بەشی ١٠
جیهانێکی نوێی نایاب لە دەستکردی خودا
لە دوای جەنگی پاکژ کەرەوەی خودا هەرمەگەدون، چیدێت؟ ئەوکاتە سەردەمێکی نوێی شکۆدار دەست پێدەکات. ئەوانەی لە هەرمەگەدون ڕزگاریان دەبێ، کە لەمەوپێش دڵسۆزی خۆیان بۆ فەرمانڕەوایەتی خودا نیشانداوە، ڕێی جیهانە نوێیەکەیان پیشان دەدرێ. ئای لەو سەردەمە هەست وروژێنەرە نوێیەی مێژوو کاتێ خودا خێروبێری بەفەڕ بەسەر خێزانی مرۆڤایەتیدا دەڕژێنێت!
٢ ڕزگاربووان لەژێر ڕێنمایی پادشاهێتی خودا، دەست بە گەشەپێکردنی بەهەشت دەکەن. هێزو توانایان بۆ چالاکیی خۆنەپەرستانە تەرخان دەکەن کە سود دەگەیەنێ بە هەموو ئەوانەی لەو سەردەمەدا دەژین. زەوی دەستدەکات بە گۆڕان بۆ نیشینگەیەکی جوانو پڕ ئاشتیو ئاسودەبەخش بۆ مرۆڤ.
ڕاستودروستی شوێنی بەدکاری دەگرێتەوە
٣ بە وێرانکردنی جیهانی شەیتان هەموو ئەمانەی خوارەوە دێنەدی. ئیتر ئاینی ناڕاستو جیاکارو سیستەمی کۆمەڵایەتی یان فەرمانڕەوایەتی مرۆڤ نامێنێ. ئیتر هیچ پڕوپاگەندەیەکی شەیتان بۆ تەفرەدانی خەڵك نامێنێ. هەموو ئەو دەزگایانەی ئەمانە بەرهەم دەهێنن، لەگەڵ سیستەمی شەیتاندا لەناودەچن. تەنها بیر لەمە بکەنەوە: سەرجەم کەشی ژەهراوی جیهانی شەیتان لادەبرێ. ئای کە چ پشوویەك دەبێ.
٤ فێرکردنە هاندەرەکان کە لەلایەن خوداوەن شوێنی بیروبۆچوونی تێکدەرانەی فەرمانڕەوایەتی مرۆڤ دەگرنەوە. «هەموو لە خوداوە فێردەبن» (یۆحەننا ٦:٤٥). بەم ڕێنماییە بەسوودانە ساڵ لە دوای ساڵ. «زەوی پڕ دەبێ لە زانستی خودا هەروەك چۆن ئاو دەریا دادەپۆشێ» (ئەشعیا ١١:٩). ئیتر خەڵکی شتی خراپ فێرنابن. بەڵکو «ڕاستیودروستی ئەو شتەیە کە دانیشتووانی زەویە بە بپیتو بەرەکەتەکە فێریدەبن» (ئەشعیا ٢٦:٩). بیرو کاری هاندەرانە دەبنە پیشەی ڕۆژانەی خەڵکی. (کرداری نێرراوان ١٧:٣١؛ فیلیپی ٤:٨).
٥ بەم جۆرە ئیتر، کوشتنو توندوتیژیو دەستدرێژی کردنە سەر ئافرەت (ئەتککردن) و تاڵان یان هەرجۆرە تاوانێکیتر نامێنن. ئیتر هیچ کەسێك بە هۆی بەدکاری خەڵکی ترەوە توشی ئازار نابێت، پەندی سلێمان ١٠:٣٠ دەڵێ «ڕاستودروست هەرگیز جێی لەق نابێت بەڵام بەدکاران لەسەر زەوی نیشتەجێ نابن.»
تەندروستی تەواوەتی دەگەڕێتەوە
٦ لە جیهانی نوێدا هەموو کارتێکردنە خراپەکانی یاخیبوونە بنەڕەتیەکە پوچەڵ دەکرێنەوە. بۆنموونە، فەرمانڕەوایەتی پادشاهێتی خودا نەخۆشیو پیربوون لادەبات. ئەمڕۆ هەرچەندە ئێوە چێژ لەو بڕە تەندروستیە باشە وەردەگرن کە هەتانە. ڕاستیە تاڵەکە ئەوەیە گەر پیربوون چاوتان کز دەبێت ددانەکانتان دەکەونو گوێتان گران دەبێتو پێستتان چرچ دەبێت و کۆئەندامەکانی لەشتان بە باشی کارناکەن ئینجا لە کۆتاییدا دەمرن.
