایی ئەم سیستەمە دەست پێدەکا «لە کاتێکدا ئەوان قسەدەکەن». بەبێ ئەوەی جیهان لێی وریابێت لە کاتێکدا کە سەرنجی مرۆڤ ڕوویکردۆتە ئەو ئاشتیو ئاسایشەی کە ئاواتەخوازی بووە، لە ناکاو وێرانکردن بە سەریاندا دەدات.
١٣ کاتی ئەم جیهانە لەژێر کاریگەری شەیتان بەرەو کۆتایی دەچێ، بەم زووانەش کۆتایی خۆی دەبینێت لە کاتی تەنگانەدا هەروەك چۆن عیسا دەفەرموێ: «چونکە تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات، کە لەدروست کردنی جیهانەوە تا ئێستا شتی وا نەبووبێتو هەرگیز ناشبێت» (مەتتا ٢٤:٢١).
١٤ لووتکەی «تەنگانە گەورەکە» جەنگی خودا (هەرمەگەدون) دەبێت. ئەوە ئەو سەردەمەیە کە دانیالی پێغەمبەر لەبارەیەوە دوا کاتێك خودا «ئەم پادشاهێتیانە تێکدەشکێنێو لەناویاندەبات». ئەمە مانای کۆتایی هاتنە بە هەموو فەرمانڕەوایەتیەکانی مرۆڤی ئێستا کە لە خودا سەربەخۆن. لەوکاتەدا فەرمانڕەوایەتی پادشاهێتی ئەو لە ئاسمانەوە دەسەڵاتی بەرێوەبردنی هەموو کاروبارەکانی مرۆڤ دەگرێتە دەست. دانیال پێشبینیکرد کە ئەو فەرمانڕەوایە دەسەڵاتدارە جارێکیتر هەرگیز نادرێتەوە بە «میللەتێکیتر» (دانیال ٢:٤٤؛ بینین ١٦:١٤-١٦).
١٥ لەو کاتەدا هەموو کارتێکردنە شەیتانیەکانو ئیبلیسیەکان کۆتاییان دێت. ئەو ئافەریدە ڕۆحانیە یاخیبووانە لەسەر ڕێگای مرۆڤدا لادەبرێن بە جۆرێك کە ئیتر توانای «گومڕا کردنی میللەتانیان نابێ» (بینین ١٢:٩؛ ٢٠:١–٣). ئەوان فەرمانی مردنیان بەسەردا دراوەو چاوەڕێی لەناوچوونن. ئای کە چ بار سووککردنێکە، ڕزگاربوونی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری گەندەڵی ئەواندا.
کێ ڕزگاری دەبێ؟ کێ ڕزگاری نابێ؟
١٦ کاتێ فەرمانی دادوەری خودا بەسەر ئەم جیهانەدا جێبەجێ دەکرێ. ئەوانە کێن کە ڕزگاریان دەبێ، ئەوانەش کێن کە ڕزگاریان نابێ؟ پەرتووکی پیرۆز دەریدەخات ئەوانەی کە فەرمانڕەوایەتی خودایان دەوێت دەپارێزرێنو ڕزگاریان دەبێت. ئەوانەش کە فەرمانڕەوایەتی خودایان ناوێ ناپارێزرێنو بەڵکو لەگەڵ جیهانی شەیتاندا لەناو دەبرێن.
١٧ لە پەندی سولەیمان ٢:٢١، ٢٢ نووسراوە، «ڕاستەکان [ئەوانەی کە گوێڕایەڵی فەرمانڕەوایەتی خودان] ئەوانەن کە لە سەر زەوی دەبن بێگەردەکان ئەوانەن کە لەسەر زەوی دەمێننەوە. بەڵام سەبارەت بە بەدکاران [ئەوانەی کە گوێڕایەڵی فەرمانڕەوایەتی خودا ناکەن] لەسەر ڕووی زەوی لادەبرێن، ناپاکەکان لەسەر زەوی ڕیشەکێش دەکرێن.»
