وانەی ٤٥
چۆن دەتوانین لە بابەتە سیاسی و نەتەوەییەکان بێلایەن بین؟
عیسا فێری شوێنکەوتووانی کرد کە نابێت «سەر بە جیهان بن.» (یۆحەنا ١٥:١٩) لایەنگری نەکردن لە سیاسەت و جەنگەکان بێلایەنی دەگرێتەوە. لە ڕاستیدا، هەمیشە ئاسان نییە بێلایەن بین. لەوانەیە کەسانی تر بۆ بێلایەنیمان گاڵتەمان پێبکەن. کەواتە چۆن دەتوانین بۆ یەهوە بێلایەن و وەفادار بین؟
١. ڕوانگەی مەسیحییە ڕاستەقینەکان سەبارەت بە حکومەتەکانی مرۆڤ چییە؟
ئێمەی شاهیدانی یەهوە ڕێز لە کاربەدەستانی حکومەت دەگرین و وەک عیسا فەرمووی: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر» واتە ئێمە گوێڕایەڵی یاساکانی وڵاتەکەمان دەبین. بۆ نموونە، ئەگەر یاسا داوایی باج بکات، باج دەدەین. (مەرقۆس ١٢:١٧) پەرتووکی پیرۆز دەڵێت حکومەتەکانی مرۆڤ تەنها لەبەر ئەوەی یەهوە ڕێگەیان پێدەدات فەرمانڕەوایی دەکەن. (ڕۆما ١٣:١) ئێمە دەزانین کە حکومەتەکانی مرۆڤ تەنها دەسەڵاتێکی ڕێژەیی و سنوورداریان هەیە. لە ڕاستیدا، هیوامان تەنها بە خودا و پاشایەتییە ئاسمانییەکەیەتی کە دەتوانێت هەموو کێشەکانی مرۆڤ چارەسەر بکات.
٢. چۆن دەتوانین نیشانی بدەین کە بێلایەنین؟
ئێمە وەک عیسا تێکەڵ بە سیاسەت نابین. کاتێک خەڵک مۆعجیزەکانی عیسایان بینی و دەیانویست بیکەن بە پاشا، عیسا ڕەتی کردەوە. (یۆحەنا ٦:١٥) دواتر هۆکاری کارەکەی ڕوونکردەوە و ووتی: «پادشایەتی من سەر بەم جیهانە نییە.» (یۆحەنا ١٨:٣٦) ئێمەی شوێنکەوتووانی عیسا دەتوانین بێلایەنی خۆمان بە زۆر شێوە نیشان بدەین. بۆ نموونە، ئێمە لە جەنگدا بەشداری ناکەین. (میخا ٤:٣ بخوێنەوە.) ئێمە تا ڕادەیەک ڕێز لە هێما نەتەوەییەکان وەک ئاڵا دەگرین بەڵام ستایشیان ناکەین. (١ یۆحەنا ٥:٢١) هەروەها ئێمە پشتگیری و دژایەتی پارتە سیاسی و کاندیدەکان لە هەڵبژاردندا ناکەین. بەم شێوەیە نیشانی دەدەین کە بۆ فەرمانڕەوایی خودا، واتە پاشایەتیەکەی بە تەواوی وەفادارین.
زیاتر بزانە
لەم وانەیەدا دەبینین کە لە چ بارودۆخێکدا پاراستنی بێلایەنی سەختە، بەڵام چۆن دەتوانین لە کاتی وا بە گرتنی بڕیارەکانمان یەهوە دڵخۆش و ڕازی بکەین.
٣. مەسیحییە ڕاستەقینەکان لە بابەتە سیاسییەکاندا بێلایەنن
عیسا و شوێنکەوتووەکانی بۆ ئێمە نموونەیەکی باشن. ڕۆما ١٣:١، ٥-٧ و ١ پەترۆس ٢:١٣، ١٤ بخوێنەوە و دواتر ڤیدیۆکە بکەوە و لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن.
