بەشی ٢
زەوییەکی ئازاد لە ئازار
بەڵام ملیۆنەها کەسی تر لە سەرانسەری جیهاندا بۆچوونێکی جیاوازتریان هەیە. ئەوان پێشبینی دواڕۆژێکی نایاب دەکەن بۆ مرۆڤایەتیو دەڵێن لە ماوەیەکی داهاتووی کورتدا لێرە لەسەر ڕووی زەوی جیهانێك دێت کە بە تەواوی لە ئازارو بەدکاری ئازادە. ئەوان دڵنیان لەوەی هەرچییەکی کە خراپە، لەماوەیەکی کورتدا لادەبرێو جیهانێکی نوێی تەواو دادەمەزرێ. تەنانەت دەڵێن بناغەی ئەم جیهانە نوێیە ئێستا دادەنرێ!
٢ ئەو کەسانە باوەڕیان وایە کە جیهانی نوێ، لە جەنگ، زەبروزەنگ، تاوان، زۆرداریو هەژاری ئازاد دەبێت. جیهانێکی بێ نەخۆشی، پەژارە، فرمێسك، تەنانەت بێ مردنیش دەبێت. لەو کاتەدا خەڵکی بەرەو تەواوی گەشە دەکەنو لە بەهەشتێکی زەمینیدا بەهەمیشەیی لە خۆشیدا دەژین. تەنانەت مردووەکانیش زیندوو دەکرێنەوەو ئەو هەلەیان پێدەدرێ تا بەهەمیشەیی بژین.
٣ ئایا ئەم بۆچوونە دەربارەی دواڕۆژ تەنها خەونێکە؟ تەنها خۆزگەیەکی بە بیرداهاتووە؟ نەخێر هەرگیز نا. ئەم بۆچوونە لەسەر بناغەی باوەڕێکی بەهێز دامەزراوە کە هاتنی ئەم بەهەشتە گومانی تێدا نییە (عیبرانیەکان ١١:١). بۆچی ئەوان ئاوا دڵنیان؟ چونکە ئافەریدگاری (دروستکەری) گەردون کە خاوەن توانایە ئەو بەڵێنەی داوە.
٤ پەرتووکی پیرۆز دەربارەی بەڵێنەکانی خودا دەفەرموێ: «چونکە ئەوەی بەڵێنی پێداوین ڕاستگۆیە،» «ئەوەی خودای ڕاستگۆ لەزووەوە بەڵێنی پێداوە.» «چونکە خودا هەرگیز درۆ ناکات» (عیبرانیەکان١٠:٢٣؛ تیتۆس ١:٢؛ عیبرانیەکان ٦:١٨).
٥ بەڵام، ئەگەر خودا مەبەستی بووبێت بەهەشتێکی زەمینی ئازاد لە ئازار دابمەزرێنێ، بۆچی لە سەرەتاوە ڕێگای بە ڕوودانی کاری خراپ داوە؟ بۆچی تا ئێستا شەش هەزار ساڵ چاوەڕێی کرد بۆئەوەی چەوتیەتی ڕاستبکاتەوە؟ ئایا ئەو هەموو سەدانەی پڕ لە ئازار ئەوە نیشان دەدن کە خودا بەڕاستی بایەخ بە ئێمە نادات، یاخود تەنانەت بوونیشی نییە؟
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. چ بۆچوونێکی جیاواز هەیە لەلای زۆرکەس؟
٣، ٤. بۆچی ئەو خەڵکانە وا دڵنیان لە ڕاستیەتی بۆچوونەکانیان؟
٥. دەبێ وەڵامی کام پرسیارانە بدرێنەوە؟