بەشی ٣
چۆن دەتوانین بزانین کە خودایەك هەیە
یەکێك لە ڕێگاکان بۆ سەلماندنی بوونی خودا، سەپاندنی ئەم بنەما باش داڕێژراوەیە. هەر دروست کراوێك دروستکەرێکی هەیە. هەرچەند دروست کراوەکە ئاڵۆزتر بێت، دەبێ دروستکەر بەتواناترو کارامەتر بێت.
٢ بۆ نموونە، چاوێك بە ناو ماڵەکەتاندا بگێڕن، مێز، کورسی، پەرتووکخانە، چوارپایە، گوڵدان، مەنجەڵو قاپوقاچاغی تری پێویست بۆ خواردن، هەموویان پێویستیان بە دروستکەرێك هەیە. هەروەها دیوار، تەختی ژور، بنمیچ بەهەمان شێوە. بەڵام دروستکردنی ئەم شتانە سەبارەت بە هەندێ شتی ترەوە ساکارن. کەواتە ئەگەر ئەم شتە ساکارانە دروستکەرێکیان پێویست بێت، ئایا ژیربێژی نییە بڵێین شتە ئاڵۆزەکانیش پێویستیان بە دروستکەرێکی ژیرتر هەیە؟
گەردونی سەرسوڕهێنەری ئێمە
٣ کاتژمێر پێویستی بە کاتژمێرساز هەیە. ئەی چی بڵێین دەربارەی کۆمەڵەی خۆری خۆمان کە زۆر زۆر ئاڵۆزترە. خۆرو هەسارەکانی دەوری کە سەدە بەدوای سەدە بەو وردیە بەدەوری خۆردا دەسوڕێنەوە؟ ئەی ئەو کۆمەڵە ئەستێرە سەرسوڕهێنەرەی کە ئێمە تیایدا دەژین کە بە ڕێگایکاکێشان ناودەبردرێو زۆرتر لە ١٠٠ ملیۆن خۆری تێدایە؟ ئایا شەوێك وەستاون کاتتان تەرخان کردبێ بۆ سەیرکردنی؟ ئایا ئەو دیمەنە هیچ کاری کردە سەرتان؟ ئینجا بیر لەو گەردونە بەربڵاوە بکەنەوە کە ملیارەها کۆمەڵە ئەستێرەی لەژمارەنەهاتووی دیکەی وەك ڕێگایکاکێشانی تێدایە. سەرەڕای ئەمەش ئەم تەنە ئاسمانیانە بە درێژایی سەدە لە دوای سەدە بە شێوەیەکی پشت پێبەستراو لە جوڵەدان کە بەراورد کراون لەگەڵ ئەو کاتژمێرانەی زۆر بە ڕێکوپێکی کاردەکەن.
٤ ئەگەر کاتژمێرێك کە لە پێوانەدا ساکارە پێویستی بە کاتژمێرسازێك هەبێ، بێگومان گەردونی زۆر ئاڵۆزترو نایابو بێکۆتایی نەخشەکێشێكو دروستکەرێکی هەیە. هەربۆیە پەرتووکی پیرۆز بانگێشمان دەکات تا «سەرمان بەرزکەینەوەو سەیری ئاسمان بکەین،» ئینجا دەپرسێ «کێ ئەو هەموو شتانەی ئافراندووە؟» وەڵامەکەی: «ئەوە ئەو کەسەیە [خودایە] کە لەشکرەکەیان دەهێنێتە ژمارو ناوی بۆ هەموویان داناوە. لەبەر چڕی وزەی دینامیکی، مەزنی هێزەکەی، یەك دانەش لەوانە وون نابێ» (ئەشعیا ٤٠:٢٦). بەم جۆرە، بوونی گەردون بۆ هێزێکی چاودێرکەری نەبینراوی زیرەك دەگەڕێتەوە — خودا.
