وانەی ٥٩
ئێوە دەتوانن بەرگەی ئازار و چەوساندنەوە بگرن
هەمووی ئێمە مەسیحییەکان زوو یان درەنگ ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و ئازار دەبیننەوە. بەڵام ئایا دەبێت نیگەران بین؟
١. بۆچی چاوەڕێین کە چەوساندنەوە و ئازارمان لێ بکرێت؟
پەرتووکی پیرۆز بە ڕوونی دەڵێت: «هەموو ئەوانەی دەیانەوێ دوای عیسا بکەون و ژیانی خۆیان بۆ خودا تەرخان بکەن، دەچەوسێنرێن.» (٢ تیمۆساوس ٣:١٢) چونکە عیسا بەشێک لە جیهانی شەیتان نەبوو، ئازاری پێگەیشت. ئێمەش لە جیهان جیا دەبینەوە، بۆیە سەرمان سوڕنابێت کاتێک حکومەتەکان یان ئایینەکانی ئەم جیهانە دژایەتیمان دەکەن یان ئازارمان دەدەن.—یۆحەنا ١٥:١٨، ١٩.
٢. چۆن دەتوانین خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەوساندنەوە و ئازار ئامادە بکەین؟
پێویستە ئێستا متمانەمان بە یەهوە بەهێزتر بکەین. کەواتە هەموو ڕۆژێک کات تەرخان بکەن بۆ پاڕانەوە و خوێندنەوەی وشەی خودا و هەفتانە بەشداری هەموو کۆبوونەوەکان بکەن. ئەم چالاکیانە هێزمان پێ دەبەخشێت بۆ ئەوەی بوێر بین و بەرگەی چەوساندنەوە بگرین، تەنانەت ئەگەر چەوساندنەوە لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەتان بێت. پۆڵسی نێردراو کە تووشی ئازاری زۆر بوو، نووسیویەتی: «یەهوە یارمەتیدەری منە، بۆیە ناترسم.»—عیبرانییەکان ١٣:٦.
ئەگەر لە کاری مزگێنیدان چالاک بین، بوێریمان زیاتر دەبێت. لە مزگێنیداندا فێردەبین، چۆن متمانە بە یەهوە بکەین و لە مرۆڤ نەترسین. (پەندەکانی سلێمان ٢٩:٢٥) ئەگەر ئێوەش لە ئێستا هەوڵ بدەن بوێری مزگێنیدان بەدەست بهێنین، تەنانەت ئەگەر حکومەتەکان کاری مزگێنیدان سنووردار یان قەدەغە بکەن، هێشتا دەتوانن بەردەوام بن.—١ سالۆنیکی ٢:٢.
٣. بە بەرگەگرتن لە چەوساندنەوە چ سوودێک بەدەست دەهێنین؟
بە شێوەیەکی سروشتی ئێمە چێژ لە چەوساندنەوە وەرناگرین، بەڵام ئەگەر بە سەرکەوتوویی بەرگەی چەوساندنەوە دەگرین، باوەڕمان بەهێزتر دەبێت. هەندێک جار ناتوانین بە تەنها بەرگەی چەوساندنەوە بگرین، بەڵام یەهوە یارمەتیمان دەدات و ئەمەش زیاتر لە ئەو نزیکمان دەکاتەوە. (یاقوب ١:٢-٤ بخوێنەوە.) یەهوە بە ئازار و سەختییەکانمان دڵتەنگ دەبێت، بەڵام بە خۆڕاگری و بەرگەگرتنمان دڵخۆش دەبێت. پەرتووکی پیرۆز دەڵێت: «ئەگەر بەهۆی چاکەکارییەوە ئازار دەچێژن و بەرگەی بگرن، ئەوە لە لای خودا شتێکی پەسەندە.» (١ پەترۆس ٢:٢٠) یەهوە پاداشتێکی بێهاوتا پێشکەش بە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە بە دڵسۆزی بەرگەی سەختی دەگرن، واتە ژیانی هەتاهەتایی لە جیهانێکدا کە هەموو مرۆڤ یەهوە دەپەرستن و کەس دژایەتیان ناکات.—مەتا ٢٤:١٣.
زیاتر بزانە
لەم وانەیەدا دەبینین کە دەتوانین سەرەڕای بوونی دژایەتی بۆ یەهوە وەفادار بمێنینەوە و ئەو پاداشتی دڵسۆزیمان دەداتەوە.
٤. دەتوانن بەرگەی دژایەتی ئەندامانی خێزانەکەتان بگرن
عیسا باش دەیزانی کە هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەمان لەوانەیە بەهۆی پەرستنی یەهوە دژایەتیمان بکەن. مەتا ١٠:٣٤-٣٦ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
کاتێک کەسێک بڕیار دەدات یەهوە بپەرستێت، ڕەنگە ئەندامانی خێزانەکەی کاردانەوەیان چۆن بێت؟
بۆ بینینی نموونەیەک لەم ناڕەزایەتیانە، ڤیدیۆکە بکەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن.