٧ بەڵام ئەو خەمو پەژارە کاریگەرانەی لە یەکەم دایكو باوکمانەوە بۆمان ماونەتەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبن بەشتێك لە ڕابردوو. ئایا لەبیرتانە کاتێ عیسا لەسەر زەوی بوو سەبارەت بە تەندروستی چی نیشاندا؟ پەرتووکی پیرۆز دەگێڕێتەوە: «ئەوەبوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، ئیفلیجو گۆجو کوێرو لاڵو زۆر نەخۆشی کەیان لەگەڵ بوو، لە بەرپێیدا دایاننان، ئەویش چاکی کردنەوە. کاتێ خەڵکی بینیان لاڵ قسەدەکا، ئیفلیج چاك دەبێتەوە، [شەل] بەڕێکی دەڕوا، کوێر دەبینێ.» (مەتتا ١٥:٣٠، ٣١).
٨ ئای لەو خۆشیە مەزنەی کە لە جیهانی نوێدا دێت کاتێ هەموو دەردەکانمان لەناودەچن! ئەو ئازارەی لە ئاکامی تەندروستی خراپەوە تووشمان بووە جارێکی تر ئەشکەنجەمان ناداتەوە «هیچ کەس لە دانیشتووان ناڵێ من نەخۆشم.» «ئەوکاتە کوێر چاوی دەکرێتەوە و کەڕ گوێی دەکرێتەوە. ئەوکاتە شەل وەك ئاسك بازدەدات زمانی لاڵ لە خۆشیا هاوار دەکا» (ئەشعیا ٣٣:٢٤؛ ٣٥:٥، ٦).
٩ ئایا زۆر هەست وروژێنەر نابێ، هەموو بەیانییەك لە خەو هەستنو بزانن ئێوە ئێستا چێژ لە تەندروستییەکی چالاك وەردەگرن؟ ئایا مایەی خۆشحاڵی نییە بۆ ئەو کەسانەی کە بە ساڵداچوون بزانن هێزی تەواوی لاوییەتیان بۆ گەڕاوەتەوەو دەگەن بەو تەواویەتیەی کە ئادەمو حەوا لە بنەڕەتدا چێژیان لێ وەرگرت؟ پەیمانی پەرتووکی پیرۆز ئەمەیە، «گۆشتەکەی لە گۆشتی منداڵێك نوێتر دەبێتەوەو دەگەڕێتەوە ڕۆژانی لاوییەتی» (ئەیوب ٣٣:٢٥). ئای لەو شادیە کاتێ چاویلکەو ئامێری یاریدەدەری بیستنو گۆچانو کورسی پێچکەدار (بۆ بێقاچەکان) و دەرمانەکان فڕێدەدرێن! ئیتر پێویستیمان بە نەخۆشخانەو پزیشكو پزیشکیددان نامێنێ.
١٠ ئەو کەسانەی چێژ لە تەندروستییەکی چالاکی بەو جۆرە وەردەگرن نایانەوێ بمرن. پێویستیش ناکات بمرن، چونکە ئیتر مرۆڤ لەژێر چنگی کەموکوڕیو مردنی بە میرات ماوە نامێنێت. «عیسا دەبێ ئەوەندە فەرمانڕەوایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە. ئیتر دوا دوژمن کە لەناودەبرێ مردنە.» «دیاری خودا ... ژیانی هەتاهەتاییە» (١ کۆرنسۆس ١٥:٢٥، ٢٦؛ ڕۆما ٦:٢٣؛ سەیری بینین ٧:١٧بکەن).
١١ دوا بەشی پەرتووکی پیرۆز دەربارەی پوختەیەك لەو سوودانەی کە خودای بایەخدەر لە بەهەشتدا بە لێشاو بە خێزانی مرۆڤایەتی دەبەخشێت دەڵێ: «خودا هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوەو مردن ئیتر نامێنێت، ئیتر غەمو هاوارو ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون» (بینین ٢١:٣، ٤).
