بەشی ٨
مەبەستی خودا بەرەو هاتنەدی دەچێ
فەرمانڕەوایەتی مرۆڤو شەیتانیە یاخیبووەکان خێزانی مرۆڤایەتیان بۆ ماوەی چەندین سەدە بەرەو داڕمان برد. بەڵام خودا ئازارەکانی ئێمەی پشتگوێ نەخستووە. بەڵکو بە درێژایی سەدەکان خەریکی دروستکردنی چارەسەرێك بوو بۆئەوەی مرۆڤ لە چنگی بەدکاریو ئازار ئازاد بکات.
٢ لە کاتی یاخیبووندا لە عەدەن. خودا دەستیکرد بە ئاشکراکردنی مەبەستەکەی کە فەرمانڕەوایەتیەك دادەمەزرێنێ، زەوی بۆ مرۆڤ دەکاتە نیشتیمانێکی بەهەشتی. (پێکهینان [١موسا] ٣:١٥) دواتر عیسا وەك قسەکەرێکی سەرەکی بەزمانی خودا، ئەو فەرمانڕەواتیە داهاتووەی خودای کرد بە دوروشمی فێرکردنەکانی. ووتی ئەمە بۆ مرۆڤایەتی تەنها هیوایە (دانیال ٢:٤٤؛ مەتتا ٦:٩، ١٠؛ ١٢:٢١).
٣ عیسا ناوی لە فەرمانڕەوایەتی داهاتووی خودا نا «پادشاهێتی ئاسمان،» چونکە لە ئاسمانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات (مەتتا ٤:١٧). هەروەها ناوی لێنا «پادشاهێتی خودا،» چونکە خودا دانەریەتی (لۆقا ١٧:٢٠). بەدرێژایی سەدەکان خودا سروشی بۆ نووسەرەکانی (پێغەمبەرەکانی) کرد تاکو پێشبینیەکان دەربارەی ئەوانەی کە ئەم فەرمانڕەوایەتیە پێکدەهێننو چ شتێك بە هۆیەوە دێتە کایەوە تۆمار بکەن.
پادشای نوێی زەوی
٤ نزیکەی دوو هەزار ساڵ لەمەوپێش زۆربەی ئەو پێشبینیانەی کە دەربارەی ئەو کەسەی کە دەبێتە پادشای پادشاهێتی خودا لە عیسادا هاتنەدی. عیسا سەلماندی کە ئەو هەڵبژاردەی خودا بوو وەك فەرمانڕەوایەك بۆ ئەو فەرمانڕەوایەتیە ئاسمانیە بەسەر مرۆڤدا. دوای مردنی عیسا، خودا عیسای زیندووکردەوە، وەك ئافەریدەیەکی ڕۆحانی هەمیشەییو بەهێز لەئاسماندا. زۆر کەس ئەو زیندووبوونەوەیان بە چاوی خۆیان بینی (کرداری نێرراوان ٤:١٠؛ ٩:١–٩؛ ڕۆما ١:١–٤؛ ١ کۆرنسۆس ١٥:٣–٨).
٥ ئەو کاتە عیسا «لەلای ... دەستە ڕاستی خودا دانیشت.» (عیبرانیەکان ١٠:١٢). ئەو لەوێ چاوەڕوانی ئەو کاتەی کرد کە خودا دەسەڵاتی دەداتێ بۆئەوەی وەك پادشایەك بۆ پادشاهێتی ئاسمانی خودا کاربکات. ئەمە پێشبینی زەبوری ١١٠:١ هێنایەدی هەروەك چۆن مەرقۆس ١٢:٣٦ باسی دەکات «‹لەلای دەستی ڕاستمەوە دانیشە تا دوژمنانت بخەمە ژێر پێتەوە›».
٦ کاتێ عیسا لەسەر زەوی بوو نیشانیدا کە ئەو دەتوانێ ئەو ئەرکە بە ئەنجام بگەیەنێ. لەگەڵ ئەوەشدا کە چەوسێندرایەوە، پاراستنی ڕاستیەتی خۆی بۆ خودا هەڵبژارد. بەو کارەی نیشانیدا کە شەیتان درۆی کرد لە کاتێکدا کە ووتی: هیچ مرۆڤێك لە ژێر تاقیکردنەوەدا بۆ خودا بە دڵسۆزی نامێنێتەوە. عیسا، مرۆڤی تەواو «ئادەمی دووەم» نیشانیدا کە خودا لە ئافراندنی مرۆڤە تەواوەکاندا هەڵە نەبوو (١ کۆرنسۆس ١٥:٢٢، ٤٥؛ مەتتا ٤:١–١١).
