بەشی ٧
ئاکامی یاخی بوون چی بوو؟
سەبارەت بە کێشەی مافی خودا لە فەرمانڕەواییکردن، ئاکامی ئەو هەموو سەدانەی فەرمانڕەوایەتی مرۆڤ سەربەخۆ لە خودا چی بوو؟ ئایا مرۆڤ سەلماندی کە ئەو لە خودا باشتر فەرمانڕەوایەتی دەکا؟ ئەگەر بە گوێرەی مێژووە تۆمارکراوەکانی کاری دڕندانەی مرۆڤ بەرامبەر یەکتر بڕیار بدەین، بێگومان نەخێر.
٢ کاتێ دایكو باوکی یەکەممان فەرمانڕەوایەتی خودایان ڕەتکردەوە کارەساتی بەدوادا هات. ئازاریان بۆ خۆیانو بۆ هەموو خێزانی مرۆڤایەتی هێنا کە نەوەی خۆیان بوون. لە خۆیان بەولاوە بۆیان نەبوو گلەیی لە کەس بکەن. ووشەی خودا دەفەرموێ: «بەڵام هەموو کەسێك تاقیدەکرێتەوە گەر ئارەزووە خراپەکانی خۆی هەڵیخەڵەتاندو ڕایکێشا» (یاقوب ١:١٤).
٣ مێژوو ڕاستیەتی وریاکردنەوەی ئادەمو حەوای لە لایەن خوداوە نیشاندا، ئەگەر ئەوان لەژێر چاودێری خودا دەرچن، بارودۆخیان خراپ دەبێتو بەرەو دواوە دەگەڕێتەوەو دواتر دەمرن (پێکهێنان [١موسا] ٢:١٧؛ ٣:١٩). ئەوان لە ژێر فەرمانڕەوایەتی خودا دەرچوون، ئیتر دوای تێپەڕبوونی کات بارودۆخ و تەندورستیان خراپ بوو و دواتر مردن.
٤ ئیتر دوای ئەوە هەرچی بەسەر نەوەکانیاندا هات، وەکو ئەوەبوو کە ڕۆما ٥:١٢ ڕوونی دەکاتەوە: «لەبەر ئەمە چۆن بەهۆی یەکێك [ئادەم، سەرداری خێزانی مرۆڤایەتی] گوناه هاتە جیهان، بەهۆی گوناهیش مردن بەهەمان شێوەش مردنیش بۆ هەموو مرۆڤێك هات.» کەواتە کاتێ دایكو باوکی یەکەممان دژ بە کاری چاودێری خودا یاخیبوون، بوون بە گوناهبارو کەمو کوڕیان کەوتە ناو. هاوگونجاو لەگەڵ یاساکانی بۆماوەزانی، ناتەواویە بەرهەم هێنراوەکە تەنها شت بوو کە ئەوان بتوانن بۆ نەوەکانیان بیگوێزنەوە. بۆیە هەموومان بەکەمو کوڕی لەدایك بووین و دووچاری نەخۆشیو مردن دەبین.
٥ چەندین سەدە تێپەڕبوون و چەندین پادشاهێتی هاتنو ڕۆیشتن. هەموو جۆرە فەرمانڕەوایەتیەك کە مرۆڤ بە بیریدا هاتبێت تاقیکرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا خێزانی مرۆڤایەتی بەردەوام دووچاری ڕووداوی تۆقێنەر دەبێت. لەوانەیە هەندێ کەس وابیر بکەنەوە کە مرۆڤ دوای شەش هەزار ساڵ گەیشتۆتە ئاستی ئەو پێشکەوتنە تا بتوانێ ئاشتیو دادوەری بهێنێتە کایەوەو گەشەکردن لە سەرانسەری زەویدا دابین بکاتو لەم کاتەی ئێستاشدا ببێت بەخاوەنی سۆزو بەزەییو هاوکاری.
٦ بەڵام بارودۆخەکان بەتەواوی بە پێچەوانەی ئەمەوەن. هیچ جۆرە فەرمانڕەوایەتیەکی داهێنراوی مرۆڤ نییە ئاشتیو گەشەکردنی ڕاستەقینەی بۆ هەموو کەس بەدیهێنابێ. تەنها لە سەدەی بیستەمدا بە داڕێژراوی کوشتنی ملیۆنەها کەس لە میانەی گوڵخەنی کۆکوژی نازیەکانو لەناوبردنی زیاتر لە سەد ملیۆن کەسمان لە جەنگەکاندا بینی. لەم سەردەمەی ئێمەدا خەڵکێکی زۆر کە نایەنە ژماردن گیرانو بەهۆی دەمارگیریو ناکۆکی ڕامیاری ئەشکەنجەدران و کوژران.