زەوی بەشێوەیەکی بێهاوتا نەخشەکێشراوە
٥ هەرچەند زاناکان زۆرتر لە زەوی بکۆڵنەوە، ئەوەندە زیاتر بۆیان ڕووندەبێتەوە کە زەوی بە شێوەیەکی بێهاوتا بۆ نیشتەجێ بوونی مرۆڤ دروست کراوە. دووریەکەی لە خۆر دووریەکی تەواوە بۆ وەرگرتنی بڕی گونجاو لە ڕووناکیو گەرمایی. ساڵی جارێك بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، بەگۆشەیەکی لاری دروستو تەواو، کە بە هۆیەوە هەر چوار وەرزی ساڵ لە زۆربەی بەشەکانی سەر زەوی دروست دەبێ. هەروەها زەوی هەر ٢٤ کاتژمێر جارێك بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە، کە بە هۆیەوە یاسای تاریکیو ڕووناکی دابین دەکرێ. بەرگە هەوایەکی هەیە کە تێکەڵێکی ڕێکوپێکی گازەکانە، تاکو ئێمە بتوانین هەناسە بدەینو لەو تیشکە زەرەرمەندانەی کە لە بۆشایی ئاسمانەوە دێن بپارێزرێین. هەروەها ئاوو خۆڵی زیندەکاری هەیە کە بۆ بەرهەم هێنانی خواردن پێویستن
٦ ئەگەر ئەو هۆکارانەو چەند هۆکارێکی تریش بەیەکەوە کارنەکەن، ژیان نەشیاو دەبێت. ئایا ئەو هەموو شتانە بەڕێکەوت هاتوون؟ «هەواڵەکانی زانستی» (گۆڤارێکی ئینگلیزییە) دەڵێت: «وادیارە ئەم بارودۆخە ووردو ڕێکە هەرگیز بەڕێکەوت نایەتە کایەوە.» نەخێر، ناکرێت، ئەمانە پێویستیان بە نەخشەکێشانێکی پڕ لە مەبەست هەیە، لەلایەن نەخشەکێشێکی کارامەوە.
٧ ئەگەر ئێوە چوونە ناو ماڵێکی جوانەوەو بینیتان کە خواردنێکی زۆرو باشئامادەکراو، ئامێری گەرمکەرەوەو هەوا خۆشکەرەی باشو بۆری باشی ئاوی تێدایە. چیتان بۆ دەردەکەوێ؟ ئایا ئەم هەموو شتانە لە خۆیانەوە هاتوون؟ نەخێر، بێگومان بۆتان دەردەکەوێ کە کەسێکی زیرەك بە بایەخپێدانێکی زۆرەوە نەخشەی کێشاونو دروستی کردوون. زەویش بە بایەخپێدانێکی زۆرەوە نەخشەکێشراوەو دروستکراوە بۆ دابینکردنی ئەوەی کە نیشتەجێبوانی پێویستیان پێیەتی. زەویش زۆر ئاڵۆزترەو لە هەموو خانوویەکیش باشتر دابینکراوە.
٨ هەروەها بیر لەو هەموو شتانە بکەنەوە کە خۆشی دەخەنە ژیان. سەیری ئەو گوڵە جۆراوجۆرو ڕەنگاوڕەنگانە بکەن کە شێوەی جوانو بۆنی خۆشیان چێژ بە مرۆڤ دەدەن. هەروەها چەندین جۆرە خواردنی زۆر خۆش هەن بۆئەوەی تامیان لێ وەرگرین. دارستانو چیاو دەریاچەکانو ئافەریدەی تر هەن کە مرۆڤ بە بینینیان شادمانو دڵخۆش دەبێ. ئەی دیمەنی جوانی خۆرئاوابوون کە چێژ وەرگرتن لە ژیان زۆرتر دەکات. لە جیهانی ئاژەڵیشدا ئایا جوڵەجوڵو یاری کردنی توتکەسەگٔو بەچکە پشیلەو ئاژەڵە بچکۆلەکانی تر دڵمان خۆش ناکەن؟ بەم جۆرە زەوی چەندین شتی سەرسوڕهێنەرو دڵخۆشکەرمان پێدەبخشێ کە هەرگیز بۆ پشتگیری کردنی ژیان پێویست نین. ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە زەوی بە بایەخێکی پڕ خۆشەویستی دروست کراوە. لەگەڵ بیر لە مرۆڤ کردنەوە، نەك تەنها بۆ ئەوەی بژین بەڵکو بۆ ئەوەی چێژ لە ژیان وەرگرین.