٧ چ فەرمانڕەوایەك لە هەر کاتو سەردەمێکدا توانی ئەوەندە چاکە بە ئەنجام بگەیەنێ بە بڕی ئەوەی کە عیسا لەو چەند ساڵە کەمەی خزمەتکردنیدا بە ئەنجامی گەیاند؟ بە هۆی ڕۆحی پیرۆزی خوداوە عیسا نەخۆشو شەلو کوێرو کەڕو لاڵەکانی چاك کردەوە، تەنانەت مردووشی زیندووکردەوە! لە بوارێکی بچووکدا نیشانیدا کە کاتێ دەسەڵاتی پادشاهێتی دەگرێتەدەست، لە بوارێکی جیهانیدا چی بۆ مرۆڤایەتی دەکات (مەتتا ١٥:٣٠، ٣١؛ لۆقا ٧:١١–١٦).
٨ کاتێ عیسا لەسەر زەوی بوو ئەوەندە کاری چاکەی کرد ئەوەبوو یۆحەننا کە یەکێ بوو لەقوتابییەکانی ووتی: «زۆر شت هەیە عیسا کردوویەتی، لەو باوەڕەدام ئەگەر یەك لەدوای یەك بنووسرایە، هەموو جیهان جێگای ئەو پەرتووکانەیان نەدەبووەوە» (یۆحەننا ٢١:٢٥).a
٩ عیسا بەسۆزو بە بەزەیی بوو، خۆشەویستییەکی زۆر گەورەی بۆ خەڵکی هەبوو. ئەو یارمەتی هەژارانو چەوساوانی دەدا بەڵام بە خراپەش ناوی دەوڵەمەندو پایەدارانی نەدەبرد. خەڵکانی دڵپاك بە پیر بانگەوازەکەی عیساوە چوون کاتێ کە فەرمووی: «وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندووانو بارگرانان، من دەتان حەسێنمەوە نیری من هەڵگرن و لەمنەوە فێربن، چونکە من هێمنو دڵنەرمم. ئەوسا حەسانەوە دەدۆزنەوە بۆ دەروونتان چونکە نیرەکەم سووکەو بارم ئاسانە» (مەتتا ١١:٢٨–٣٠). خەڵکانی لە خوداترس لێی کۆبونەوەو بەخۆشیەوە چاوەڕێی فەرمانڕەوایەتی عیسا بوون (یۆحەننا ١٢:١٩).
فەرمانڕەوا یاریدەدەرەکان
١٠ هەروەك چۆن فەرمانڕەوایەتیەکانی مرۆڤ یاریدەدەری بەڕێوبەریان هەیە، پادشاهێتی ئاسمانی خوداش بەهەمان شێوە. کەسانیتر شانبەشانی عیسا وەك پادشایان بەشداری فەرمانڕەواییکردن بەسەر مرۆڤدا دەکەن (یۆحەننا ١٤:٢، ٣؛ بینین ٥:١٠؛ ٢٠:٦).
١١ بۆیە لەگەڵ عیسادا ژمارەیەك مرۆڤی دیاری کراو بۆ ژیانی ئاسمانی زیندوودەکرێنەوە. ئەوان ئەو پادشاهێتیە پێکدەهێنن کە بەرەکەتی هەمیشەیی بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێت (٢ کۆرنسۆس ٤:١٤؛ بینین ١٤:١–٣). بەم شێوەیە بە درێژایی چەندین چەرخ یەهوە بناغەی فەرمانڕەوایەتیەکی دانا کە بەرەکەتی هەمیشەیی بۆ خێزانی مرۆڤایەتی دەهێنێت.