مردووەکان دەگەڕێنەوە
١٢ عیسا کاری زیاتری کرد لەوەی تەنها نەخۆش و شەل چاكبکاتەوە. هەروەها هەندێ کەسی لە گۆڕ هەستاندەوە بەم شێوەیە هێزی نایابی زیندووکردنەوەی پیشاندا ئەوەی خودا پێیدابوو. ئایا ئەو بۆنەیەتان لەبیرە کاتێ عیسا سەردانی پیاوێکی کرد کچەکەی مردبوو؟ عیسا بە کچە مردووەکەی ووت «ئەی کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە.» ئاکامەکەی چیبوو «یەکسەر هەستایە سەرپێو دەستی کرد بە ڕۆیشتن.» بە بینینی ئەمە، ئەو خەڵکانەی لەوێبوون «زۆر سەریان سوڕما.» لەخۆشیا نەیاندەزانی چی بکەن! (مەرقۆس ٥:٤١، ٤٢؛ سەیری لۆقا بکەن ٧:١١–١٦؛ یۆحەننا ١١:١–٤٥.)
١٣ لە جیهانی نوێدا، «هەستانەوەی مردووانە بە خراپو باشیان» (کرداری نێرراوان ٢٤:١٥). لەوکاتەدا عیسا ئەو هێزەی خودا پێیداوە بەکاری دەهێنێ بۆ زیندووکردنەوەی مردووەکان، چونکە هەروەك خۆی فەرمووی، «من زیندووبوونەوەو ژیانم. هەرکەسێ باوەڕم پێبهێنێ، ئەگەر مردیش زیندوو دەبێتەوە» (یۆحەننا ١١:٢٥). هەروەها ووتی «هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕەکاندان [لەبیرەوەری خودادان] گوێیان لە دەنگی [عیسا] دەبێو دێنە دەرەوە» (یۆحەننا ٥:٢٨، ٢٩).
١٤ ئەو خۆشیە زۆر مەزن دەبێت کاتێك لە سەرانسەری زەوی کۆمەڵ لە دوای کۆمەڵ خەڵکی لە مردنەوە بەرەو ژیان دەگەڕێنەوە بۆئەوەی بە کەسوکاریان شادببنەوە! ئیتر ئاگادارییە دڵتەزێنەکانی ناو ڕۆژنامەکان دەربارەی مردووەکان کە دەبنە هۆی غەمو پەژارە بۆ زیندووەکان نامێنن. لە جیاتی ئەوە، بە تەواوی بە پێچەوانەی ئەمەوە: ڕاگەیاندن دەکرێ بۆ ئەوانەی کە تازە زیندووکراونەتەوە بۆئەوەی دڵی خۆشەویستانیان خۆش بکەن. کەواتە ئیتر ناشتنو گۆڕستانەکان، سووتنگەو ئەو شوێنانەیی لاشەی مردووەکانی تێدا دەسووتێنن لە هەندێ ووڵاتان، نامێنن!
جیهانی ئاشتیی ڕاستەقینەیی
١٥ ئاشتی ڕاستەقینە لە هەموو بوارەکانی ژیان هەستی پێدەکرێ. جەنگ، هاندەرانی جەنگو کارگەکانی چەك دروستکردن دەبن بە شتێك لە ڕابردوو. بۆچی؟ چونکە بەرژەوەندییە نەتەوەییو هۆزیو ڕەگەزیەکان ئەوانەی دەبنە هۆی جیاوازی چینایەتی نامێنن. ئینجا بەواتایەکی تەواو «هیچ نەتەوەیەك شمشێر لەسەر نەتەوەیەکیتر بەرز ناکاتەوەو ئیتر لەمەودوا ئەوان فێری جەنگ نابن» (میخا ٤:٢).
١٦ بەڵام ئەمە لەلامان شتێکی سەرسوڕهێنەر دەبێت گەر چاو بخشێنین بە مێژووی خوێناوی مرۆڤدا بە جەنگە بەردەوامەکانیەوە کە ڕوویاندا چونکە مرۆڤ لەژێر فەرمانڕەوایەتی مرۆڤی دیکەو هەروەها لەژێر فەرمانڕەوایەتی ئیبلیسیەکاندا بوو. ئەوەی لە جیهانی نوێدا، لەژێر فەرمانڕەوایەتی پادشاهێتی خودادا، ڕوودەدات، ئەوەیە: «وەرن سەیری کارەکانی خودا بکەن ... ئەو کۆتایی بە جەنگەکان دێنێ لەم پەڕ تا ئەوپەڕی زەوی. کەوان دەشکێنێو ڕم پارچەپارچە دەکا. گالیسکەی [جەنگ] بە ئاگر دەسوتێنێ» (زەبور ٤٦:٨، ٩).
