وانەی ١٤
ڕێگای ڕاست بۆ پەرستنی خودا چییە؟
هەروەها وەک لە وانەی پێشوودا بینیمان، خودا لە هەموو ئایینێک ڕازی نییە. بەڵام پەرستنێک هەیە کە لەلایەن خوداوە پەسەند کراوە. دەبێت «ئەو پەرستنە یان، ئایینە» چۆن بێت؟ (یاقوب ١:٢٧، ژێرنووس) با بزانین پەرتووکی پیرۆز دەربارەی ئەمە چی دەڵێت.
١. پەرستنی خودا دەبێت لەسەر چ بنەمایەک بێت؟
پێویستە پەرستنی خودا لەسەر بنەمای پەرتووکی پیرۆز بێت. عیسا لە کاتی دوعا کردندا بە خودای فەرموو: «وشەی تۆ ڕاستییە.» (یۆحەنا ١٧:١٧) هەندێک لە ئایینەکان وشەی ئیلهامبەخشی خودا کە ڕاستییە پشتگوێ دەخەن و لە جیاتی ئەوە، بیرکردنەوە و نەریتەکانی مرۆڤ فێر دەکەن. بەڵام یەهوە ڕازی نییە لەو کەسانەی کە فەرمانەکانی پشتگوێ دەخەن. (مەرقۆس ٧:٩ بخوێنەوە.) ئەگەر ئێمە پەرستنەکەمان لەسەر بنەمای پەرتووکی پیرۆز بێت و ڕێنماییەکانی جێبەجێ بکەین، دڵی یەهوە خۆش دەکەین.
٢. چۆن دەبێت یەهوە بپەرستین؟
ئێمە تەنها خودا دەپەرستین، چونکە ئەو بەدیهێنەری ئێمەیە. (ئاشکراکردن ٤:١١) هەروەها ئێمە دەبێت لەناخی دڵمانەوە یەهوەمان خۆشبوێت و نابێت هیچ بت یان شتێک بۆ پەرستنی بەکار بهێنین.—ئیشایا ٤٢:٨ بخوێنەوە.
پەرستنی ئێمە پێویستە «پیرۆز و پەسەند کراو» بێت بۆ یەهوە. (ڕۆما ١٢:١) واتە پێویستە لەگەڵ ستانداردە ئەخلاقییەکانی ئەودا بژین. بۆ نموونە، ئەو کەسانەی کە یەهوەیان خۆشدەوێت بە ویستی خۆیان پابەندی ستانداردەکانی هاوسەرگیری دەبن. هەروەها خۆیان لە کردارە زیانبەخشەکان وەک جگەرە، مەستی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەدوور دەگرن.a
٣. بۆچی پێویستە ئێمە لەگەڵ باوەڕدارانمان یەهوە بپەرستین؟
کۆبوونەوەکانی هەفتانەمان دەرفەتێکە بۆ ئەوەی «لەگەڵ باوەڕدارانمان . . . ستایشی یەهوە بکەین.» (زەبوورەکان ١١١:١، ٢) بۆ نموونە سروود بۆ ستایشکردنی خودا دەڵێین. (زەبوورەکان ١٠٤:٣٣ بخوێنەوە.) یەهوە دەیەوێت ئێمە بەشداری کۆبوونەوەکان بکەین چونکە ئەو ئێمەی خۆشدەوێت و دەزانێت کە کۆبوونەوەکان یارمەتیمان دەدەن بۆ هەتاهەتایە چێژ لە ژیان وەربگرین. لە کۆبوونەوەکاندا، هەم خۆمان هان دەدرێین و هەم دەتوانین هاندەری کەسانی تر بین.
زیاتر بزانە
لەم وانەیەدا دەبینین کە بۆچی یەهوە نایەوێت ئێمە هیچ بتێک یان شتێک لە پەرستنەکەماندا بەکار بهێنین و فێردەبین بە چ شێوەیەک ستایشی خودا بکەین.
٤. ئێمە نابێت لە پەرستنماندا هیچ بتێک یان شتێک بەکار بهێنین
چۆن بزانین ئەمە بۆ خودا قبوڵ ناکرێت؟ ڤیدیۆکە بکەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارەی خوارەوە بکەن.