٩ کەواتە، گەیشتنە ئەنجامی ژیرانە لێرەدا دانپێدانانە بەو کەسەی کە ئەم هەموو شتانەی پێ بەخشیوین. هەروەك نووسەرێکی پەرتووکی پیرۆز دەربارەی یەهوە خودا دەفەرموێ: «‹ئەی خوداوەند تۆ لە سەرەتاوە بناغەی زەویت داناوە، ئاسمانیش کاری دەستەکانتە›» بە چ ئامانجێك؟ «هەموو میللەتانی لەیەکێك دروست کردووە، تا لەسەر هەموو زەوی نیشتەجێبن» (عیبرانیەکان ١:١٠؛ کرداری نێرراوان ١٧:٢٦).
خانەی زیندووی سەرسوڕهێنەر
١٠ ئەی شتە زیندووەکان؟ ئایا پێویستیان بە دروستکەرێك نییە؟ بۆ نموونە بیر لە هەندێ لایەنی سەرسوڕهێنەری خانەی زیندوو بکەنەوە. مایکڵ دینتۆن زانایەکی زیندەوەرزانی گەردیللەییە، «لە پەرتووکەکەیدا پەرەسەندن: تیۆرێك لە قەیراندا» (بەزمانی ئینگلیزی) دەڵێ: «تەنانەت ساکارترین سیستەمە زیندووەکانی ئەمڕۆی سەرزەوی، (خانەکانی بەکتریا)، تەنی یەکجار ئاڵۆزن، هەرچەندە خانەکانی بەکتریا ئەوەندە ووردن بە جۆرێکی باوەڕپێنەکراو ... بەڵام لەڕاستیدا هەریەکێك لەوانە کارگەیەکی گەردیللەییە پێکهاتووە لە هەزاران پارچەی زۆر ڕێکوپێك دروستکراو لە ئامێری گەردی ئاڵۆز ... کە زۆر زۆر ئاڵۆزترە لە هەر ئامێرێك مرۆڤ دروستی کردبێو بەهیچ شێوەیەك تەریب نییە لەگەڵ جیهانی نازیندوو.»
١١ سەبارەت بە پەرلەی (کۆدی) بۆماوەزانی لە هەر خانەیەکدا، دەڵێ: «ئەو توانایەی کە ترشیناووکی DNA هەیەتی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری زۆر گەورەترە لە هەر سیستەمێکی ناسراوی تر؛ ئەو پەرلەیە ئەوەندە کارامەیە (چوستە) بەڕادەیەك کە هەموو زانیاریەکی پێویست بۆ دیاریکردنی زیندەوەرێکی ئاڵۆزی وەکو مرۆڤ دەگرێتەخۆی، کێششی لە چەند بەشێك لە هەزار ملیۆن بەشی گرامێك کەمترە. ... بە بەراورد کردنی ئاستی داهێنانو ئاڵۆزکاری کە ئامێری گەردی ژیان نیشانی دەدات، تەنانەت پێشکەوتووترین بەرهەمەکانمان بە نەگونجاوی دێنە بەرچاو. هەست بەساکاری دەکەین.»
١٢ دۆنتن درێژە بە قسەکەی دەداتو دەڵێ: «ساکارترین جۆری خانەی ناسراو ئەوەندە مەزنە ناشێو ڕێی تێناچێ بگوترێ شتێکی ئاوا لەپڕ، بەڕێکەوتو بە شێوەیەکی زۆر ناباو یەکی گرتبێ.» دەبێ نەخشەکێشێكو دروستکەرێکی هەبێ.