١٧ هەروەها مرۆڤو ئاژەڵی دڕندە پێکەوە بە ئاشتی دەژین، هەروەك لە عەدەندا وابوو (پێکهێنان [١موسا] ١:٢٨؛ ٢:١٩). خودا دەفەرموێ: «لەو ڕۆژەدا پەیمانێك دەبەستم لەگەڵ ئاژەڵە دڕندەکانی دەشتو باڵندەکانی ئاسمانو خشۆکەکانی سەر زەوی ... وایان لێدەکەم لە دڵنیایدا ڕابکشێن» (هۆشع ٢:١٨).
١٨ تا چ ئاستێك ئەو ئاشتییە بەرفراوان دەبێ؟ «گورگٔ لە پەنای مەڕ دەژێتو پڵنگ لە پەنای کاریلە ڕادەکشێ، گوێرەکەو بەچکەشێرو دابەستە هەموویان بەیەکەوە منداڵێکی بچووك بەڕێوەیان دەبات». ئیتر ئاژەڵ جارێکی تر نابێ بە هەڕەشە بۆ مرۆڤ یان بۆ یەکتری تەنانەت «شێر وەك مانگا گیا دەخوا» (ئەشعیا ١١:٦–٩؛ ٦٥:٢٥).
زەوی دەگۆڕێت بۆ بەهەشت
١٩ هەموو زەوی دەگۆڕدرێت بۆ بەهەشتە هەوارێك بۆ مرۆڤ. هەربۆیە عیسا توانی بەڵێن بە پیاوێك بدات کە بڕوای پێهێنابوو: «لە بەهەشتدا لەگەڵم دەبیت.» (وەرگێڕانی جیهانی نوێی ئینگلیزی.) پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ: «دەشتی چۆڵو شوێنی ووشك بەختیاردەبنو بیابان وەك نێرگز دڵخۆش دەبێ ... چونکە لە دەشت کانی ئاو دەتەقێت لە بیابانیش لێشاوی ئاو دێت» (لوقا ٢٣:٤٣؛ ئەشعیا ٣٥:١، ٦).
٢٠ لەژێر سایەی پادشاهێتی خودادا جارێکیتر هەرگیز ملیۆنەها کەس تووشی برسێتی نابن «دانەوێڵە لەسەر زەوی زۆر دەبێو سەر لووتکەی شاخەکان دادەپۆشێ.» «دەبێ داری کێڵگەکان بەری خۆیان بدەنو زەویش دەبێ بەرهەمی خۆی بدات، [مرۆڤ] لەسەر خاکی خۆیدا لە دڵنیایدا دەبێت» (زەبور ٧٢:١٦؛ حزقیال ٣٤:٢٧).
٢١ ئیتر هەژاریو خەڵکی بێماڵو گەڕەکی هەژاران یان ئەو دەوروپشتەی کە تاوانی تیایدا بڵاوە نامێنن. «خانوو دروست دەکەنو خۆیان تیایدا دەژین، دار مێو دەڕوێننو خۆیان لە بەرەکەی دەخۆن. دروستی ناکەن تاکو کەسێکی دیکە تیایدا بژیو نایڕوێنن بۆئەوەی کەسێکی دیکە لە بەرەکەی بخوات.» «بێگومان هەریەکێ لەوان لەژێر دارمێوو دار هەنجیری خۆیدا دادەنیشێتو کەسێك نابێ بیانترسێنێت» (ئەشعیا ٦٥:٢١، ٢٢؛ میخا ٤:٤).
٢٢ بەم شتانەو زۆر شتی تر مرۆڤ لە بەهەشتدا دەکەوێتە خێروخۆشی. زەبور ١٤٥:١٦ دەڵێ: «ئەی خودا تۆ دەستت دەکەیتەوەو ئارەزووی هەموو زیندەوەران تێردەکەی.» هیچ سەیر نییە کە پەرتووکی پیرۆز پێشبینی دەکا: «خۆزگە دەخوازرێ بە دڵنەرمەکان، چونکە زەوی بۆ ئەوان بەمیرات دەمێنێتەوە.» «ڕاستو دروستەکانیش بۆ ژیانی هەتاهەتایی» (مەتتا ٥:٥؛ ٢٥:٤٦).