ئەگەر خزم یان هاوڕێیەکت لەبەر ئەوەی کە یەهوە دەپەرستیت، دژایەتیت لەگەڵ بکات، چی دەکەیت؟
زەبوورەکان ٢٧:١٠ و مەرقۆس ١٠:٢٩ و ٣٠ بخوێنەوە. دوای خوێندنەوەی هەر ئایەتێک، لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
ئەگەر خێزانەکەت یان هاوڕێکانت دژایەتیت بکەن، ئەم بەڵێنەی یەهوە چۆن دەتوانێت یارمەتیت بدات؟
٥. سەرەڕای چەوساندنەوە و ئازار، بۆ پەرستنی یەهوە بەردەوام بن
ئەگەر ئێمە بمانەوێت سەرەڕای دژایەتی کەسانی تر لە پەرستنی یەهوە بەردەوام بین، پێویستمان بە بوێری هەیە. ڤیدیۆکە بکەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن.
چۆن ئەزموونی ئەم برا و خوشکانە ئازایەتیت پێ دەبەخشێت؟
کردار ٥:٢٧-٢٩ و عیبرانییەکان ١٠:٢٤، ٢٥ بخوێنەوە. دوای خوێندنەوەی هەر ئایەتێک، لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
بۆچی گرنگە بەردەوام بین لە پەرستنی یەهوە، تەنانەت ئەگەر حکومەتەکان پێمان بڵێن مزگێنی نەدەین و بەشداری کۆبوونەوەکان نەکەین؟
٦. یەهوە یارمەتیتان دەدات بەرگەی دژایەتی بگرن
شاهیدانی یەهوە لە سەرانسەری جیهاندا، چ پیر و چ گەنج بن، سەرەڕای دژایەتی، بۆ وەفاداری لە پەرستنی یەهوە بەردەوامن. بۆ ئەوەی بزانین چی یارمەتیان دەدات، ڤیدیۆکە بکەوە. دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن.
لە ڤیدیۆکەدا، برا و خوشکان چۆن توانیان بەرگەی دژایەتی بگرن؟
ڕۆما ٨:٣٥، ٣٧-٣٩ و فیلیپی ٤:١٣ بخوێنەوە. دوای خوێندنەوەی هەر ئایەتێک، لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
چۆن ئەم ئایەتانە دڵنیاتان دەکەنەوە کە بەرگەی هەر سەختییەک بگرن؟
مەتا ٥:١٠-١٢ بخوێنەوە و دواتر لێکۆڵینەوەی ئەو پرسیارەی خوارەوە بکەن:
بۆچی سەرەڕای ئازار و دژایەتی دەتوانی دڵخۆش بیت؟
ملیۆنان شاهیدی یەهوە سەرەڕای بوونی دژایەتی، لە پەرستنی یەهوە بەردەوام بوون. کەواتە ئێوەش دەتوانن!
هەندێک کەس دەڵێن: «من ناتوانم بەرگەی ئازار و چەوساندنەوە بگرم.»
کام لە ئایەتەکان بەم جۆرە کەسانە دڵنیایی دەدات کە دەتوانن بەرگەی ئازار و چەوساندنەوە بگرن؟
لە کۆتاییدا
ئەگەر ئێمە سەرەڕای دژایەتی کردن، لە پەرستنی یەهوە بەردەوام بین، ئەوا هەوڵەکانمان زۆر بە نرخ دەزانێت. بە یارمەتی یەهوە دەتوانین بە سەرکەوتوویی بەسەر هەر سەختییەکدا زاڵ بین.
پێداچوونەوە
بۆچی مەسیحییەکان چاوەڕێی ئازار و چەوساندنەوە دەکەن؟
چۆن دەتوانن لە ئێستادا خۆتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئازار و چەوساندنەوە ئامادە بکەن؟
چۆن دەزانن کە سەرەڕای دژایەتی کردن، دەتوانن لە پەرستنی یەهوە بەردەوام بن؟
لێکۆڵینەوەی زیاتر
یەهوە چۆن بە برایەکی گەنج کە بەهۆی بێلایەنییەکەیەوە زیندانی کرابوو، هێزی بەرگەگرتنی بەخشی؟
چۆن ژن و مێردێک سەرەڕای دژایەتی، توانیان ساڵانێکی زۆر بە وەفاداری بۆ یەهوە خزمەت بکەن؟
چۆن دەتوانن بوێر بن، کاتێک ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبینەوە؟
«هەر ئێستا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دژایەتی خۆتان ئامادە بکەن» (تاوەری چاودێری، جولای ٢٠١٩)
ئەگەر ڕووبەڕووی دژایەتی ئەندامانی خێزانمان ببینەوە، چۆن دەتوانین ئاشتی بپارێزین و بۆ یەهوە وەفادار بمێنینەوە؟
«ڕاستی ئاشتی ناهێنیت، بەڵکو شمشێر دەهێنێت» (تاوەری چاودێری، ئەکتۆبەری ٢٠١٧)