مێشکی سەرسوڕهێنەری ئێمە
١٣ دواتر ئەم زانایە دەڵێ: «لە ڕووی ئاڵۆزیەوە تاکە خانەیەك هیچ شتێك نییە، کاتێ لەگەڵ سیستەمی مێشکی ئاژەڵێکی شیردەردا بەراورد دەکرێ. مێشکی مرۆڤ لە نزیکەی ١٠ هەزار ملیۆن دەمارەخانە پێکهاتووە. هەر دەمارەخانەیەك لە نێوان دە تا سەد هەزار ڕیشاڵی گەیاندنی لێ دەبێتەوە کە بەهۆیانەوە بە دەمارەخانەکانی تری مێشك پەیوەندی دەکات، سەرجەمی هەموو پێکەوە بەستراوەکان لە مێشکی مرۆڤدا ... دەگاتە نزیکەی هەزار ملیۆن ملیۆن.»
١٤ دۆنتن دواتر دەڵێ: «ئەگەر تەنها بەشێك لەسەد بەشی ئەو بەیەکەوەبەستنانەی مێشك بە شێوەیەکی تایبەت ڕێکخرابێ، ئەوا ئەو بەشە نوێنەرایەتی سیستەمێك دەکات کە ژمارەیەکی دیاریکراوی بەیەکەوەبەستن دەگرێتە خۆی و زۆر زیاترە لە سەرجەم تۆڕی پەیوەندیەکانی سەر زەوی.» ئینجا دەپرسێ: «ئایا دەکرێ کردارێکی کوێرانەی تەواو لە هەر کاتو شوێنێکدا بێت ئەم شێوە سیستەمەی بەیەکەوە کۆکردبێتەوە؟» زۆر ئاشکرایە وەڵامەکە دەبێ نەخێر بێت. مێشك دەبێ نەخشەکێشێكو دروستکەرێکی هەبێت.
١٥ لە بەراوردکردندا لەگەڵ مێشکی مرۆڤ، تەنانەت پێشکەوتووترین ئامێری کۆمپیوتەر هێشتا هەر لە قۆناغی سەرەتاییدایە. نووسەرێکی زانستی بەناوی مۆرتن هانت دەڵێ: «یادوەری چالاکی ئێمە چەندین بلیۆن جار زانیاری زۆرتر لە کۆمپیوتەرێکی توێژینەوەی گەورەی ئەم چەرخە دەستگیر دەکات.» هەر بۆیە دکتۆر ڕۆبەرت ج. وایت ی نەشتەرگەری مێشك گەیشتە ئەم ئەنجامە «هیچ چاری ترم نییە جگە لەوەی کە دەبێ دانبنێم بە بوونی زیرەکیەکی پایەبەرز، بەرپرس لە نەخشەکێشانو گەشەپێکردنی پەیوەندی باوەڕپێنەکراوی نێوان مێشكوهۆش — کە شتێکە لە سەروی توانای تێگەیشتنی مرۆڤەوەیە ... دەبێ باوەڕ بکەم کە ئەمانە دەستپێکردنێکی ژیرانەیان هەبووەو بە هۆی کەسێکەوە ڕوویانداوە.» دەبێ ئەویش کەسێك بێت کە بایەخی پێداوین.
سیستەمی خوێنی بێهاوتا
١٦ ڕەچاوی سیستەمی خوێنی بێهاوتا بکەن، ئەوەی کە خۆراكو ئۆکسجین دەگوێزێتەوەو لەش لە ژەهراوی بوون دەپارێزێت. دەربارەی خڕۆکە سورەکانی خوێن، کە پێکهاتەیەکی سەرەکی ئەم سیستەمەن. پەرتووکی «ئەلفو بێی لەشی مرۆڤ» (بەزمانی ئینگلیزی) دەڵێ: «یەك دڵۆپە خوێن زۆرتر لە ٢٥٠ ملیۆن خڕۆکەی جیاوازی تێدایە ... لەشی مرۆڤ نزیکەی ٢٥ ترلیۆن خڕۆکەی تێدایە. ئەگەر بڵاوبکرێتەوە ئەوا چوار یاریگای تێنس دادەپۆشێ. ... تێکڕای نوێبوونەوەیان ٣ ملیۆن خڕۆکەیە لە چرکەیەکدا.»
