ڕوونکردنەوەی زیاتر ڕوونکردنەوەی زیاتر
١. بەرجەستەکردنی ئەو لەشفرۆشە چییە کە پێی دەگوترێت «بابلی مەزن»؟
«بابلی مەزن» یان لەشفرۆش، نیشاندەری هەموو ئایینە درۆینەکانە. (ئاشکراکردن ١٧:٥) ئێمە چۆن ئەمە دەزانین؟ سەرنجی ئەم خاڵانەی خوارەوە بدەن کە لێکچوونی ئەم ئافرەتە مەجازییە لەگەڵ ئایینە درۆینەکان نیشان دەدەن:
ئەم ئافرەتە مەجازییە لە سەرانسەری جیهاندا چالاکە. پەرتووکی ئاشکراکردن بە شێوەیەکی سیمبولی دەڵێت بابلی مەزن بەسەر ‹نەتەوە و نەتەوەکاندا دادەنیشێت و فەرمانڕەوایەتی پاشاکانی زەوی دەکات.›—ئاشکراکردن ١٧:١٥، ١٨.
ئەم ئافرەتە مەجازییە ناتوانێت نیشاندەری دەسەڵاتی سیاسی و بازرگانی بێت. بەگوێرەی پەرتووکی ئاشکراکردن کاتێک لەناو دەچێت، «پاشاکانی زەوی» و «بازرگانەکان» لەناو ناچن.—ئاشکراکردن ١٨:٩، ١٥.
ئەم ئافرەتە مەجازییە درۆی زۆر دەربارەی خودا دەڵێت. پەرتووکی ئاشکراکردن ئەم ژنە بە لەشفرۆش ناودەبات، چونکە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا چەندین پەیمانی لەگەڵ حکومەتەکان بەستووە بۆ ئەوەی سامانێکی زۆر کۆبکاتەوە. (ئاشکراکردن ١٧:١، ٢) هەروەها خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا گۆمڕا دەکات و دەبێتە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر.—ئاشکراکردن ١٨:٢٣، ٢٤.
گەڕانەوە بۆ خاڵی ٦ لە وانەی ١٣
٢. لە چ ساڵێکدا ناسنامەی مەسیح ئاشکرا کرا؟
پەرتووکی پیرۆز پێشبینی کرد کە ٦٩ هەفتە پێش هاتنی مەسیح تێدەپەڕێت.—دانیال ٩:٢٥ بخوێنەوە.
ئەم ٦٩ هەفتەیە لە چ ساڵێکدا دەستیپێکرد؟ لە ڕاستیدا، لە ساڵی ٤٥٥ پ.ز ئەمە دەستی پێکرد کاتێک کە نەحەمیای پارێزگار چوو بۆ ئۆرشەلیم بۆ چاککردنەوە و بنیادنانەوەی شارەکە.—دانیال ٩:٢٥؛ نەحەمیا ٢:١، ٥-٨.
ماوەی ئەم ٦٩ هەفتەیە چەند بوو؟ لە هەندێک لە پێشبینییەکانی پەرتووکی پیرۆز، ڕۆژێک بە واتای ساڵێکە. (سەرژمێری ١٤:٣٤؛ حزقیێل ٤:٦) کەواتە یەک هەفتە یەکسانە بە حەوت ساڵ. لە ئەنجامدا، لەم پێشبینییە، ٦٩ هەفتە یەکسانە بە ٤٨٣ ساڵ. (بەمانەی ٦٩ هەفتە x ٧ ڕۆژ)
ئەم ٦٩ هەفتەیە کەی کۆتایی پێهات؟ ئەگەر لە ٤٥٥ پ.ز دەست پێبکەین و ٤٨٣ ساڵ بەرەو پێشەوە بڕۆین، دەگەینە ساڵی ٢٩ی زایینی.a واتە ڕێک ئەو ساڵەیە کە عیسا لە ئاو هەڵکێشرا و بوو بە مەسیح.—لۆقا ٣:١، ٢، ٢١، ٢٢.
