بەش ١١
نیشاندانی باوەڕی ڕاستەقینە لەم ڕۆژگارەدا
لەم ڕۆژگارەدا زۆر کەس دەڵێن باوەڕیان هەیە. بەڵام عیسا فێری کردین کە تەنها خەڵکێکی کەم باوەڕی ڕاستەقینەیان دەبێ. ئەو فەرمووی: «چونکە دەرگایەکی بەرین و ڕێگایەکی پانە ئەوەی بەرەو لەناوچوون دەڕوات، زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە» (مەتا ٧:١٣، ١٤).
چۆن خەڵک لەم ڕۆژگارەدا نیشانی دەدەن کە باوەڕی ڕاستەقینەیان هەیە؟ عیسا فەرمووی: «بە بەرهەمیان دەیانناسن ... هەر دارێکی باش بەرهەمی باش دەدات، داری خراپیش بەرهەمی خراپ» (مەتا ٧:١٦، ١٧). کەواتە باوەڕی ڕاستەقینە «بەرهەمی باش» بەرهەم دەهێنێ. هانی خەڵک دەدا ئەو تایبەتمەندییانە نیشان بدەن کە خودا حەز دەکا لە خەڵکدا بیبینێ. خەلک چۆن دەتوانن ئەو تایبەتمەندیانە لە خۆیان نیشان بدەن؟
توانا بە شێوەیەکی باش بەکار بهێنە
ئەو خەڵکانەی خاوەن باوەڕی ڕاستەقینەن توانا و دەسەڵاتی خۆیان بەجۆرێک بەکار دەهێنن کە ڕێزدانانە بۆ خودا و بۆ خەڵکی سوودمەندە. عیسا فێریکردین: «ئەوەی دەیەوێت لەنێوانتان دا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان» (مەرقۆس ١٠:٤٣). بەهەمان شێوە پیاوانی خاوەن باوەڕ زۆردار نین، نە لە دەرەوە و نە لە ناو ماڵیان دا. نرخ بۆ ژنەکانیان دادەنێن، ڕێزیان دەگرن و بە خۆشییەوە پێداویستیەکانیان جێبەجێ دەکەن. پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبووێ، لەگەڵیان تووند و تیژ مەبن» (کۆلۆسی ٣:١٩). «ئێوەش ئەی مێردەکان بە شێوەیەک بژین هەستی ژنەکانتان لەبەر چاو بگرن، ڕێزیان بگرن وەک ڕەگەزێکی لاوازتر بەشداریتان دەکەن لەمیراتی بەرەکەتی ژیان، تاکو پاڕانەوەکانتان کۆسپی تێنەکەوێت» (١ پەترۆس ٣:٧).
لە لایەکی تر، ژنێک کە خاوەن باوەڕ بێت دەبێ «ڕێز لە مێردەکەی بگرێت» (ئەفەسۆس ٥:٣٣). ژنەکان دەبێ «مێرد و منداڵیان خۆشبووێ» (تیتۆس ٢:٤). ئەو دایک و باوکانەی کە خاوەن باوەڕن، کاتی خۆیان لەگەڵ منداڵەکانیان بەسەر دەبەن و فێری یاسا و بنەماکانی خودایان دەکەن. لەماڵەوە و شوێنی کار و شوێنەکانی تر، بەڕێزەوە لە گەڵ خەلکی ڕەفتار دەکەن. ئەوان ئامۆژگاری پەرتووکی پیرۆز جێبەجێ دەکەن «لە خۆتان زیاتر ڕێز لە یەکتری بگرن» (ڕۆما ١٢:١٠).
خزمەتکارانی خودا گوێڕایەڵی ئەم فەرمایشتەی پەرتووکی پیرۆزن: «بەرتیل وەرمەگرە» (دەرچوون ٢٣:٨). هەرگیز بە گەندەڵی پلەوپایەیان بۆ ئامانجەکانی خۆیان بەکار ناهێنن. بەڵکو بەدوای هەلومەرجێک دا دەگەڕێن تاکو یارمەتی کەسانی تر بدەن، بە تایبەت ئەوانەی لێقەوماون. ئەوان ئەم ڕاسپاردەیە جێبەجێ دەکەن: «چاکەکاری و هاوبەشی پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات» (عیبرانییەکان ١٣:١٦). لەبەر ئەمە ئەزموونی ئەوە دەکەن کە ئەم وشانەی عیسا ڕاستن: «بەخشین لە وەرگرتن بەختەوەریترە» (کردار ٢٠:٣٥).