لە سەردەمی کۆندا کاتێک گەلی خودا بۆ پەرستن بتیان بەکارهێنا، چی ڕوویدا؟
هەندێک کەس بۆ پەرستنی خودا بت یان شتی تر بەکار دەهێنن، چونکە پێیان وایە زیاتر لە خودا نزیک دەبنەوە، بەڵام ڕاستیەکی ئەوەیە کە لێی دووردەکەونەوە. دەرچوون ٢٠:٤-٦ و زەبوورەکان ١٠٦:٣٥، ٣٦ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن.
ئیوە چ جۆرە شتێکتان بینیوە کە خەڵک بۆ پەرستنی خودا بەکاری دەهێنن؟
یەهوە بەرامبەر بە بەکارهێنانی بتەکەن یان شتەکان هەستی چییە؟
ئێوە چۆن بیر لە بەکارهێنانی بتەکان یان شتەکان لە پەرستندا دەکەنەوە؟
٥. ئەگەر ئێمە تەنها یەهوە بپەرستین، لە باوەڕی پوچەڵ ئازاد دەبین
ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە بیروباوەڕی پوچەڵ ئازاد بین، دەبێت یەهوە بە شێوەی ڕاست بپەرستین. ڤیدیۆکە بکەوە.
زەبوورەکان ٩١:١٤ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارەی خوارەوە بکەن:
ئەگەر ئێمە تەنها یەهوە بپەرستین و نیشانی بدەین کە ئەومان خۆشدەوێت بەو شێوەیە، خودا چیمان بۆ دەکات؟
٦. ئێمە لە کۆبوونەوەکان خودا دەپەرستین
ئێمە بە سروود خوێندن و وەڵامدان لە کۆبوونەوەکاندا ستایشی یەهوە خودا دەکەین و کەسانی تریش هان دەدەین. زەبوورەکان ٢٢:٢٢ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارانەی خوارەوە بکەن.
ئایا چێژ لە بیستنی وەڵامی کەسانی تر لە کۆبوونەوەکاندا وەردەگرن؟
ئایا دەتانەوێت وەڵامێک بۆ بەشێک لە کۆبوونەوەکە ئامادە بکەن؟
٧. کاتێک ئێمە ئەوەی فێری دەبین لەگەڵ کەسانی تردا باسی دەکەین، یەهوە دڵخۆش دەبێت
ئێمە دەتوانین بە شێوازی جیاواز ڕاستییەکانی وشەی خودا لەگەڵ کەسانی تردا باس بکەین. زەبوورەکان ٩:١ و ٣٤:١ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەم پرسیارەی خوارەوە بکەن:
یەکێک لەو شتانە کە لە پەرتووکی پیرۆز فێری بوون کە دەتانەوێت لەگەڵ کەسێکدا باسی بکەن، چین؟
هەندێک کەس دەڵێن: «مەحاڵە خودا ڕازی بکەیت.»
ڕای تۆ چییە؟
لە کۆتاییدا
ئەگەر تەنها یەهوە خودا بپەرستین و لە کۆبوونەوەکاندا ستایشی بکەین و ئەو شتانەی فێری دەبین لەگەڵ کەسانی تردا باس بکەین، یەهوە دڵخۆش دەکەین.
پێداچوونەوە
لە کوێ فێری شێوازی دروستی پەرستن بین؟
بۆچی دەبێت بە تەنها یەهوە بپەرستین؟
بۆچی گرنگە لەگەڵ باوەڕدارانماندا خودا پەرستش بکەین؟
لێکۆڵینەوەی زیاتر
لەم بڵاوکراوەیەدا دەیخوێننەوە کە چۆن ژنێک توانی واز لە بتپەرستی بهێنێت و خۆشییەکی ڕاستەقینەی هەبێت.
لەم بڵاوکراوەیەدا دەبینن چۆن دەتوانن وەڵامێک بۆ کۆبوونەوەکان ئامادە بکەن.
«ستایشی یەهوە لە کۆبوونەوەکەدا» (تاوەری چاودێری ژانویە، ٢٠١٩)
چۆن گەنجێک هەرچەندە بۆی قورس بوو، بەشداری کۆبوونەوەکانی کرد و سوودی بەدەست هێنا؟
زۆر کەس پێیان وایە کە خاچ هێمای مەسیحییە، بەڵام ئایا بەکارهێنانی دروستە؟
«بۆچی شاهیدانی یەهوە بۆ پەرستن خاچ بەکار ناهێنن؟» (گۆڤاری ماڵپەڕ)
a ئەم بابەتانە لە وانەکانی داهاتوودا باس دەکرێن.