گەڕانەوە بۆ خاڵی ٥ لە وانەی ١٥
٣. بەکارهێنانی خوێن لە شێوازەکانی پزشکی
هەندێک لە چارەسەرە پزیشکییەکان، خوێنی نەخۆشەکە خۆی بەکاردەهێنن. شاهیدانی یەهوە—هەندێک لەو شێوازانە قبوڵ ناکەن.—بۆ نموونە خوێن نابەخشن و ڕێگە نادەن خوێنیان پێش نەشتەرگەری هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی دووبارە بەکاربهێنرێتەوە. دواوتار ١٥:٢٣.
بەڵام مەسیحییەکان دەتوانن چارەسەرەکانی تر قبوڵ بکەن کە خوێنی خۆیان بەکاردەهێنن؛ بۆ نموونە پشکنینی خوێن، شۆردنی خوێن، شلکردنەوەی خوێن (Hemodilution), بەکارهێنانی ئامێری پاراستنی خوێن (Cell Salvage) و ئامێری دەستکردی دڵ و سییەکان. هەر کەسێک دەبێت خۆی بڕیار بدات کە چۆن خوێنەکەی لە کاتی چارەسەری پزیشکی یان پشکنینەکاندا بەکاربهێنرێت، تەنانەت ئەگەر چارەسەریشی بۆ بکرێت. لەوانەیە هەر پزیشکێک شێوازی چارەسەری خۆی هەبێت، بۆیە پێویستە هەر مەسیحی پێش ئەوەی ئەو جۆرە شێوازانە قبوڵ بکات لێکۆڵینەوەی ورد بکات بۆ ئەوەی بە تەواوی تێبگات کە خوێنەکەی چۆن بەکاردەهێنرێت. هەروەها دەتوانێت ئەم پرسیارانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرێت:
ئەگەر پێم بڵێن کە بەشێک لە خوێنەکەم لە کاتی چارەسەرکردندا، بۆ دەرەوەی جەستەم دەگوازرێتەوە و ڕۆیشتنی خۆێن بۆ ماوەیەک بوەستێت، ئایا دەتوانم قبوڵی بکەم؟ ئایا ویژدانم ڕێگەم پێدەدات هێشتا ئەو خوێنە بە خوێنی خۆم بزانم، بۆ ئەوەی پێویست نەکات «بڕێژرێتە سەر زەوی»؟—دواوتار ١٢:٢٣، ٢٤.
ئەگەر پێم بڵێن کە بەشێک لە خوێنەکەم لە کاتی چارەسەرکردندا لە جەستەم دەردەهێنرێت و دەگۆڕدرێت و دواتر بۆ جەستەم دەگەڕێتەوە، ئایا دەتوانم ئەوە قبوڵ بکەم؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شتانەی کە لە پەرتووکی پیرۆزەوە فێربووم، ئایا ویژدانم ڕێگەم پێدەدات چارەسەرێکی لەو شێوەیە قبوڵ بکەم؟
٤. جیابوونەوەی هاوسەرگیری
وشەی خودا دەڵێت کە ژن و مێرد نابێت جیاببنەوە، بەڵام ئەگەر بە هەر هۆکارێک جیاببنەوە، بەپێی پەرتووکی پیرۆز ڕێگەیان پێنادرێت هاوسەرگیری بکەنەوە. (١ کۆرنسۆس ٧:١٠، ١١) لێرەدا چەند بارودۆخێک هەیە کە هەندێک لە مەسیحییەکان ئەوانە بە هۆکارێکی دروست بۆ جیابوونەوەیان دەزانن.
دابین نەکردنی پێداویستییەکانی خێزان: کاتێک کە مێرد بە ئەنقەست پێداویستییەکانی خێزانەکەی دابین نەکات و لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەشیان دەکات.—١ تیمۆساوس ٥:٨.
برینداربوونی توندی جەستەیی: کاتێک پیاو یان ژنێک بە توندوتیژی لەگەڵ هاوسەرەکەی ڕەفتار دەکات کە تەندروستی یان تەنانەت ژیانیشی دەخاتە مەترسییەوە.—گەلاتیا ٥:١٩-٢١.
پەرستنی یەهوە مەحاڵ دەکات: کاتێک کە پیاو یان ژنێک بە بەردەوامی هەوڵدەدات خزمەت یان پەرستنی یەهوە بۆ هاوسەرەکەی مەحاڵ بکات.—کردار ٥:٢٩.