لاسایی دادوەری خودا بکەوە
ئەو خەڵکانەی باوەڕدارن، بە خۆشییەوە یاسای خودا جێبەجێ دەکەن و بۆ ئەوان «ڕاسپاردەکانیشی قورس نین» (١ یۆحەنا ٥:٣). ئەوان دەزانن کە یاسای خودا تەواوە. «فێرکردنی یەزدان تەواوە ... ڕێنمایی یەزدان دروستە، دڵ خۆش دەکات. ڕاسپاردەی یەزدان پاکە، چاو ڕۆشن دەکات» (زەبوورەکان ١٩:٧، ٨).
باوەڕی ڕاستەقینە وایان لێدەکا خۆیان لە هەموو جۆرەکانی دادی کوێرانە دوورخەنەوە، خۆیان لە ڕووی بنەڕەت و نەتەوە و وڵات دا لە سەرووی خەڵکی تر دانانێن، لەبری ئەمە، لاسایی خودا دەکەنەوە: «لە ڕاستی دا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات. بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە» (کردار ١٠:٣٤، ٣٥).
باوەڕی ڕاستەقینە هانی خەڵک دەدات «لە هەموو شتێکدا هەڵسوکەتیان» چاک بێت (عیبرانییەکان ١٣:١٨). کەسێکی کە خاوەن باوەڕی ڕاستەقینە بێت دووزمانی و بوختان ناکات. سەبارەت بەو کەسانەی کە خودا لێیان ڕازییە، زەبوور نووس فەرمووی: «بە زمانی بوختان ناکات، کە خراپە لەگەڵ کەس ناکات و هاوڕێکەی شەرمەزار ناکات» (زەبوورەکان ١٥:٣).
دانایی خودا ڕەنگدەدەنەوە
ئەو کەسانەی خاوەن باوەڕی ڕاستەقینەن بیرووبۆچوونیان لەسەر بنەمای پەرتووکی پیرۆز دادەڕێژن. ئەوان باوەڕیان وایە کە: «هەموو نووسراوەکان لە سروشی خودایە، سوودبەخشە بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی» (٢ تیمۆساوس ٣:١٦). لە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ خەڵک: «ئەو داناییەی لە ئاسمانەوە، لە پێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، هەستیارە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەرووبوومی چاکە» (یاقوب ٣:١٧). نایانەوێ هیچ پەیوەندییەکیان بە دابونەریتی بەدکار و جادووگەری هەبێ و گوێڕایەڵی ئەم ڕاسپاردەن: «خۆتان لە بت بپارێزن» (١ یۆحەنا ٥:٢١).
خۆشەویستی ڕاستەقینە نیشان دەدەن
موسای پێغەمبەر فەرمووی: «جا پڕ بە دڵ و لە ناخەوە بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی خودای خۆتان خۆشبووێ» (دواوتار ٦:٥). خەڵکی باوەڕدار ئەم جۆرە خۆشەویستییە نیشانی خودا دەدەن. ڕێز لە ناوی خودا، یەهوە، دەگرن. گوێرایەڵی ئەم ڕاسپاردەیەن: «ستایشی یەهوە بکەن، ناوی ئەو بهێنن» (زەبوورەکان ١٠٥:١) (وەرگێڕانی جیهانی نوێ بە ئینگلیزی). خزمەتکارانی خودا هەروەها ئەم ڕاسپاردەیەش جێبەجێ دەکەن: «نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبووێ» (لێڤییەکان ١٩:١٨). توندوتیژی ڕەت دەکەنەوە وهەوڵ دەدەن: «لەگەڵ هەموو خەڵک بە ئاشتی بژین» (ڕۆما ١٢:١٨). بە واتایەکی هێمایی ئەوان، «شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن، ڕمەکانیشیان دەکەنە داس» (ئیشایا ٢:٤). لە ئاکامی ئەمەدا «خۆشەویستیان بۆ یەکتر هەیە» و چێژ لە هاوباوەڕی جیهانی وەردەگرن (یۆحەنا ١٣:٣٥). ئایا تۆ دەتوانی ئەم جۆرە خەڵکە لەم ڕۆژگارەدا بناسیتەوە؟