بارودۆخی ئەمڕۆ
٧ سەرباری ئەمەش، ڕەچاوی بارودۆخی خێزانی مرۆڤایەتی ئەم ڕۆژگارە بکەن. تاوانو توندوتیژی لە هەموو شوێنێك بڵاوەبوونەتەوە. بەکارهێنانی ماددە بێهۆشکەرەکان (تلیاك) بەربڵاون. ئەو نەخۆشیانەی لە ڕێگای کاری سێکسیەوە دەگوێزرێنەوە تەشەنەیان کردووە. ملیۆنەها کەس تووشی نەخۆشی ئایدزی تۆقێنەر دەبن. لە کاتێکدا کە چەندین ملیۆن کەس ساڵانە بە هۆی برسێتیو نەخۆشی گیان لەدەست دەدەن، کەسانێکی کەم ماڵو سامانی زۆریان هەیە. مرۆڤ زەوی پیس دەکاتو تاڵانی دەکات. ژیانی خێزانیو پێوەرە ڕەوشتیەکان لە هەموو شوێنێك شکستیان هێناوە. لەڕاستیدا، ژیانی ئەمڕۆ ڕەنگدانەوەی فەرمانڕەوایەتی خوداوەندی ئەم جیهانەیە (شەیتان)، ئەو جیهانەی کە ئەو سەروەریەتی جیهانێکی بێ باكو دڵڕەقو بە تەواوەتی گەندەڵە (٢ کۆرنسۆس ٤:٤).
٨ خودا کاتی تەواوەتی بە مرۆڤ دا تاکو بە لووتکەی پێشکەوتنی زانیاریو ماددی بگات. بەڵام، ئایا گۆڕینی تیروکەوان بۆ چەكو زرێپۆشو تۆپو فڕۆکەی تیژڕەوی بۆمبهاوێژو موشەکی ئەتۆم پێشکەوتنی ڕاستەقینەیە؟ ئایا ئەوە پێشکەوتنە لە کاتێکدا مرۆڤ توانای گەشتی بۆ ئاسمان هەیە، بەڵام لەسەر زەوی ناتوانێ لەگەڵ یەکتری بە ئاشتی بژی؟ ئایا ئەوە پێشکەوتنە مرۆڤ بە شەو یاخود لە هەندێ شوێندا تەنانەت بە ڕۆژی ڕووناکیش نەوێرێ بەسەر شەقامەکاندا بڕوات؟
ئەوەی کات دەریخست
٩ ئەزموونی چەندین سەدە دەریخست کە مرۆڤ ناتوانێ دوور لە فەرمانڕەوایەتی خودا بە سەرکەوتوویی هەنگاوەکانی خۆی ڕاستبکاتەوە. هەروەك چۆن بەبێ خواردنو خواردنەوەو هەناسەدان ناتوانێ بژی. بەڵگەکەش ئاشکرایە، ئێمە بە جۆرێك داڕێژراوین کە پێویستیمان بە ڕێنمایی ئافەریدگارمان هەیە هەروەك چۆن ئافراندراوین پێویستیمان بە خواردنو ئاو و هەوا هەیە.
١٠ بە ڕێگادان بە بەدکاری، خودا بۆ جارێكو بۆ هەمیشە ئاکامە دڵ ناخۆشکەرەکانی خراپ بەکارهێنانی خواستی ئازادی دەرخست. خواستی ئازاد بەهرەیەکی زۆر بەنرخە بە شێوەیەك کە خودا لەبری ئەوەی لە مرۆڤی بستێنێ، بواری پێدا تاکو واتای خراپ بەکارهێنانی ببینێ. فەرموودەی خودا ڕاستە کە دەڵێ: «ئێمە هەموومان لە زۆر شت هەڵە دەکەین.» وە هەروەها ڕاست دەفەرموێ کەدەڵێ: «زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا بە زەرەری خۆی دەگەڕێتەوە» (یاقوب ٣:٢؛ جامیعە ٨:٩).