پوچەڵ کردنەوەی ڕابردوو
٢٣ فەرمانڕەوایەتی پادشاهێتی خودا هەموو ئەو زیانانە پوچەڵ دەکاتەوە کە لەماوەی شەش هەزار ساڵی ڕابردوودا بە خێزانی مرۆڤایەتی گەیشت. ئەو خۆشیانەی ئەو سەردەمە زۆر زیاترن لەو ئازارانەی کە خەڵکی پێشتر ئەزموونیان کرد. ئیتر ژیان بە هیچ یادگاریەکی خراپی ئازارکێشانی ڕابردوو تاڵ نابێت. ئەو بیرو بۆچوونو چالاکیە هاندەرانەی کە دەبنە ژیانی ڕۆژانەی خەڵك بەرەبەرە ئەو یادگاریە پڕ ئازارانە دەسڕنەوە.
٢٤ خودای بایەخدەر ڕایدەگەیەنێ «من ئاسمانێکی نوێو [فەرمانڕەوایەتی ئاسمانی نوێ بۆ سەر مرۆڤایەتی] زەویەکی نوێ [کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ڕاستودروست] دەئافرێنم، ئیتر شتەکانی پێشوو بە بیردا نایەنو هیچ کام لەوانە بە دڵدا نایەن.» «بەڵام دڵخۆشبنو دڵشادبن بۆ هەمیشە بەوەی کە من دەیئافرێنم.» «زەوی هەمووی پشوو دەداتو زەوی لە شێواندن ئازاد دەبێ. خەڵکی زۆر ڕووگەشنو لە خۆشیا هاواردەکەن» (ئەشعیا ١٤:٧؛ ٦٥:١٧، ١٨).
٢٥ کەواتە خودا بە هۆی پادشاهێتیەکەیەوە ئەو بارودۆخە خراپە درێژخایەنە بە تەواوەتی دەگۆڕێ. بە هەمیشەیی بایەخی مەزنی خۆی نیشان دەدات بە هۆی هەڵڕشتنی بەرەکەتی خۆی ئەو زیانەی کە پێشتر پێمان گەیشت زۆر بەتێرو تەسەلی پارسەنگی دەکاتەوە. ئەو کێشانەی کە پێشتر ئەزموونمان کردن دەپوکێنەوەو لەوکاتەدا دەبنە یادوەریەکی لاواز، ئەوە ئەگەر هەر لە بیریشمان بمێنن.
٢٦ بەم جۆرە خودا ئەو زیانانەمان بۆ دەبژێرێتەوە کە ئاکامی ئەو ئازارانەن کە لەم جیهانەدا تووشمان بوون. ئەو دەزانێ گوناهی ئێمە نەبوو ئێمە بە ناتەواوی لە دایك بووین، چونکە ئێمە ناتەواویمان لە یەکەم دایكو باوکمانەوە بۆمایەوە. گوناهی ئێمە نەبوو کە ئێمە لە جیهانێکی شەیتانیدا لە دایك بووین، چونکە ئەگەر ئادەمو حەوا دڵسۆزبان، ئەوا ئێمەش ئەوسا لە بەهەشتدا لە دایك دەبووین. بۆیە خودا بە میهرەبانییەکی مەزنەوە بە زیادەوە قەرەبووی ئەو زیانانە دەکاتەوە کە ئاکامی ئەو ڕابردووە خراپەن ئەوەی ئێمە تووشی بووین.
٢٧ لە جیهانی نوێدا، مرۆڤ ئەو ئازادییە ئەزموون دەکات کە پێشتر لە پەرتووکی پیرۆزدا لە نامەی ڕۆما ٨:٢١، ٢٢ دا پێشبینی کراوە: «دروستکراو لە کۆیلەیەتی گەندەڵی ئازاد بێ بەرەو ئەو سەربەستییە شکۆدارەی بۆ ڕۆڵەکانی خودایە، ئێمە دەزانین هەموو دروستکراو تاوەکو ئێستا دەناڵێنێ وەك ئەوەی ژانیان گرتبێ.» ئەو کاتە خەڵکی هاتنەدی تەواوەتی ئەم پاڕانەوەیە دەبینن: «با پادشاهێتی تۆ بێت، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێ وەك لە ئاسمان» (مەتتا ٦:١٠). بارودۆخە سەرنج ڕاکێشەرەکانی بەهەشتی سەر زەوی ڕەنگدانەوەی بارودۆخەکانی ئاسمان دەبێ.