گەڕانەوە بۆ خاڵی ٣ لە وانەی ٤٢
٥. جەژنەکان و ئاهەنگەکان
مەسیحییەکان بەشداری ئاهەنگەکان و جەژنەکان ناکەن کە لەلایەن خوداوە قبوڵ نییە. بەڵام کاتێک کەسانی تر ئەم جەژنانە یان ئاهەنگەکان دەگێڕن، مەسیحییەکان ڕووبەڕووی دۆخێک دەبنەوە کە دەبێت لەسەر بنەمای ویژدان و ئەوەی لە پەرتووکی پیرۆز فێربوون، بڕیار بدەن. چەند نموونەیەک لەم بارودۆخانە لەبەرچاو بگرن:
کەسێک پێت دەڵێت، «جەژنتان پیرۆز بێت!» دەتوانن سوپاسی بکەن و ئەگەر هەلومەرجەکە گونجاوە، ڕوونی بکەنەوە کە بۆچی جەژنەکە ناگێڕن.
هاوسەرەکەت کە شاهیدی یەهوە نییە، دەیەوێت لە جەژنەکاندا لەگەڵ خزمەکانتان کۆببنەوە. ئەگەر ویژدانت ڕێگەت پێدەدات بڕۆیت، دەتوانیت پێشوەخت بۆ هاوسەرەکەت ڕوونی بکەیتەوە کە ناتەوێت بەشداری بکەیت لە ئاهەنگی ئەو جەژنەدا کە پێچەوانەی فێرکارییەکانی پەرتووکی پیرۆزە.
خاوەنکارەکەت لە وەرزی پشوودا پاداشتت پێشکەش دەکات. ئایا پێویستە پاداشتەکە ڕەت بکەیتەوە؟ لەوانەیە نەخێر، چونکە ڕەنگە خاوەنکارەکەت ئەو پاداشتە بە بەشێک لە نەریتی یان پارەی جەژن نەزانێت و تەنها دەیەوێت بۆ سوپاسگوزاری لە کارەکەت، پاداشتت پێ بدات.
لە جەژندا کەسێک دیاریت پێدەدات. لەوانەیە ئەو بڵێت: «دەزانم ئەم جەژنە ناگێڕیت، بەڵام ویستم ئەم دیاریەت پێ بدەم.» ڕەنگە لەبەر خۆشەویستی ئەم کارە بکات بەڵام ڕەنگە بیەوێت ئیمانەکەت تاقی بکاتەوە یان بە جۆرێک لە ئاهەنگەکەدا بەشداریت بکات. باشتر وایە بە وردی ئەم بابەتانە لەبەرچاو بگریت و دواتر بڕیار بدەیت کە ئایا دەتەوێت دیاریەکەی قبوڵ بکەیت یان نا، بێگومان ئێمە دەمانەوێت بڕیارێک بدەین کە ویژدانێکی تاوانبارمان بۆ نەهێڵێتەوە و ڕێگەمان پێبدات بۆ یەهوە وەفادار بمێنینەوە.—کردار ٢٣:١.
گەڕانەوە بۆ خاڵی ١ لە وانەی ٤٤
٦. نەخۆشییە گوازراوەکان
لەبەر ئەوەی ئێمە خەڵکمان خۆشدەوێت، زۆر ئاگادارین نەخۆشی گوزراوە بۆ کەسانی تر نەگوازینەوە. بۆیە ئەگەر بزانین نەخۆشییەکی گوازراومان هەیە یان پێمان وابێت هەڵگری ئەو نەخۆشیە بین، ئەوا زۆر ئاگادار دەبین. ئێمە بەم شێوەیە ڕەفتار دەکەین چونکە پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە ‹نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.›—ڕۆما ١٣:٨-١٠.