١٨ هەروەها مەتتا ٢٥:٤٦ دەڵێ: «ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەچنو ڕاستو دروستەکانیش بۆ ژیانی هەتاهەتایی.» مەتتای ٥:٥ درێژەی پێدەدات «خۆزگە دەخوازرێ بە دڵنەرمەکان، چونکە زەوی بۆ ئەوان بە میرات دەمێنێتەوە.»
١٩ پێویستە زۆر بە باشی بیر لە ئامۆژگاریەکەی زەبور ٣٧:٣٤ بکەینەوە، ئەوەی کە دەڵێ: «ئومێدت بە یەهوە بێتو ڕێبازەکەی بگرەبەر، ئەو بەرزت دەکاتەوە تاکوو زەوی بە میرات بگریتو نەمانی بەدکاران بە چاوی خۆت دەبینی.» ئایەتەکانی ٣٧ و ٣٨ دەڵێن: «سەرنجی مرۆڤی بێگەرد بدەو تێبینی مرۆڤی ڕاست بکە چونکە پاشەڕۆژی ئەو کەسە ئاشتی دەبێ. بەڵام بەدکاران بەیەکەوە قەڵاچۆدەکرێن. پاشەڕۆژی بەدکاران لەناوبردنە.»
٢٠ ئای چەند ئاسودەیە، بەڵێ: چەند دڵخۆشکەرە بزانین کە خودا بەڕاستی بایەخمان پێدەداتو بەم زووانە سنور بۆ هەموو ئازارو بەدکاری دادەنێت! هەستکردن بە هاتنەدی ئەم پێشبینیە پیرۆزانە چەند هەست وروژێنەرە.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. چۆن دەتوانین بزانین ئاخۆ ئێمە لە ڕۆژانی دواییدا دەژین؟
٣، ٤. چۆن جەنگەکانی ئەم سەردەمە لەگەڵ پێشبینییەکانی عیسادا دەگونجێن؟
٥-٧. چ بەڵگەیەکی تر هەیە لەسەر ئەوەی کە ئێمە لە ڕۆژانی دواییدا دەژین؟
٨. چۆن پێشبینییەکانی ٢ تیمۆساوس بەشی ٣ لەگەڵ ئەم سەردەمەی ئێمەدا دەگونجێن؟
٩. چی ڕوویدا لە ئاسمان هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی ڕۆژانی دواییدا لەسەر زەوی؟
١٠، ١١. دەرکردنی شەیتانو ئیبلیسەکان لە ئاسمان چ کاریگەریەکی بۆ سەر مرۆڤایەتی هەبوو؟
١٢. کام لەو دواپێشبینیانەی ڕۆژانی دوایی ماون بێنەدی پێش کۆتایی هاتنی ئەم سیستەمەی ئەمڕۆ؟
١٣، ١٤. عیسا پێشبینی چ کاتێکی تەنگانەی کرد، چۆن ئەو کاتە کۆتایی پێدێت؟
١٥. چی بەسەر کاریگەری شەیتانو ئیبلیسەکاندا دێت؟
١٦-١٨. کێن ئەوانەی لە کۆتایی ئەم سیستەمەدا ڕزگاریان دەبێتو کێن ئەوانەی ڕزگاریان نابێت؟
١٩. دەبێ بە باشی بیر لە کام ئامۆژگاریە بکەینەوە؟
٢٠. بۆچی دەتوانین بڵێین کە ئێمە لە سەردەمێکی هەست وروژێنەردا دەژین؟
[وێنەی لاپەڕە ٢٠]
پەرتووکی پیرۆز پێشبینی ئەو ڕووداوانەی کردووە کە دەبنە «نیشانە» ی ڕۆژانی دوایی
[وێنەی لاپەڕە ٢٢]
بەم زووانە، لە هەرمەگەدوندا، ئەوانەی کە گوێڕایەڵی فەرمانڕەوایەتی خودا نابن لەناودەبرێن. ئەوانەش کە گوێڕایەڵن ڕزگاردەبن بۆ جیهانێکی نوێی ڕاستودروست