وانەی: ٢
خودا کێیە؟
١. بۆچی دەبێ خودا بپەرستین؟
خودای ڕاستەقینە ئافەریدگاری هەموو شتێکە. ئەو هەرگیز نەسەرەتایی هەبووە و نە کۆتاییشی دەبێ (زەبوور ٩٠:٢). ئەو سەرچاوەی ئەو هەواڵە خۆشەیە کە لە پەرتووکی پیرۆزدا دەیدۆزینەوە (١ تیمۆساوس ١:١١). لەبەر ئەوەی خودا ژیانی بە ئێمە بەخشیوە دەبێ بیپەرستین.—ئاشکراکردن ٤:١١ بخوێنەوە.
٢. شێوەی خودا چییە؟
هیچ کەس تا ئێستا خودای نەبینیوە چونکە ئەو ڕۆحە، واتە ئەو شتێکی زیندوویە لەسەرووی ئەو زیندەوەرە سروشتیانەی کە لەسەر زەوی هەن (یۆحەننا ١:١٨؛ ٤:٢٤). لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەتوانین خودا بناسین لەڕێگای ئەو شتانەی کە دروستی کردون. بۆ نموونە، جۆراوجۆری میوەکان و گوڵەکان دانایی و خۆشەویستی ئەومان بۆ دەردەخەن. گەورەیی گەردوونیش هێزەکەیمان نیشان دەدا.—ڕۆما ١:٢٠ بخوێنەوە.
ئەگەر ئێمە پەرتووکی پیرۆز بخوێنینەوە دەتوانین سەبارەت بە کەسایەتی خودا شتی زۆرتر فێربین. بۆ نموونە، ئەو فێرمان دەکا خودا چی پێ خۆشەو چی پێ ناخۆشە، چۆن لەگەڵ مرۆڤ ڕەفتار دەکا و هەروەها کاردانەوەکانی لەبارودۆخی جۆراوجۆردا چۆنە.—زەبوور ١٠٣:٧-١٠ بخوێنەوە.
٣. ئایا خودا ناوی هەیە؟
عیسا فەرمووی: «ئەی باوکمان لەئاسمان، با ناوت پیرۆز بێت» (مەتتا ٦:٩). هەرچەندە خودا چەندین نازناوی هەیە، بەڵام بە تەنها یەک ناوی هەیە. لە هەر زمانێکدا بەشێوەکی جیاواز دەخوێندرێتەوە. بە ئینگلیزی بەشێوەیەکی گشتی دەگوترێ جەهۆڤا، بەڵام هەندێ کەس دەڵێن یاوێ.—زەبوور ٨٣:١٨ بخوێنەوە.
ناوی یەهوە لە زۆربەی چاپەکانی پەرتووکی پیرۆز لابردراوەو لەبری ئەوە نازناوی خودا یان سەروەریان بەکارهێناوە. بەڵام کاتێک پەرتووکی پیرۆز نووسرا نزیکەی ٧٠٠٠ جار ئەو ناوەی تێدا نووسرابوو. عیسا ناوی خودای ناساند کاتێ لەگەڵ خەڵکی دەربارەی خودا دەدوا.—یۆحەننا ١٧:٢٦ بخوێنەوە.
ڤیدیۆ: ئایا خودا هیچ ناوێکی هەیە؟
٤. ئایا یەهوە بایەخ بە ئێمە دەدات؟
خودا هەروەک ئەم باوکە خۆشەویستە دەزانێ چ شتێک بۆ ماوەی درێژخایەن بۆ ئێمە بەسوودە
ئایا ئەو ئازارەی کە بەربڵاوە، واتای ئەوەیە کە یەهوە خودا بایەخ بە ئێمە نادات؟ هەندێک کەس دەڵێن کە ئەو لێمان دەگەڕێ ئازار بچێژین بۆ ئەوەی تاقیمان بکاتەوە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە.—یاقوب ١:١٣ بخوێنەوە.
خودا مافی خواستی سەربەستی بەمرۆڤ بەخشی. ئایا سوپاسگوزای خودا نیین کە لەخزمەتکردنی خودادا ئازادین؟ (یەشوع ٢٤:١٥) بەڵام زۆر کەس هەڵدەبژێرن خراپە لەگەڵ خەڵکی تر بکەن، بۆیە ئازارەکان ئەوەندە زۆرن. یەهوە بەبینینی ئەم ناڕەواییە دڵی دەڕەنجێ.—پەیدابوون ٦:٥، ٦ بخوێنەوە.
یەهوە، خودایەکە بایەخمان پێ دەدا. ئەو دەیەوێ چێژ لەژیان وەرگرین. بەمزووانە کۆتایی بەئازارەکان دەهێنێت و ئەو کەسانەش کە هۆکاری ئەمەن لەناودەبا. لەگەڵ ئەوەشدا، هۆکارێکی باشی بەدەستەوەیە تا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ڕێگا بەئازار بدا. لەبەشی ٨ دا، شتی زۆرتر لەسەر ئەم هۆکارە فێردەبین.—٢ پەترۆس ٢:٩؛ ٣:٧، ١٣ بخوێنەوە.
٥. چۆن دەتوانین لەخودا نزیک بینەوە؟
یەهوە بانگمان دەکا لێی نزیک بینەوە، ئەویش بەقسەکردن لەگەل ئەو لە ڕێگای پارانەوەدا. ئەو بایەخ بە هەریەک لە ئێمەدەدا (زەبوور ٦٥:٢؛ ١٤٥:١٨). ئەو دەیەوێ لێمان ببورێ. ئەو هەوڵەکانی ئێمە بۆ دڵخۆشکردنی خۆی دەبینێ، هەرچەندە هەندێجار تووشی هەڵەدەبین. کەواتە سەرەڕای ئەوەی کە ناتەواوین، بەراستی دەتوانین چێژ لە پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ ئەودا وەربگرین.—زەبوور ١٠٣:١٢-١٤؛ یاقوب ٤:٨ بخوێنەوە.
لەبەر ئەوەی خودا ژیانی بە ئێمە بەخشیوە، پێویستە ئەومان لە هەر کەسێکی تر خۆشتر بوێ (مەرقۆس ١٢:٣٠). کاتێک خۆشەویستی خۆت بۆ خودا دەردەبڕی بە فێربوونی زۆرتر دەربارەی ئەو و جێبەجێ کردنی فەرمایشتەکانی، تەنانەت دەتوانی لێی نزیکتر بیتەوە.—١ تیمۆساوس ٢:٤؛ ١ یۆحەننا ٥:٣ بخوێنەوە.