فەرمانڕەوایەتی سەربەخۆ کۆتایی دێت
١٢ لە سەدەی ڕابردوودا خودا ڕاستەوخۆ دەستی خستە کاروباری زەویەوە. هەروەك لە بەشی نۆیەمی ئەم بڵاوکراوەیەدا باس دەکرێت. پێشبینییەکانی پەرتووکی پیرۆز نیشانی دەدەن کە پادشاهێتی خودا بە سەرۆکایەتی عیسای مەسیح لە ساڵی ١٩١٤ دا دامەزراو ئێستا ئەو ئامادەیە هەموو سیستەمی شەیتان تێکبشکێنێ. ئەم پادشاهێتیە ئامادەیە «خۆی لە نێوان دوژمنەکانی [مەسیح] دا بسەپێنێ» (زەبور١١٠:٢).
١٣ لەم بارەیەوە پێشبینییەك لە دانیال ٢:٤٤ دا دەڵێ: «لە ڕۆژانی ئەو پادشایانەدا [کە ئێستا هەن] خودای ئاسمان پادشاهێتیەك [لە ئاسمان] دادەمەزرێنێت کە هەرگیز لەناوناچێت. دەسەڵاتی خۆی نادات بە گەلی تر [هەرگیز جارێکی تر ڕێگا بە فەرمانڕەوایەتی مرۆڤ نادرێت] و [پادشاهێتی خودا] هەموو ئەو پادشاهێتیانە تێکدەشکێنێتو خۆی بۆ هەمیشە دەچەسپێنێت.»
١٤ دوای کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو فەرمانڕەوایەتیانەی لە خودا سەربەخۆن، فەرمانڕەوایەتی پادشاهێتی خودا لەسەر زەوی تەواو دەبێ. لەبەر ئەوەی ئەو پادشاهێتیە لە ئاسمانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات، ئیتر مرۆڤ هەرگیز ناتوانێ گەندەڵی بکات. فەرمانڕەوایە دەسەڵاتدارەکە دەگەڕێتەوە ئەو شوێنەی کە لە سەرەتاوە لێی بوو، لە ئاسمان بوو، لە دەستی خودادا بوو. لەبەرئەوەی فەرمانڕەوایەتی خودا بەسەر هەموو زەویدا زاڵ دەبێ، ئیتر کەس بە ئایینی ناڕاستو فەلسەفەی مرۆڤایەتیو بیروبۆچوونی ڕامیاری نالەبار تەفرەنادرێت. ئیتر ڕێگا بە بوونی ئەم جۆرە شتانە نادرێرت (مەتتا ٧:١٥–٢٣؛ بینین ئایەتەکانی ١٧ تا ١٩).
[ژێرنووس]
a بۆ زانیاری تەواو دەربارەی ژیانی عیسا، سەیری پەرتووکی «مەزنترین مرۆڤ کە هەرگیز ژیابێ» (بەزمانی عەرەبی) بکەن، لەلایەن شاهیدانی یەهوە چاپکراوە.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢ خودا چۆن چارەسەری بۆ لابردنی ئازار دانا؟
٣. عیسا چ ناوێکی لە پادشاهێتی داهاتووی زەوی نا، بۆچی؟
٤، ٥. خودا چۆن نیشانیدا کە عیسا پادشای پەسەندکراوە؟
٦. عیسا چۆن نیشانیدا کە ئەو ئامادەیە ببێت بە پادشای پادشاهێتی خودا؟
٧، ٨. کاتێ عیسا لەسەر زەوی بوو چ کارێکی باشی ئەنجامدا؟
٩. بۆچی کەسە دڵپاکەکان لە عیسا کۆدەبوونەوە؟
١٠، ١١. کێن ئەوانەی لەگەڵ عیسا لە فەرمانڕەوایەتیدا بەشداری دەکەن؟
١٢، ١٣. پادشاهێتی خودا ئێستا ئامادەیە چی بکات؟
١٤. هەندێ لەو سوودانە چین کە لە ئاکامی کۆتاییهاتنی فەرمانڕەوایەتی مرۆڤدا بەدیدێن؟
[وێنەی لاپەڕە ١٨]
کاتێ عیسا لەسەر زەوی بوو نەخۆشی چاك کردەوەو مردووی زیندووکردەوە بۆئەوەی نیشانی بدات کە ئەو لە جیهانی نوێدا چی دەکات
[وێنەی لاپەڕە ١٩]
پادشاهێتی ئاسمانی خودا بوونی هەموو جۆرەکانی فەرمانڕەوایەتی سەربەخۆ لە خودا لە ناودەبات