١١ بواردانی خودا بە فەرمانڕەوایەتی مرۆڤ بە درێژایی شەش هەزار ساڵ دەریدەخات کە مرۆڤ توانای لابردنی ئازاری نییە. مرۆڤ هیچ کاتێك ئەمەی پێنەکراوە، بۆ نموونە سلێمان پاشا لە سەردەمی خۆیدا بە هەموو داناییو دەوڵەمەندیو توانایەوە نەیتوانی ئەو پەژارەیە کە لەئاکامی فەرمانڕەوایەتی مرۆڤدا هاتە کایەوە لابەرێ (جامیعە ٤:١–٣). بە هەمان شێوە پێشەوایانی جیهانی ئەم سەردەمە، بە نوێترینو پێشکەوتووترین تەکنیکەوە ناتوانن ئازار لابەرن. لەمەش خراپتر ئەوەیە کە مێژوو دەریخست مرۆڤ سەربەخۆ لە فەرمانڕەوایەتی خودا لەبری ئازار لابردن ئازاری زیاتر کرد.
ڕوانگەی خودا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ
١٢ ڕێگادانی خودا بە ئازار بۆ ئێمە پڕ لە ژان بوو. بەڵام ئەو بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەڕوانێتە شتەکانو دەزانێ ئەمە لە کۆتاییدا ئاکامی باشی دەبێت. تێڕوانینی خودا بۆ ئافەریدەکان نەك تەنها بۆ چەند ساڵێك یان چەند هەزار ساڵێك بەڵکو بۆ ملیۆنەها ساڵ سودبەخش دەبێت، بەڵێ بەهەمیشەیی.
١٣ ئەگەر لە داهاتوودا بارودۆخێك بێتە کایەوەو کەسێك خواستی ئازاد بە خراپی بەکاربهێنێ بۆ گومان خستنە سەر ڕێبازی خودا، ئیتر پێویست ناکات بواری پێ بدرێ تاکو هەوڵبدات بیروڕاکانی خۆی بسەلمێنێ. چونکە ئەو پێشتر بۆ هەزاران ساڵ ڕێگای بە یاخیبووان دا، خودا پێشتر یاسایەکی دامەزراند کە دەکرێ لە هەموو شوێنێکی گەردوندا بەهەمیشەیی جێبەجێ بکرێ.
١٤ لەبەرئەوەی خودا لەم سەردەمەدا ڕێگای بە بەدکاریو ئازار داوە، ئێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕوونو ئاشکرابووە کە ئەگەر شتێك لەگەڵ ئەودا نەگونجێ سەرکەوتن بەدەست ناهێنێ. بێگومان دەرکەوت هیچ کام لە نەخشە سەربەخۆکانی مرۆڤ یان ئافراندراوە ڕۆحانیەکان ناتوانن کەڵكو سودی بەردەوام بەدەست بهێنن. بۆیە خودا لەو کاتەدا بەهانەی تەواوی بەدەستەوەیە هەموو یاخیبوویەك بە خێرای لەناوبەرێ بەڵێ ئەو «بەدکاران ... لەناودەبات» (زەبور ١٤٥:٢٠؛ ڕۆما ٣:٤).
[پرسیارەکانی وانە]
١-٣. چۆن کات ڕاستیەتی یەهوەی سەلماند؟
٤. بۆچی هەموومان بە کەمو کوڕیەوە لە دایك دەبینو دووچاری نەخۆشیو مردن دەبین؟
٥، ٦. مێژوو سەبارەت بە هەوڵی مرۆڤ بۆ بەدیهێنانی ئاشتیو گەشەکردنی ڕاستەقینە چی دەردەخات؟
٧. دەتوانین بارودۆخی خێزانی مرۆڤایەتی ئەمڕۆ چۆن باس بکەین؟
٨. بۆچی ناتوانین داهێنانەکانی مرۆڤ بە پێشکەوتنێکی ڕاستەقینە دابنێین؟
٩، ١٠. (ا) سەدەکانی ڕابردوو چییان نیشاندا؟ (ب) بۆچی خودا خواستی ئازاد لانابات؟
١١. ئایا هیچ جۆرە فەرمانڕەوایەتیەکی مرۆڤ ئازاری لابرد؟
١٢-١٤. ئەو سودە درێژخایەنانە چین کە لە ئاکامی ڕێگاپێدانی خودا بە ئازار بەدەستدێن؟
[وێنەی لاپەڕە ١٥]
دوای ئەوەی یەکەم دایكو باوکمان سەربەخۆیبوونیان لە خودا هەڵبژارد، دواتر پیربوونو مردن
[وێنەکان لە لاپەڕە ١٦]
مێژوو سەلماندی کە فەرمانڕەوایەتی مرۆڤ دوور لەخوداوە کارەساتی لێدەبێتەوە
[بەرپرسان]
U.S. Coast Guard photo