چۆن دەتوانین بە کردەوە گوێڕایەڵی ئەم فەرمانە بین؟ کەسی نەخۆش نابێت کەسانی تر لە باوەش بگرێت و ماچیان بکات. هەروەها ئەگەر بۆ پاراستنی تەندروستی خێزانەکەیان بانگهێشتی کەس بۆ ماڵەکەی خۆیان نەکەن، کەسانی تر نابێت دڵگران بن. ئەگەر دەیەوێت لە ئاو هەڵکێشرێت، با پێش لە ئاو هەڵکێشان، لەگەڵ ڕێکخەری دەستەی پیران قسە بکات، تاکو لە کاتی لە ئاو هەڵکێشانەکەیدا نەخۆشییەکەی بۆ کەسانی تر نەگوازرێتەوە. ئەگەر کەسێک کە بە شێوەیەک لە شێوەکان تووشی نەخۆشییەکی گوازراوە بووە، پێش ژیانی هاوبەشی دەبێت پشکنینی خوێن بکات. بە ئەنجامدانی ئەم کارە، نیشانی دەدەیت کە تۆ ‹تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆت ناکەیتەوە، بەڵکو بیر لە بەرژەوەندی ئەوانی دیکەش دەکەیتەوە.›—فیلیپی ٢:٤.
گەڕانەوە بۆ خاڵی ٢ لە وانەی ٥٦
٧. بابەتی بازرگانی و یاسا
بۆ دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی، هەموو گرێبەستە داراییەکانت بنووسە، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ یەکێک لە هاوباوەڕێکیشدا بێت. (یەرمیا ٣٢:٩-١٢) لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک جار ناکۆکی بچووک لە نێوان مەسیحیەکان، لەسەر دارایی و کار یان بابەتەکانی تر هەیە. لەو حاڵەتەدا، دەبێت هەوڵ بدەن بە زووترین کات کێشەکە لە نێو خۆیاندا بە شێوەیەکی تایبەتمەندانە و دۆستانە چارەسەر بکەن.
بەڵام ئەگەر کێشەی وەک فێڵ و بوختان سەرهەڵبدات، دەبێت چی بکەین؟ (مەتا ١٨:١٥-١٧ بخوێنەوە.) بەگوێرەی عیسا، پێویستە ئەم سێ هەنگاوە بگرینە بەر:
١. هەوڵ بدە کێشەکە لە نێوان خۆتان چارەسەر بکەن.—ئاماژە بە ئایەتی ١٥.
٢. ئەگەر سەرکەوتوو نەبوویت، داوا لە یەک یان دوو مەسیحی بە ئەزموون بکە لەگەڵت بێن.—ئاماژە بە ئایەتی ١٦.
٣. هێشتا ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرا، ئەو کات تەنها خۆت داوای یارمەتی لە پیران بکە.—ئاماژە بە ئایەتی ١٧.
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نابێت لە دادگا، سکاڵا لەسەر هاوباوەڕەکانمان تۆمار بکەین، چونکە ئەمە وادەکات خەڵک بەرامبەر یەهوە و پەرستەندەکانی ڕەشبین بن. (١ کۆرنسۆس ٦:١-٨) لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک کێشە وەک تەڵاق، بەخێوکردنی منداڵ دوای جیابوونەوە، پێدانی پارەی نەفەقە، پارەدانی داواکارییەکانی بیمە، کەیسەکانی مایەپووچبوون و جێبەجێکردنی وەسیەتنامە دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی و لە ڕێگەی دادگاکانەوە چارەسەر بکرێن. کەواتە، بەگوێرەی پەرتووکی پیرۆز، هەڵە نییە کە یەکێک لە شاهیدانی یەهوە ئەم بابەتانە لە ڕێگەی دادگاوە بەبێ ناکۆکی چارەسەر بکات.
بە هەمان شێوە، ئەگەر بابەتەکە تاوانی گەورەی وەک دەستدرێژیکردن، دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان، دەستدرێژی کردن یان ئازاردانی جەستەیی، دزی و کوشتنی تێدا بێت، کەواتە، بەپێی پەرتووکی پیرۆز هەڵە نییە یەکێک لە شاهیدانی یەهوە بە بەرپرسانی حکومەت ڕابگەیەنێت.
a لە ساڵی ٤٥٥ پ.ز تا ساڵی ١ی پ.ز ٤٥٤ ساڵە. بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە هیچ ساڵێکی سفر لە ڕۆژ ژمێرەکەدا نییە، لە ساڵی ١ی پ.ز هەتا ساڵی ١ی ز ساڵێک تێپەڕیوە و لە ساڵی ١ ەوە تاوەکو ٢٩ ز ٢٨ ساڵە. کۆی ئەم سێ ژمارەیە، واتە ٤٥٤، ١، و ٢٨، یەکسانە بە ٤٨٣.