وانەی: ١٠
تۆ چۆن خوداپەرستی ڕاستەقینە دەناسیتەوە؟
١. ئایا تەنها یەک ئایینی ڕاستەقینە هەیە؟
«ئاگاداری پێغەمبەرە درۆزنەکان بە»—مەتتا ٧:١٥.
عیسا قوتابییەکانی فێری یەک ئایین کرد، ئایینی ڕاستەقینە. ئەمە وەک ڕێگایەکە کە بەرەو ژیانی هەمیشەیی دەڕوا. عیسا فەرمووی «کەمن ئەوانەی کە دەیدۆزنەوە» (مەتتا ٧:١٤). خودا تەنها خوداپەرستییەک قەبوڵ دەکا کە لەسەر بناغەی وشەی ڕاستی ئەو بێت. هەموو خوداپەرستە راستەکان لە باوەڕدا یەگکرتوون.—یۆحەننا ٤:٢٣، ٢٤؛ ١٤:٦؛ ئەفسۆس ٤:٤، ٥ بخوێنەوە.
٢. عیسا سەبارەت بە مەسیحییە چەوتەکان چی فەرموو؟
«بەدەم وا دەریدەخەن خودا دەناسن، بەڵام بە کردەوەکانیان نکۆڵی لێ دەکەن»—تیتۆس ١:١٦.
عیسا ئاگاداری کردنەوە کە پێغەمبەرە درۆزنەکان مەسیحییەت گەندەڵ دەکەن. بە ڕواڵەت بە خوداپەرستە راستەکان دەچن. کەنیسەکانیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مەسیحین. بەڵام تۆ چۆن دەتوانی ڕاستی ئەو جۆرە کەسانەت بۆ دەربکەوێ؟ تەنها خوداپەرستی ڕاستەقینە دەتوانێ مەسیحییە ڕەسەنەکان بەرهەم بهێنێ کە بە ڕەوشت و ڕێبازیاندا دەناسرێنەوە.—مەتتا ٧:١٣-٢٣ بخوێنەوە.
٣. چۆن دەتوانی خوداپەرستە ڕاستەقینەکان بناسیتەوە؟
بیر لەم پێنج نیشانە دیاریکراوە بکەوە:
خوداپەرستە ڕاستەقینەکان ڕێز لە پەرتووکی پیرۆز دەگرن وەک وشەی خودا. هەوڵ دەدەن بەگوێرەی بنەماکانی بژین. کەواتە ئایینی ڕاستەقینە جیاوازە لە ئایینێک کە سەرچاوەکەی بیرو بۆچوونی مرۆڤە (مەتتا ١٥:٧-٩). خوداپەرستە ڕاستەقینەکان خۆیان هەموو ئەو شتانە جێبەجێ دەکەن کە بانگەشەی دەکەن.—یۆحەننا ١٧:١٧؛ ٢ تیمۆساوس ٣:١٦، ١٧ بخوێنەوە.
بەدواکەوتووە ڕاستەقینەکانی عیسا ڕێز لە ناوی خودا، یەهوە دەگرن. عیسا بە ناساندنی ناوی خودا ڕێزی لەو ناوە گرت. ئەو یارمەتی خەڵکی دا خودا بناسن و فێری کردن بپاڕێنەوە بۆئەوەی ناوی خودا پیرۆز بێت (مەتتا ٦:٩). لەو شوێنەی تۆ لێی دەژی کام ئایینە ناوی خودا دەناسێنێ؟—یۆحەننا ١٧:٢٦؛ ڕۆما ١٠:١٣، ١٤ بخوێنەوە.
مەسیحییە ڕاستەقینەکان دەربارەی پادشایەتی خودا مزگێنی دەدەن. خودا عیسای مەسیحی نارد تاکو هەواڵی خۆش سەبارەت بە پادشایەتی بڵاوبکاتەوە. پادشایەتی خودا بۆ مرۆڤایەتی تاکە هیوایە. عیسا تا ڕۆژی مردنی بەردەوام لەسەر ئەمە دوا (لۆقا ٤:٤٣؛ ٨:١؛ ٢٣:٤٢، ٤٣). ئەو فەرمووی بەدواکەوتوانی دەبێ سەبارەت بەمە مزگێنی بدەن. ئەگەر کەسێک لێت نزیک بێتەوە تاکو دەربارەی پادشایەتی خودا لەگەڵت بدوێ، دەبێ خاوەنی کام ئایین بێ؟—مەتتا ٢٤:١٤ بخوێنەوە.
بەدواکەوتوانی عیسا بەشێک نین لەم جیهانە بەدکارە. تۆ دەتوانی بیانناسیتەوە بەوەی کە ئەوان لە کێشە سیاسی و نەتەوایەتییەکاندا بێلایەنن (یۆحەننا ١٧:١٦؛ ١٨:٣٦). هەروەها لاسایی هەڵسوکەوت و کردارە خراپەکانی جیهان ناکەنەوە.—یاقوب ٤:٤ بخوێنەوە.
مەسیحییە ڕاستەقینەکان بە شێوەیەکی تایبەت یەکتریان خۆش دەوێ. لە وشەی خودادا فێردەبن ڕێز لە هەموو ڕەگەزەکان بگرن. هەرچەندە ئایینە چەوتەکان زۆرجار پشتگیریان لە جەنگی نێوان نەتەوەکان کردووە، خوداپەرستە ڕاستەقینەکان ئەمە ڕەت دەکەنەوە (میخا ٤:١-٣). لە بری ئەمە خۆنەپەرستانە کات و کەلوپەلی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ ئەوەی هان و یارمەتی کەسانی تر بدەن.—یۆحەننا ١٣:٣٤، ٣٥؛ ١ یۆحەننا ٤:٢٠ بخوێنەوە.
٤. ئایا تۆ دەتوانی ئایینی ڕاستەقینە بناسیتەوە؟
کام ئایین سەرچاوەی هەموو فێرکارییەکانی وشەی خودایە، ڕێزی ناوی خودا دەگرێ و هەروەها بانگەشەی پادشایەتی خودا دەکا وەک تاکە هیوای مرۆڤایەتی؟ کام کۆمەڵە خەڵکیان خۆشدەوێ و خۆ لە شەر لادەدەن؟ بیرو بۆچوونت سەبارەت بەمە چییە؟—١ یۆحەننا ٣:١٠-١٢ بخوێنەوە.