١٧ دەربارەی خڕۆکەی سپی کە بەشێکی ترە لەم سیستەمە بێهاوتایە، هەمان سەرچاوە دەڵێ: «لە کاتێکدا کە خڕۆکە سورەکان تەنها یەك جۆریان هەیە، خڕۆکە سپیەکان جۆریان زۆرە، هەر جۆرێك لەوانە بە شێوەیەکی جیاواز توانای شەڕکردنی هەیە. بۆ نموونە، یەکێك لەو جۆرانە خانە مردووەکان لەناودەبەن. جۆرێکی تر هەن دژەتەن لە دژی ڤایرۆسەکان بەرهەم دەهێنن، ماددە ژەهراویەکان لەناودەبەن، بە واتایەکی تر قوتدانو هەرسکردنی بەکتریاکان.»
١٨ ئای کەچەند سیستەمێکی سەرسوڕهێنەرو زۆر باش ڕێکخراوە، بێگومان هەرشتێك بەم شێوە باشە کۆکرابێتەوە دەبێ ڕێکخەرێکی زۆر ژیرو بایەخدەری هەبێ — خودا.
سەرسوڕهێنەری تر
١٩ لە لەشی مرۆڤدا زۆر شتی سەرسوڕهێنەری تر هەن. یەکێك لەوانە چاوە، کە بە شێوەیەکی نایاب نەخشەکێشراوە تەنانەت هیچ کامێرایەك نییە بتوانێ هاوشێوەی بێت. ڕۆبەرت جاسترۆی گەردونناس دەڵێت «وادیارە چاو نەخشەکێشراوە؛ هیچ تەلەسکۆب دروستکەرێك نەیدەتوانی لەوە باشتر دروستیبکات.» بڵاوکراوەی «فۆتۆگرافی میللی» (بە زمانی ئینگلیزی) لەو بارەیەوە دەڵێ: «چاوی مرۆڤ مەودای بینینی بابەتەکانی زۆر مەزنترە لەوەی کە فلیم دەیکات. چاو دەتوانێ بە هەرسێ ڕەهەندەکە ببینێت، بە گۆشەیەکی یەگجار فراوانو بەبێ شێواندن، بە جوڵەیەکی بەردەوام ... بەراورد کردنی کامێرا بە چاوی مرۆڤ لەیەکچوونێکی باش نییە. بەڵکو چاوی مرۆڤ بە تواناترە لە کۆمپیوتەرێك (supercomputer) کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پێشکەوتووەو خاوەن زیرەکیەکی دەستکردە، توانای چارەسەرکردنی زانیاریو خێراییەکەییو ڕێگای کارپێکردنی چاو زۆر لەسەروی هەر ئامێرێکی وەك کامێراو کۆمپیوتەرە کە مرۆڤ دروستیکردووە.»
٢٠ هەروەها بیربکەنەوە لە شێوازی هاوکاری کردنی ئەندامە ئاڵۆزەکانی لەش بێئەوەی ئێمە لەو کۆششە ئاگاداربین. بۆ نموونە، گەدەمان لە خواردنو خواردنەوە پڕدەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا لەش چارەسەری دەکاتو وزەی لێ دروست دەکات. هەوڵ بدەن چەند شتێکی ئاوا جیاجیا بخەنە ناو تانکی بەنزینی ئۆتۆمۆبیلێكو بڕوانن ئاخۆ چەند دەڕوات! ئینجا بڕواننە سەرسوڕمانی لەدایکبوون، بەرهەم هێنانی منداڵێکی زۆر شەنگ—کۆپییەك لە دایكو باوکی—تەنها لە نۆ مانگدا. ئەی منداڵێك کە تەنها تەمەنی چەند ساڵێکەو توانای فێربوونی قسەکردنی هەیە بە زمانێکی ئاڵۆز؟
٢١ بەڵێ، داهێنانە ئاڵۆزو سەرسوڕهێنەرە زۆرەکانی ناو لەشی مرۆڤ تووشی ساممان دەکەن. هیچ ئەندازیارێك ناتوانێ هاوشێوەی ئەو شتانە دروستبکات. ئایا دەکرێ ئەمانە تەنها کاری ڕێکەوتی کوێرانەبن؟ بێگومان نا. جگە لەوەش، کاتێ ڕوانگە سەرسوڕهێنەرەکانی لەشی مرۆڤ ڕەچاو دەکرێن، خەڵکی زاناو هۆشیار دەڵێن، هەروەك نووسەری زەبوریش دەڵێت: «ستایشت دەکەم ئەی خودا لەبەرئەوەی بە شێوەیەکی سەرسام ئافراندوتم. کارەکانت سەرسوڕهێنەرن» (زەبور ١٣٩:١٤).