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. دوای جەنگی هەرمەگەدونی پاکژکەرەوە چی ڕوودەدات؟
٣. دەستبەجێ دوای هەرمەگەدون هەست بە چ پشوویەك دەکرێ؟
٤. ئەو گۆڕانکاریانە باس بکە کە بەسەر فێرکردندا دێن.
٥. چی بەسەر بەدکاریو بەدکاراندا دێت؟
٦، ٧. (ا) فەرمانڕەوایەتی پادشاهێتی کۆتایی بە کام ڕاستیە تاڵە دەهێنێ؟ (ب) عیسا ئەمەی چۆن نیشاندا ئەو کاتەی لەسەر زەوی بوو؟
٨، ٩. باسی ئەو خۆشیە بکە کە لە جیهانی نوێدا دێت کاتێ تەندروستی تەواوەتی دەگەڕێنرێتەوە.
١٠. مردن چی بەسەر دێت؟
١١. پەرتووکی بینین چۆن بە کورتی سوودەکانی جیهانی نوێ باس دەکات؟
١٢. عیسا چۆن ئەو توانای زیندووکرنەوەیەی کە لە خودای وەرگرتبوو نیشانیدا؟
١٣. چ جۆرە خەڵکێك زیندوو دەکرێنەوە؟
١٤. کاتێك کە مردن نامێنێ، چ شتێك لەناودەبرێ؟
١٥. چۆن پێشبینی میخا بە واتایەکی تەواو دێتەدی؟
١٦. چۆن خودا هەڵسەنگاندنی جەنگەکان نەشیاو دەکات؟
١٧، ١٨. لە جیهانی نوێدا، پەیوەندی نێوان مرۆڤو ئاژەڵ چۆن دەبێ؟
١٩. چ گۆڕانێك بەسەر زەویدا دەهێنرێت؟
٢٠. بۆچی مرۆڤایەتی جارێکیتر توشی برسێتی نابێتەوە؟
٢١. بێشوێنانو گەڕەکی هەژارانو دراوسێی خراپ چییان بەسەردێ؟
٢٢. پەرتووکی پیرۆز چۆن باسی بەرەکەتەکانی فەرمانڕەوایەتی خودا دەکات؟
٢٣. پادشاهێتی خودا چۆن ئەو ئازارانە پوچەڵ دەکاتەوە کە ئەزموونمان کردن؟
٢٤، ٢٥. (ا) ئەشعیا پێشتر پێشبینی ڕوودانی چی کرد؟ (ب) چۆن دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە یادگاری ئازارەکانی ڕابردوو دەپوکێنەوە؟
٢٦. بۆچی خودا هەموو زیانەکانی ڕابردوومان بۆ دەبژێرێتەوە؟
٢٧. لە جیهانی نوێدا هاتنەدی نایابی کام پێشبینیانە دەبینین؟
[وێنەکان لە لاپەڕە ٢٣]
لە جیهانی نوێدا، پیرەکان دەگەڕێنەوە بۆ هێزی لاویەتییان
[وێنەی لاپەڕە ٢٤]
لە جیهانی نوێدا هەموو نەخۆشیو پەککەوتنێکی لەش لادەبرێن
[وێنەی لاپەڕە ٢٥]
لە جیهانی نوێدا، مردووەکان زیندوو دەکرێنەوە
[وێنەی لاپەڕە ٢٦]
«ئیتر فێری جەنگ نابن»
[وێنەکان لە لاپەڕە ٢٧]
مرۆڤو ئاژەڵەکان لە بەهەشتدا لە ئاشتییەکی تەواودا دەبن
[وێنەی لاپەڕە ٢٧]
«خودا دەستی دەکاتەوەو ئارەزووی هەموو زیندەوەران تێردەکات»
[وێنەی لاپەڕە ٢٨]
پادشاهێتی خودا ئەو ئازارەی کە کێشامان زۆر بە زیادەوە دەبژێرێتەوە