وانەی: ٩
چۆن خێزانەکەت دەتوانێ کامەران بێت؟
١. بۆچی هاوسەریەتی بەردی بناغەی کامەرانییە؟
هەواڵی خۆش لە لایەن خوداوەیە، کە خودایەکی کامەرانەو دەیهەوێ خێزانەکان کامەران بن (١ تیمۆساوس ١:١١). ئەو دامەزرێنەری هاوسەریەتییە. هاوسەریەتی یاسایی بەردی بناغەیە بۆ کامەرانی خێزان، چونکە ژینگەیەکی دڵنیا دابین دەکا بۆ منداڵ بەخێوکردن. مەسیحیە ڕاستەقینەکان پێویستە ملکەچی یاسا ناوچەییەکان بن لە تۆمارکردنی یان ناونووسکردنی هاوسەریەتی.—لۆقا ٢:١، ٤، ٥ بخوێنەوە.
خودا چۆن دەروانێتە ژیانی هاوسەریەتی؟ ئەو دەیهەوێ هاوسەریەتی یەکیەتییەکی بەردەوام بێت لە نێوان ژن و پیاودا. یەهوە دەیەوێ ژن و مێرد بۆ یەکتر بە ئەمەک بن (عیبرانییەکان ١٣:٤). یەهوە ڕقی لە جیابوونەوە دەبێتەوە (مەلاخی ٢:١٦). بەڵام مەسیحییەکان بۆیان هەیە لەیەک جیا ببنەوە و سەرلەنوێ هاوسەریەتی بکەن ئەگەر یەکێکیان داوێنپیسی بکات.—مەتتا ١٩:٣-٦، ٩ بخوێنەوە.
٢. ئایا ژن و مێرد دەبی چۆن لەگەڵ یەکتر ڕەفتار بکەن؟
خودا ژن و مێردی ئافراند تاکو ببنە تەواوکەری یەکتر (پەیدابوون ٢:١٨). پیاو وەك سەروەری خێزان لەسەری پێویستە سەرپەرشتی لە دابین کردنی پێداویستیماددی بکا و دەربارەی خودا شتیان فێربکا. ئەو لەبەر خۆشەویستی ژنەکەی پێویستە خۆبەختکەر بێ. ژن و پیاو دەبێ یەکتریان خۆشبوێ و ڕێز لە یەکتر بگرن. لەبەر ئەوەی هەموو ژن و مێردەکان مرۆڤی ناتەواون، فێربوونی لێبوردن کلیلی کامەرانییە لە خێزاندا.—ئەفسۆس ٤:٣١، ٣٢؛ ٥:٢٢-٢٥، ٣٣؛ ١ پەترۆس ٣:٧ بخوێنەوە.
٣. ئایا کاتێک ژیانی هاوسەریتان کامەران نەبوو دەشێ لەیەکتر جیاببنەوە؟
ئەگەر تۆ لەژیانی هاوسەرییتدا تووشی گیروگرفت بووی، لەسەر هەردووکتان پێویستە تێبکۆشن تاکو بەخۆشەویستی ڕەفتار لەگەڵ یەکتر بکەن (١ کۆرنسۆس ١٣:٤، ٥). پەرتووکی پیرۆز هانی لەیەک جیابوونەوە نادات وەک چارەسەرێک بۆ ئەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی خێزانەکان دەبنەوە.—١ کۆرنسۆس ٧:١٠-١٣ بخوێنەوە.
٤. منداڵان، خودا چی بۆ ئێوە دەوێ؟
یەهوە دەیەوێ تۆ کامەران بیت. ئەو باشترین ئامۆژگایت دەداتێ لەسەر چۆنییەتی چێژ لە ژیان وەرگرتن. ئەو دەیەوێ تۆ کەڵک لە ئەزموونی دایک و باوکت وەرگری (کۆلۆسی ٣:٢٠). یەهوە هەروەها دەیەوێ خۆشی لەو شتانە ببینی کە تۆ بۆ ئافەریدگار و ڕۆڵەکەی بەئەنجامی دەگەیەنی.—ژیرمەندی ١١:٩-١٢:١؛ مەتتا ١٩:١٣-١٥؛ ٢١:١٥، ١٦. بخوێنەوە.
٥. ئەی دایک و باوکان، منداڵەکانتان چۆن کامەرانی بەدەستبهێنن؟
تۆ دەبێ زۆر تێبکۆشی تاکو خۆراک و جلوبەرگ و ماڵیان بۆ دابین بکەی (١ تیمۆساوس ٥:٨). بەڵام بۆ ئەوەی منداڵەکانت کامەرانی بەدەستبهێنن تۆ هەروەها دەبێ فێریان بکەی خودایان خۆشبوێ و لە خودا شت فێربن (ئەفسۆس ٦:٤). نموونەی تۆ لە نیشاندانی خۆشەویستیت بۆ خودا دەکرێ کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر دڵی ئەوان هەبێت.—دواوتاری موسا ٦:٤-٧؛ پەندەکان سلێمان ٢٢:٦ بخوێنەوە.
کاتێ تۆ منداڵەکانت هان دەدەی و دەستخۆشیان لێ دەکەی ئەوان سوودی لێ وەردەگرن. هەروەها پێویستیان بەسەرژەنست کردن و ڕاهێنانە. پەروەردەیەکی لەم جۆرە لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو کارانە دەیانپارێزێ کە کامەرانیان لێدەستێنێ (پەندەکان سلێمان ٢٢:١٥). بەڵام ڕاهێنان هەرگیز نابێ زۆر بە توندی و دڵڕەقانەبێ.—کۆلۆسی ٣:٢١ بخوێنەوە.
شاهیدانی یەهوە چەندین پەرتووکیان بەرهەم هێناوە کە بە تایبەت بۆ یارمەتی دایک و باوک و منداڵان نووسروان. ئەو پەرتووکانە لەسەر بناغەی پەرتووکی پیرۆزن.—زەبوور ١٩:٧، ١١ بخوێنەوە.