ئافەریدگاری باڵا
٢٢ پەرتووکی پیرۆز دەفەرموێ «شتێکی ئاساییە، هەموو خانوویەك دەبێ یەکێك هەبێ دروستی کردبێ، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە» (عیبرانیەکان ٣:٤). هەروەك هەموو خانوویەك هەرچەند ساکاریش بێت، دەبێت دروستکەرێکی هەبێ، دەبێ گەردونی زۆر ئاڵۆزتریش شانبەشانی ئەو هەموو زیندەوەرە جۆراو جۆرە لەژمارەنەهاتووی سەرزەویش ئافەریدگارێکیان (دروستکەر) هەبێ. هەروەك ئێمە دانئەنێین بەبوونی ئەو مرۆڤانەی کە ئامێری وەك فڕۆکەو تەلەفزیۆنو کۆمپیوتەریان داهێناوە، ئەی نابێت هەرواش دانبنێین بە بوونی ئەوەی کە هۆشی بە مرۆڤەکان بەخشی تاکو بتوانن ئەم جۆرە شتانە دروستبکەن؟
٢٣ پەرتووکی پیرۆز دانیپێدادەنێتو ناوی لێدەنێت «‹خوداوەندی باڵادەست، ئەی دروستکەری ئاسمانو زەویو دەریاو هەموو ئەو شتانەی تیایاندایە›» (کرداری نێرراوان ٤:٢٤). پەرتووکی پیرۆز بە شێوەیەکی دروست ڕایدەگەیەنێ: «ئەی خوداوەندمانو خودامان، تۆ شایەنی ئەوەی شکۆمەندیو ڕێزو توانا وەرگری، چونکە تۆ دروستکەری هەموو شتێکیت ئەو شتانەش بە خواستی تۆ بوونی هەیەو دروست بووە» (بینین ٤:١١).
٢٤ بەڵێ بەهۆی ئەو شتانەی کە ئەو ئافراندونی دەتوانین بزانین کە خودایەك هەیە. «بەڵام ئەوەی لەکاروباری خوداییدا نابینرێ، توانای هەمیشەییو خودایەتی، ئەمەش لەدروستکردنی جیهانەوە بەڕوونی بینراوە» (ڕۆما ١:٢٠).
٢٥ لەڕاستیدا ئەگەر شتێکی دروستکراو بەخراپی بەکاربهێنرێ مانای ئەوە نییە ئەو شتە دروستکەری نییە. فڕۆکەیەك دەکرێ بۆ مەبەستی ئاشتی بەکاربهێنرێ، وەك فڕۆکەی بارهەڵگر، هەروەها دەکرێ بۆ وێرانکردن بەکاربهێنرێ وەك فڕۆکەی بۆمبهاوێژ، بەکارهێنانی ئەو فڕۆکەیە بە شێوەیەکی بکوژ ئەوە ناگەیەنێت کە دروستکەری نییە.
٢٦ بەهەمان شێوە، لەڕاستیدا گەر خەڵکی زۆر جار خراپ ببن ئەوە ناگەیەنێ کە ئەوان ئافەریدگاریان نییە، یاخود خودا بوونی نییە. لەبەرئەوە پەرتووکی پیرۆز لێرەدا بەڕاستی تێبینی دەکات: «تۆ کێیت ئەی مرۆڤ هەتا وەڵامی خودا بدەیتەوە؟ ئایا شتێکی دروستکراو بە دروستکەرەکەی دەڵێ: بۆچی وا دروستت کردووم؟» (ڕۆما ٩:٢٠).