بۆچی دەبێت ڕێز لە دەسەڵاتدارانی حکومەت بگرین؟
چەند ڕێگایەک چین کە نیشان دەدەین گوێڕایەڵی ئەوانین؟
لە کاتی جەنگدا، هەندێک لە وڵاتەکان بانگەشەی بێلایەنی دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا پشتگیری هەردوولا دەکەن. بەڵام بێلایەنی ڕاستەقینە مانای چییە؟ یۆحەنا ١٧:١٦ بخوێنەوە و دواتر ڤیدیۆکە بکەوە و لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن.
بێلایەن بوون مانای چییە؟
لەوانەیە دەسەڵاتدارانی حکومەت داوامان لێبکەن کارێک بکەین کە بە پێچەوانەی یاساکانی خودا بێت. لەو حاڵەتەدا، دەبێت چی بکەین؟ کردار ٥:٢٨، ٢٩ بخوێنەوە ڤیدیۆکە بکەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن.
ئەگەر ناکۆکی لە نێوان یاساکانی حکومەت و یاساکانی خودا هەبێت، ئێمە دەبێت گوێڕایەڵی کام لایەن بین؟
بیر بکەوە لە چ حاڵەتێکدا مەسیحییەکان گوێڕایەڵی یاساکانی دەوڵەت نابن؟
٤. لە کردار و بیرکردنەوەکانتان نیشانی بدەن کە بێلایەنین
١ یۆحەنا ٥:٢١ بخوێنەوە، دواتر ڤیدیۆکە بکەوە و لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن.
لەم ڤیدیۆیەدا بۆچی برامان ئاینگی، بڕیاری دا کە بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەتەوە پەرستی، وەک سڵاو کردن و رێزگرتن لە ئاڵای وەڵات و پارتە سیاسیەکان نەکات؟
پێتوایە بڕیارەکەی ژیرانە بوو؟
لە چ حاڵەتێکی تردا بێلایەنیمان تاقی دەکرێتەوە؟ ڤیدیۆکە بکەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن.
چۆن دەتوانین لە کاتی سەیرکردنی یاری یان باس لە ڕووداوە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، بێلایەن بین؟
تەنانەت ئەگەر بڕیارەکانی دەوڵەتەکان بۆ بەرژەوەندی یان زیانی ئێمە بێت چۆن دەتوانین بێلایەن بمێنینەوە؟
ئەو هەواڵانەی کە لە میدیاکان و دەوروبەرمانەوە دەیبیستین چۆن کاریگەری لەسەر بێلایەنیمان هەیە؟
مەسیحییەکان لە چ بووارێکدا پێویستە لە بیرکردنەوە و کردارەکانیان نیشان بدەن کە بێلایەنن؟
هەندێک کەس دەپرسن: «بۆچی ڕێز لە ئاڵا ناگرن و سروودی نیشتمانی ناڵێن؟»
ئێوە چۆن وەڵام دەدەنەوە؟
لە کۆتاییدا
مەسیحییەکان هەوڵ دەدەن بە بۆچوونیان، قسە کردنیان و کردارەکانیان نیشانی بدەن کە لە بابەتە سیاسیەکاندا بێلایەنن.
پێداچوونەووە
ئێمە دەبێت سەبارەت بە حکومەتەکان چۆن ڕەفتار بکەین؟
بۆچی ئێمە دەبێت لە بابەتە سیاسییەکاندا بێلایەن بەمێنینەوە؟
لە چ حاڵەتێکدا بێلایەنیمان تاقی دەکرێتەوە؟
لێکۆڵینەوەی زیاتر
بۆ ئەوەی بێلایەن بمێنینەوە، پێویستە چی بکەین؟
چۆن خێزانەکان دەتوانن پێشتر خۆیان بۆ ئەو حاڵەتانە ئامادە بکەن کە بێلایەنییان تاقی دەکرێتەوە؟
بۆچی نابێت مرۆڤ وا بیر بکاتەوە کە بەرگری لە نیشتیمان بە بەرزترین شەرەفی مرۆڤ دادەنرێت؟
چۆن دەتوانن نیشانی بدەن کە «سەر بە جیهان نین» کاتێک بڕیار دەدەن کارێک هەڵبژێرین؟
«هەرکەسێک باری خۆی هەڵدەگرێت» (تاوەری چاودێری، ١٥ی مارچ، ٢٠٠٦)