٢٧ ئافەریدگار دانایی خۆی نواندووە لە ڕێگەی ئەو ئاڵۆزیە سەرسوڕهێنەرەی شتە ئەفراندراوەکانی. ئەو بایەخدانی خۆی بە ئێمە پیشاندا لە ڕێگەی دروستکردنی زەوی بە شێوەیەکی وا گونجاو بۆ ئەوەی لەسەری بژین، بە دروستکردنی لەشو هۆشمان بەو شێوە سەرسوڕهێنەرە، هەروەها بە دروستکردنی ئەو هەموو شتە باشانە بۆ ئەوەی چێژیان لێ وەربگرین. بێگومان هەمان داناییو بایەخیشمان بۆ دەردەخات لە ڕێگەی ئاشکرا کردنی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە: بۆچی خودا ڕێگای بە ئازاردان دا؟ سەبارەت بەمە چی دەکات؟
[پرسیارەکانی وانە]
١، ٢. چ بنەمایەك یارمەتیمان دەدات لە دیاریکردنی بوونی خودایەك؟
٣، ٤. چۆن گەردون یارمەتیمان دەدات بزانین کە خودا بوونی هەیە؟
٥-٧. کام ڕاستیانە دەربارەی زەوی پیشانی دەدەن کە زەوی نەخشەکێشێکی هەیە؟
٨. چ شتێکی تر هەیە دەربارەی زەوی بوونی بایەخدانێکی پڕ خۆشەویستی خودا بۆ ئێمە دەردەخات؟
٩. کێ زەوی دروست کرد؟ بۆچی دروستی کرد؟
١٠، ١١. بۆچی خانەی زیندوو وا سەرسوڕهێنەرە؟
١٢. زانایەك دەربارەی بنەڕەتی خانە چی دەڵێ؟
١٣، ١٤. بۆچی مێشك سەرسوڕهێنەرترە لە خانەی زیندوو؟
١٥. کەسانی تر چ توانجێکیان دەربارەی مێشك دا؟
١٦-١٨. (ا) لە چ ڕوویەکەوە خوێن سیستەمێکی بێهاوتایە؟ (ب) دەبێ بگەینە چ ئەنجامێك؟
١٩. چۆن چاو بەراورد دەکرێ لەگەڵ ئەو ئامێرانەی کە دەستکردی مرۆڤن؟
٢٠. ڕواڵەتی سەرسوڕهێنەری تری لەشی مرۆڤ کامانەن؟
٢١. خەڵکی هۆشیار چی دەڵێن، کاتێك کە بیر لە سەرسوڕهێنەرەکانی لەشی مرۆڤ دەکەنەوە،؟
٢٢، ٢٣. (ا) بۆچی دەبێ دانبنێین بە بوونی ئافەریدگارێك؟ (ب) پەرتووکی پیرۆز دەربارەی خوداچی دەڵێت بەڕاستی؟
٢٤. چۆن دەتوانین بزانین کە خودایەك هەیە؟
٢٥، ٢٦. بۆچی بەکارهێنانی شتێك بە خراپە نابێت بە بیانوو بۆ ئەوەی بگوترێ ئەو شتە هیچ دروستکەرێکی نییە؟
٢٧. بۆچی دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە خودا پرسیارەکانمان سەبارەت بە ئازار وەڵام دەداتەوە؟
[وێنەی لاپەڕە ٥]
زەوی بە بەرگەهەوای پارێزەری، ماڵێکی بێهاوتایە خودایەکی بایەخدەر ئافراندوویەتی
[وێنەی لاپەڕە ٦]
زەوی بە بایەخێکی پڕ لە خۆشەویستیەوە دروستکراوە تاکو ئێمە بە تەواوی چێژ لەژیان وەربگرین
[وێنەی لاپەڕە ٧]
‹یەك مێشك برتییە لە بەیەکەوەبەستووەکان کە زۆرترن لە تەواوی تۆڕەکانی گەیاندنی سەر زەوی.›—زیندەوەرزانێکی گەردیللەیی
[وێنەی لاپەڕە ٨]
«وادیارە چاوی مرۆڤ نەخشەکێشراوە؛ هیچ تەلەسکۆب دروستکەرێك نەیدەتوانی باشتر دروستیبکات»—گەردونناسێك